بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشین: بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی چاوەڕێی پەرلەمان و حکومەتین

24-11-2022
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری خانەنشینانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق چاوەڕێی بڕیاری پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی وەزیرانن. دەشڵێت: "یاسای خانەنشینی هەموارکراوی عێراق لە یاسای خانەنشینی هەرێمی کوردستان دادپەروەرترە."
 
دوێنێ دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە 27ی ساڵی 2006 و پابەندکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی ژمارە 9ی ساڵی 2014ی هەموارکراوی عێراق.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24-11-2022، حازم ئیسماعیل گۆران، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "هیوادارم یاسای خانەنشینی یەکگرتووی ژمارە 9ی ساڵی 2014ی هەموارکراوی عێراق لە هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ بکرێت، چونکە ئەو یاسایە دادپەروەریی زیاتری تێدایە بەراورد بە یاسای خانەنشینیی هەرێمی کوردستان."
 
سەبارەت بە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، حازم ئیسماعیل گوتی: "چاوەڕێی بڕیاری پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی وەزیرانین، دەبێت ئەوان بڕیارەکە لە هەرێمی کوردستان پەسند بکەن ئەو کات دەتوانین کاری پێ بکەین."
 
بە گوتەی بەرێوەبەری گشتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، پێشتر ئەوانیش داوایان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە کە کار بە یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014ی هەموارکراوی عێراق بکرێت. حازم ئیسماعیل گوتی: "بەدەیان جار نووسراومان کردووە و داوای جێبەجێکردنیمان کردووە، بەڵام پێشتر لەبەر ئەوەی سیستمێکی ئەلکترۆنیمان نەبوو نەماندەزانی ئەگەر ئەو یاسایە جێبەجێ بکەین ئەوە چەند داهاتی پێویستە، بۆیە یاساکە جێبەجێ نەکرا."
 
حازم ئیسماعیل گوتیشی: "ئامانجی یاسای چاکسازیش ئەوەیە کە ئەو پارەی دەگەڕێتەوە بۆ خزمەتی خانەنشینان بێت."
 
رۆژی چوارشەممە، 23ی تشرینی دووەمی 2022، دادگەی فیدراڵیی عێراق تاوتوێی سکاڵایەکی کرد کە لەلایەن ژمارەیەک خانەنشین و بەرپرسی رێکخراوی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستانەوە لەسەر هەریەک لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی تۆمار کرابوو، دواجار بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە 27ی ساڵی 2006 و پابەندکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی ژمارە 9ی ساڵی 2014ی هەموارکراوی عێراق.
 
لە یاسای خانەنشینی ژمارە 27ى ساڵى 2006 کە لە هەرێمی کوردستان کارى پێدەکرێت، کەمترین مووچەى خانەنشینى نابێت لە 150 هەزار دینار کەمتر بێت، بەڵام بەگوێرەى یاساى هەموارکراوى خانەنشینى یەکگرتووى عێراق، کەمترین مووچەی خانەنشینی لە 500 هەزار دینار کەمتر نییە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە