وەزارەتی پەروەردە 10 رێنمایی بۆ سیستمی LPG و بەکارهێنانی غاز لە ناوەندەکانی خوێندن دەردەکات


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان 27 رێنمایی بۆ 9 بابەت دەرکردووە کە 10یان تایبەتە بە سیستمی غاز و بەکارهێنانی غاز لە قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکان. داوای راگرتنی بەکارهێنانی سیستمی LPGـی کردووە تادڵنیابوونەوە لە کوالێتیی غازەکە و سەلامەتیی ئامێرەکان لەلایەن تایبەتمەندیی مۆڵەتپێدراوە. جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانیش دەڵێت، "دەست بە جێبەجێکردنی رێنماییەکان دەکرێت و ئێستا ئاماری قوتابخانەکان کۆدەکەینەوە کە غاز بەکاردەهێنن."
 
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان کە رۆژی، 24-11-2022، بە ژمارە 561 ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پاریزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی کردووە، نووسراوەکە بایەخی یەکەمی بۆ بابەتی بەکارهێنانی سووتەمەنییە و لە سیستمی LPG و غازدا 10 رێنمایی تێدایە، لەوانە دەبێت ئەو ماڵ و شوێنانەش پشکنین بکەن کە غاز بەکاردەهێنن و شوێنەکانیان نزیکە لە ناوەندەکانی خوێندنەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 24-11-2022، عومەر محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند " ئەو رێنماییانە لەپێناو سەلامەتیی ئەو کەسانەیە لە ناوەندەکانی خوێندندان، ئێمە سەرەتای هەفتەی داهاتوو داوا دەکەین ئامارێکی تەواومان هەبێت لەبارەی ئەو ناوەندانەی خوێندن کە سیستمی غاز بەکاردەهێنن و دواتر رێنماییەکان جێبەجیدەکرێن."
 
بەپێی نووسراوەکەی وەزارەتی پەروەردە بۆ سیستمی LPG  و بەکارهێنانی غاز ئەم رێنماییانە دراون:
 
1- هەموو ئەو ناوەندانەی خوێندنی ناحکومی غازی LPG بەکاردەهێنن پێویستە بەکارهێنانی ئەو غازە رابگرن تادڵنیابوونەوە لە کوالێتیی غازەکە و سەلامەتیی پاکێجی ئامێرەکان لەلایەن تایبەتمەندیی مۆڵەتپێدراوەوە.
 
2- پێویستە ئەو ناوەندانەی خوێندنی ناحکومی غازی LPG بەکاردەهێنن پشکنینی کوالێتیی جۆری غازەکەیان لەلایەن لایەنی فەرمیی تایبەتمەندیی مۆڵەتپێدراوەوە بەدەستبهێنن و لەکاتی کارکردن لەو بابەتە دەبێت پاش دەوامی فەرمی قوتابخانە بێت و نابێت لەکاتی بوونی مامۆستایان و قوتابییان ئەو جۆرە کارە بکرێت.
 
3- هەر ناوەندێکی خوێندنی ناحکومی غازی LPG بۆ گەرمکەرەوە بەکاردەهێنێت، پێویستە لەپاش دەوامی قوتابییان پشکنینی سەلامەتیی سیستمەکە بکاتەوە بەگوێرەی رێنمایی لایەنی فەرمیی تایبەتمەندی مۆڵەتپێدراو بەڵگەنامەی ئەو پشکنینە لە تۆماری خۆیدا بهێڵێتەوە و پێشانی سەرپەرشتیارانی قوتابخانەی بدات.
 
4- لیژنەکانی تایبەتمەند بەو بوارە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانیش پشکنین بۆ سەلامەتیی ژینگەی دەورووبەری قوتابخانە بکەن، هەر بابەتێکی وەکو غازی LPG و بەنزین و سووتەمەنی ئاسان بۆ گڕگرتن هەبێت پێویستە لە ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومی دوور بخرێتەوە.
 
5- فرۆشگەی ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و نا حکومی رێگەپێدراونین غازی  LPG بەکاربهێنن بۆ ئامادەکردنی خواردن، ئەگەر هاتوو لەناو ئەو ناوەندانەی خوێندن ئەو جۆرە تەنیا بۆ مەبەستی ئامادەکردنی خواردن بەکاربهێندرێت.
 
6- فرۆشگەی ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومی بووتڵی غازی ئاسایی "شل" لەناو ژووری فرۆشگەکان دابنێن، بەڵکو دەبێت لە دەرەوەی ژوورەکە بێت و دوور بێت لە پۆل و ژووری کارگێڕی و مامۆستایان و فەرمانبەران، رۆژانە لانیکەم سێ جار پشکنین بۆ سەلامەتی و دڵنیابوونەوە لە دروستی گەیاندنی ئەو غازە بۆ ناو فرۆشگەکە ئەنجامبدرێت، لە پێش دەوام و لەکاتی دەوام و پاش دەوامی خوێندن، بەپێچەوانەوە بەڵێندەری فرۆشگەکە هەموو بەرپرسیارێتییەکی یاسایی دەکەوێتە ئەستۆ ئەگەر کەمتەرخەمی و کەموکوڕییەک روویدا.
 
7- لیژنەی فرۆشگەکان لە ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومی رۆژانە دەبێت چاودێری و سەرپەرشتیی سەلامەتیی فرۆشگەکان بکەن بەشێوەیەکی زۆر باش، بەپێچەوانەوە بەرپرسیار دەبن.
 
8- ئەو بەڵێندەرانەی کە فرۆشگەی ناوەندەکانی خوێندنیان لایە بەهیچ جۆرێک نابێت چاککردنەوەی "صيانة" و ئامێرەکانی غاز ئەنجامبدەن لەکاتی دەوامی ئاسایی قوتابخانە، دەبێت هەر چاککردنەوەیەک لەلایەن شوێنێکی مۆڵەتپێدراوی فەرمییەوە بێت.
 
9- لە چواردەوری ناوەندەکانی خوێندن هەر ماڵێک یان شوێنێکی کەرتی تایبەت و گشتی کە غازی LPG بەکاردەهێنن پێویستە پشکنینی سەلامەتی بۆ بکەن بەگوێرەی رێنمایی وەزارەتی ناوخۆ و لەلایەن لایەنی تایبەتمەندی مۆڵەتپێدراوەوە.
 
10- بەڕێوەبەر و یاریدەدەرەکان بەرپرسن لەوەی تەواوی ئەو ئامێرانەی کە بە غاز کاردەکات لە سەرەتای دەوام و کۆتایی دەوام پشکنینیان بۆ بکرێت، بەتایبەتی چێشتخانەی باخچەکانی منداڵان دەبێت زۆر ئاگاداری ئەم بابەتە بن.
 
لەبارەی بەنزینیشەوە دوو خاڵی دیاریکردووە کە تێیاندا هاتووە، "لە ناوەندەکانی خوێندن رێگەپێدراو نییە بەکاربهێندرێت، هەر موەلیدەیەک بە سووتەمەنی بەنزین کار بکات دەبێت دووربێت لە ژوورەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیان و خوێندکاران، هەروەها لە چواردەوری ناوەندەکانی خوێندن هەر ماڵێک یان شوێنێکی کەرتی تایبەت و گشتی کە بەنزین بەکاردەهێنێت پێویستە لە رێگەی لیژنەکانی قایمقامییەت ئاگاداربکرێنەوە لە سەلامەتی بەکارهێنانیان."
 
هەرچی پەیوەندی بە نەوتەوە هەیە، وەزارەتی پەروەردە سێ خاڵی دیاریکردووە لە یەکەمیان باسی لەوەکردووە، دەبێت کۆگەکردنی نەوت لە دووری ژوورەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیان و خوێندکاران بێت، پێویستە بە دروستی نەوت عەمباربکرێت و زیان نەگەیێنێت.
 
هەروەها پێویستە لە شوێنی سەرکراوە نەوت بکرێتە سۆپاکانەوە و پێش بەکارهێنان بۆنی نەوتەکە بکرێت و لێی دڵنیاببنەوە و دواتریش بەڕێوەبەر و یاریدەدەرەکان بە بەرپرس دیاریکراون لە پشکنینی ئەو ئامێرانەی بە نەوت کاردەکەن لە سەرەتا و کۆتایی دەوام.
 
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ماددە کیمیاییەکانیش ئەوە دیاریکراوە دەبێت کارگێڕیی قوتابخانە لە ماوەی بەسەرچوونیان دڵنیاببنەوە و شێوازی کۆگاکردنیشیان بەشێوەی دروست و زانستی بێت. رێنمایی تەواو بۆ ئامێرە کارەباییەکان و رووداوە سرووشتییەکانیش لە نووسراوەکەدا باسکراوە، جگە لە بەشە ناوخۆییەکان و هاتووچۆی قوتابیان و خوێندکاران و بیری ئاو و جگەرەکێشان و پابەندبوون بە رێکارەکانی سەلامەتی.
 
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، بەهۆی تەقینەوەی سیستمێکی شۆفاژ، خانوویەکی سێ نهۆمی لە سلێمانی رووخا و بەهۆیەوە 15 هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و 12ی دیکە برینداربوون. هەروەها لە تەقینەوەکەی دهۆکیش کە بەهۆی غازەوە بوو، 5 کەس گیانیان لەدەستداوە و 32 کەسیش برینداربوون.
 
زیاتر لە 18 ساڵە سیستمی شۆفاژ و غازی LPG لە هەرێمی کوردستان پەرەی پێدراوە؛ لە هەولێر 15 کۆمپانیا و لە سلێمانی 33 کۆمپانیا مۆڵەتی دانانی سیستمی شۆفاژیان هەیە، بەڵام رووداوەکەی سلێمانی و دهۆک کێشەکانی سیستەمەکە و غازەکەیان نیشاندا.