زانکۆی سلێمانی: هیچ خوێندکارێک لە زینداندا نەماوە

24-11-2022
نازەنین گۆران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ دوایین دوو خوێندکار لە زیندان ئازادکران و ئێستا هیچ خوێندکارێک لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە زیندان نییە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 24-11-2022، د. پێشڕەو حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران بە رووداوی گوت، "تەنیا دوو خوێندکار لە زیندان مابوون، بەڵام ئەمڕۆ سەردانی ئاسایشی سلێمانیم کرد و هەردوو خوێندکارەکەم بە دەستی خۆم رادەستی کەسوکاریان کردەوە، ئێستا هیچ خوێندکارێک لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە زیندان نەماوە."
 
بە گوتەی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران، ئەگەر هەر کەسێکیش لە زیندان مابێتەوە ئەوە خوێندکار نەبووە.
 
لەبارەی دەوام لە زانکۆی سلێمانی، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران گوتی، بە شێوەی یاسایی دەوام هەیە، بەڵام بەشێکی زۆر لە کۆلێژەکان خوێندکارانیان دەوام ناکەن، چونکە ساردبوونەتەوە لە خوێندن، تاڕادەیەک بەشە پزیشکییەکان زیاتر دەوام دەکەن.
 
دەستگیرکردنی ئەو خوێندکارانە دوای ئەوە هات، هەفتەی رابردوو لە زانکۆکانی سلێمانی، راپەڕین، گەرمیان و هەڵەبجە خوێندکاران گردبوونەوە و داوای خەرجکردنی دەرماڵەیان دەکرد؛ رۆژی دووشەممەی رابردوو نزیکەی 100 خوێندکار دەستگیرکران.
 
رۆژی سێشەممە 22-11-2022، تیمێکی سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی لەگەڵ تیمێکی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی کۆبوونەوە، دواتر د. پێشڕەو حەمەجان بە رووداوی گوت، "بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی سەرجەم خوێندکاران ئازاد دەکرێن."
 
دوای ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی بەشە ناوخۆییەکانیان و گەڕاندنەوەی دەرماڵەکانیان، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بۆ ساڵی خوێندنی 2021 - 2022 زیاتر لە شەش ملیار دینار وەکو هاوکاریی مانگانە بۆ خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان خەرج بکات. ئەو پاڵپشتییەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەبارەوە دابوو بۆ شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ بوو.
 
بڕی پاڵپشتییە داراییەكە 40 هەزار دینار بوو بۆ خوێندكارانی ناو شار و 60 هەزار دیناریش بۆ قوتابییانی دەرەوەی شار. بەپێی ئاماری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان نزیكەی 130 هەزار ‏خوێندكار لە وەرگرتنی ئەو پاڵپشتییە داراییە سوودمەند بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە