بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ راگرتنی سیستمی غاز کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە

24-11-2022
پێشەوا بەختیار
خاوەنی پرۆژەیەک دەڵێت، نابێت حکومەت تەڕ و وشک پێکەوە بسووتێنێت
خاوەنی پرۆژەیەک دەڵێت، نابێت حکومەت تەڕ و وشک پێکەوە بسووتێنێت
A+ A-
 
رووداو - سلێمانی
 
دوای گریان و ناڵە، دیمەنە ناخ هەژێن و چیرۆکە تراژیدیاکانی دوو رووداوی تەقینەوەی غاز لە سلێمانی و دهۆک، حکومەت خەڵکی بەئاگاتر کردەوە بۆئەوەی زیاتر چاودێریی سیستمی غازی ماڵان و شوێنە گشتییەکان بکرێت، وایکرد حکومەتیش کارکردن بە سیستمی غاز رابگرێت.
 
لە یەکێک لە کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەکانی هەولێر، سەردار سابر، خاوەنی پرۆژەکە بە رووداوی گوت، حکومەت لەجیاتی بڕیاری کارپێنەکردن دەبێت، بڕیار لەوە بدات زیاتر چاودێریی سیستمەکە بکات و تەڕ و وشک پێکەوە نەسوتێنن.
 
سەردار سابر، خاوەنی پرۆژەکانی لانە ستی و پرۆش توین تاوەر دەڵێت، "گەر حکومەت بڕیاری راگرتنی ئەم غازە بدات و جێبەجێ بکرێت، ئەوا واتە کۆتایی دنیا، بەڵام هەقی خۆیەتی لێپێچینەوەی تووند و بڕیاری تووندی لەسەر بدات، بۆئەوەی رووداوی دیکە روونەدات."
 
لە هەڵەبجە رووداو چووە یەکێک لەو جێگایانەی بە غاز ماسی بۆ کڕیارەکانی دەبرژێنێت و خاوەنەکەی دەڵێت، گەر غازیان لێ قەدەخە بکرێت، ئەوا دەبێت دایبخەن و بێ کار دابنیشن، چونکە نازانن لە بەرامبەردا چی بەکاربهێنن.
 
تەحسین ماسی فرۆش بە رووداوی گوت، "گەر غاز بەکارنەهێنین، دەبێت دار ببڕینەوە، گەرنا هیچی دیکە نییە بەکاریبهێنین و دەبێت ژینگەی خۆمان پیس و ناشرین بکەین، چونکە کارەکەمان بە غاز دەڕوات."
 
لە بەرامبەر بەکارنەهێنانی گازی شل لە هەرێمی کوردستان، بەکارهێنانی بتڵی غاز و کارەبا و نەوتە بۆ گەرمکردنەوە و پێداویستیی رۆژانە، بەڵام ئەوانیش کەم و گران بەردەستن، گەر ئەوانیش بە گونجاوی مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت مەترسیدارن، چونکە هەموو پرۆژە نیشتەجێبوونە گرانبەهاکان سیستمی غازی شل "ئێڵ پی جی" بەکاردەهێنن.
 
ژیوار فەخرەدین، ئەندازیاری میکانیکی باسی لەوە کرد، "دەبێت لە بەرامبەر بەکارنەهێنانی غازی شل، سیستمی تایبەت بەکاربهێنین بۆئەوەی لە کێڵگە گازییەکانەوە بە بۆریی تایبەت غاز بێتە نێو سیستمی غازی ماڵان لە شارەکان، چونکە ئەم سیستمەی ئێستا جێگرەوەی سیستمەکانی پێشووترە کە کارەساتی گەورەی دروستکردووە و نابێت بگەڕێینەوە سەری."
 
رووداوەکە وەزارەتی خوێندنی باڵاشی هێنایە دەنگ و ئەوانیش بڕیاریان داوە پێداچوونەوە بە سیستمی غازی بەشە نێوخۆییەکان بکەن و لیژنە بۆ چاودێریکردنیان پێکبهێندرێت، بەڵام لەدوای بڕیاری راگرتنی سیستمی غازی لە هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا لە کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون و شوێنە گشتییەکان جێبەجێ نەکراوە و هەر بەکاردەهێندرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە