رووداو دیجیتاڵ
عومەر ساڵێکە لەنێو خانوووە تازەکەی لە گەڕەگی زەمەقی هەڵەبجە نیشتەجێیە، تێچووی خانووەکەی نزیکەی 40 هەزار دۆلار بووە، بەڵام دەڵێت، ئێستا ئەگەر بیفرۆشێتەوە، ئەوا بەهاکەی نیوەی تێچووەکەی بۆ دەکاتەوە.
بەگوتەی بەشێک لە دانیشتووانی هەڵەبجە، مانگ دوای مانگ بەهای زەوی و خانووەکانیان کەم دەبێتەوە.
عومەر تۆفیق، کە پیشەی سەرتاشە لە هەڵەبجە باس لەوە دەکات، "ئەم خانووە کە کڕیومە، تێچووەکەی چوار دەفتەر [40 هەزار دۆلار] بووە، بەڵام ئێستا ناگاتە دوو دەفتەر [20 هەزار دۆلار]. ئەم گەڕەکە شۆستەی هەیە و قیری نییە. مەنهۆڵی وای تێدایە کە نەک ئۆتۆمبێل، بەڵکو دەبابەی حکومەتیش لێی بدات هەلا هەلای دەکات".
نرخی خانوو و زەوی لە هەڵەبجە بەپێی گوتەی خاوەن نویسنگەکانی کڕین و فرۆشتن، بەراورد بە سێ مانگی رابردوو لە %15 بۆ 20% دابەزیوە. دەگوترێت خانوو هەیە بەهاکەی بڕی 30 هەزار دۆلار دابەزیوە.
وەرزێر عەبدولرەحمان، خاوەنی نوسینگەیە لە هەڵەبجە و باس لەوە دەکات، "زەوی بە بەراورد بە سێ مانگ لەمەوبەر زۆر دابەزیوە، ئەگەر زەوییەک ئەوکاتە بە یەک دەفتەر [10 هەزار دۆلار] بووبێت، ئێستا بایی 60 بۆ 70 وەرەقەیە [شەش بۆ حەوت هەزار دۆلار]. نەبوونی خزمەتگوزاری و بەپارێزگانەبوونی هەڵەبجە هۆکارن".
خاوەن نووسینگەیەکی دیکەش پێی وایە، راوەستانی پرۆژەکان لە شارەکەیدا هۆکاری دابەزینی بەهای زەوی و خانووە.
وەرزێر غەریب، خاوەنی نوسینگەیە و دەڵێت، "هۆکاری راوەستانی بازاڕ تەواونەبوونی پردی تووەقوت و نەبوونی خزمەتگوزاری و ئەو بەڵێنانەیە کە بە هەڵەبجە دراوە و جێبەجێ نەکراون".
جووڵەی بازاڕی خانووبەرە بەراورد بە ساڵی رابردوو تا دێت سست دەبێت، خۆ ئەگەر بەراورد بە سەرەتای قەیرانی دارایی بکرێت، هەم بازاڕەکە لە ئاست نەبووندایە، هەم نرخی خانوو بۆ نیوە و هەندێکجار زۆر زیاتریش دابەزیوە.
خاوەن نووسینگەیەک لە هەڵەبجە بە رووداوی گوت، "ئەگەر ساڵی رابردوو لە مانگێکدا 50 گرێبەستی کڕین کرابێت، ئەوا ئێستا لە مانگێکدا بە کڕین و گرێبەستی کرێدانەوە، تەنیا 15 گرێبەست دەکرێن".
نرخی زەوی و خانووبەرە لە خوارووی هەڵەبجە، بۆ نموونە لە گەڕەکی زەمەقی، بەراورد بە گەڕەکەکانی ئەندازیاران، مامۆستایان و بەختیاری بەشێوەیەکی
بەرچاو دابەزیوە. بەهای بەرزتری ئەو گەڕەکانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئاوەدانترن و خواستی زیاتریان لەسەرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ