ئومێد خۆشناو: ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە و هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە

24-11-2022
هیدایەت جان
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری هەولێر دەڵێت، سەرباری هەموو ئەو ئامادەکارییانەی لە وەرزی هاوینەوە ئەنجامیانداوە، بەهۆی هاتنی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین، "ئەگەری هەستانی لافاو هەر هەیە و سەرجەم شارەوانییەکانی هەولێر و دەوروبەر خراونەتە ئامادەباشییەوە".
 
رۆژی پێنجشەممە، 24-11-2022، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "دوای هۆشداریی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی لە هاتنی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین، کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەکان ئەنجامدا و هەڵسەنگاندنمان بۆ سەرجەم ئەو ئامادەکارییانە کرد کە لە رابردوو ئەنجاممانداوە".
 
پارێزگاری هەولێر دەڵێت: "لە وەرزی هاوینەوە دەستمانکرد بە ئامادەکاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی لافاو و مەنهۆڵ و رێرەوە سرووشتییەکانی ئاومان پاککردەوە بۆ ئەوەی مەترسیی لافاو کەم بکەینەوە، بەڵام ئێستاش ئەو مەترسییە هەر هەیە".
 
پارێزگاری هەولێر پێشبینی ئەوە دەکات ئەمشەو شەپۆلێکی چڕی بارانبارین لە هەرێمی کوردستان دەستپێبکات و وەکو ئاماژەی پێدەدات: "دوانیوەڕۆی سبەی کاریگەریی شەپۆلەکە زۆر بەهێزدەبێت و سەرجەم سنووری پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە، کاژێر 03:00ی بەرەبەیانی رۆژی هەینی تا کاژێر 03:00ی بەرەبەیانی رۆژی شەممە زیاترین کۆبوونەوەی ئاوی باران لە پارێزگای هەولێر روودەدات".

 

 
بەگوتەی ئومێد خۆشناو: "پێشبینی دەکرێت لەماوەی کاژێرێکدا 15 ملیم باران ببارێت، لە هەرشوێنێکیش باران لە کاژێرێکدا نزیک 20 ملیم ببێتەوە، ئەگەری هەستانی ئاو و دروستبوونی لافاوی لێدەکەوێتەوە، بۆیە بەپێی پێشبینییەکانمان، ئەگەرهەیە سەرووی 35 ملیم باران لە دەشتاییەکان و 50 ملیمیش لە ناوچە شاخاوییەکان ببارێت".
 
پارێزگاری هەولێر دووپاتیدەکاتەوە: "ئەمساڵ زیاتر لە 150 کیلۆمەتر رێڕەوە ئاوییەکانمان لە دەوروبەری هەولێر پاککردووەتەوە و هەر زێدەڕۆییەک هەبووبێت کە پار بووبێتە هۆکاری هەستانی لافاو، لە کەندە سرووشتییەکان و رێرەوەکانی ئاو، لە دەوروبەری هەولێر و کۆمەڵگاکان و نزیک گوندەکان، سەرجەمیان هەڵگیراون، هاوکات چەندین ئاوەڕۆی لوولەیی و سندووقی لەو شوێنانە دانراوە کە پێشتر لافاویان لێ هەڵدەستا و سەرجەم مەنهۆڵ و چەپەرەکانی ناوشاری هەولێر پاککراونەتەوە".
 
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارێزگای هەولێر بڕیاری دروستکردنی ژوورێکی ئۆپەراسیۆن دراوە بۆ ئەوەی هەرکاتێک رێژەی بارانەکە بەرزبووەوە ئەو ژوورە دەستبەکاربێت بۆ سەرپەرشتیکردنی دۆخەکە. لەوبارەوە پارێزگاری هەولێر دەڵێت: "سەرجەم شارەوانییەکان ئێشکگردەبن و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکان و سەرۆکایەتیی شارەوانی و شەش شارەوانییەکەی ناوشار و شارەوانییەکانی دەوروبەر چەند هێڵێکی گەرمیان لە ماڵپەڕ و پەیجەکانیان بڵاوکردووەتەوە بۆ ئەوەی هەرکات پێویستی کرد هاووڵاتیان پەیوەندی بە شارەوانیی سنووری خۆیانەوە بکەن".
 
ئومێد خۆشناو داوا لە دانیشتووانی پارێزگای هەولێر دەکات: "هاوکاریی تیمەکانی حکومەت بن و لە هەر شوێنێک لافاو روویدا، رێگە لە تیمەکان نەگرن و ئۆتۆمبێل و ئامێری قورس لە لێواری رێرەوە ئاوییەکان و تاوەکو دەکرێت لە کۆڵانەکانیش رانەگرن، لەبەرئەوەی رووداوەکانی پار دەریانخست کە ئۆتۆمبێلەکان زیانی لافاو زیاتر دەکەن".
 
پارێزگاری هەولێر دەشڵێت: "هاووڵاتییان لە لێواری کەندە سرووشتییەکان دوور بکەونەوە، ئێستا بەشێک لە حەساری ئاژەڵان هەڵگیراون و ئەوانەی ماون پێویستە چۆڵبکرێن لەبەرئەوەی مەترسین بۆ دروستبوونی لافاو".
 
بە گوتەی ئومێد خۆشناو: "لە هەر شوێنێک ئاو گەیشتە ئەو رادەیەی بچێتە ناو ماڵەکان، یەکەم کار کە پێویستە هاووڵاتییان بیکەن، کوژاندنەوەی هێڵی سەرەکیی کارەبایە کە مەترسییەکان کەمتر دەکاتەوە، لەو گەڕەکانەش کە لافاو بەرزبوویەوە، داوامان لە هاووڵاتییانە بچنە شوێنی بەرز، ئەگەر خانووەکانیان دوو نهۆمیی بێت، بچنە نهۆمی دووهەم و ئەگەریش یەک نهۆمییە، بچن بۆ سەربانەکان".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە