رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانیش لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر هێڵن. فەوزی هەریری دەڵێت، بەڵێن بە هەرێمی کوردستان دراوە "لەم هەفتەیەدا" کێشەی 320 ملیار دینارەکە چارەسەر بکرێت.
فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەشداریی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کرد، باسی لە هەوڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا، چوونی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و پەسندکردنی یاسای قەرزی کرد.
فەوزی هەریری ئاماژەی بە رووداوەکانی ساڵی 2003 کرد، گوتی هەرێمی کوردستان پێش ساڵی 2003 نیمچە سەربەخۆ بووە، "تەنیا نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکانمان نەبوو. دۆستەکانمان لە ئەمریکا و بەریتانیا گوتیان ئەمە عێراقێکی نوێیە و وەرن پێکی بهێنین.. دەستوورێکمان دانا کە بە دڵی هەرێمی کوردستان، سوننە و شیعەبوو، بەڵام 17 ساڵ تێپەڕیوە و بەغدا ئامادە نییە دان بەو دەستوورەدا بنێت".
بە گوتەی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بەغدا هەموو هەوڵێک دەدات و لە "بچووکترین دەرفەت" دەگەڕێت بۆ ئەوەی بەشێوەی مەرکەزیەت مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکات.
"یاسای قەرز نابەجێ بوو"
کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لەدوای پەسندکردنی یاسای قەرز لە سەرەتای ئەم مانگە "قووڵتربوونەوە"، فەوزی هەریری ئاماژەی بەوە کرد، کێشەی هەولێر لەگەڵ بەغدا تەنیا پرسی مووچە نییە، بەڵکو کێشەی نەتەوەیی، دەستوور، فیدراڵییەت، ناوچە دابڕێندراوەکان و یاسای وزەش بەشێکی دیکەن لە کێشەکان.
فەوزی هەریری رایگەیاند، یاسای قەرز "نابەجێ بوو و کاتەکەی خراپ بوو"، کەسانێک وا دەزانن ئەگەر دووژمنایەتیی کورد بکەن دەنگیان زیاد دەکات لە ناوچە شیعەنشینەکان... ئەو بڕیارە لەکاتێکی باش دەرنەچوو و کێشەکانی لەنێوان هەولێر و بەغدا قووڵتر کردەوە".
حکومەتی عێراق بەپێی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دەبێت، مانگانە و بۆ ماوەی سێ مانگ 320 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت کە مانگەکانی، ئاب، ئەیلوول و تشرینی یەکەم بوون. دوای پەسندکردنی یاسای قەرز 320 ملیارەکەی مانگی تشرینی یەکەم نەنێردراوە، فەوزی هەریری گوتی "بەڵێن بە هەرێمی کوردستان دراوە لەم هەفتەیەدا کێشەکە چارەسەر بکرێت".
هەوڵێکی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان
بۆچوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەیە دۆستەکانی کورد هاوکار و هاوئاهەنگ بن لە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، فەوزی هەریری رایگەیاند، "سەرۆکی هەرێمی کوردستان خۆی بە ئیمانوێل ماکرۆنی گوت، ئێوە دۆستی ئێمەن.. ئەمرمان پێمەکەن، بەڵام وەرن یارمەتیمان بدەن".
فەوزی هەریری رایگەیاند، ئێستا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیی بەردەوامدان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و لایەنەکان، بەڵام "دیارە سەرۆکوەزیرانی عێراق ناتوانێت هەموو کارەکان بە دڵی خۆی بکات".
لەبارەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، دۆستەکانی عێراق، ئەوانەی بەرژەوەندی و سەقامگیریی عێراقیان دەوێت، دێنە پێش بۆ ئەوەی هاوئاهەنگی لە چارەسەرکردنی کێشەکان بکەن. کاتێک پرسیاری لێکرا هەوڵی نێوەندگیریی نێودەوڵەتی هەیە؟ ئەو گوتی "بەڵێ" هەموو لایەنەکان دەیانەوێت ئەو کێشەیە، کە نەدەبوو بهاتایەتە پێش، چارەسەر بکەن.
فەوزی هەریری پێی وایە، پەرلەمانتارە کوردەکانی پەرلەمانی عێراقیش دەبێت بەدواداچوون بۆ ئەو مەلەفانە بکەن، چونکە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکە کە کێشە نەکەوێتە نێوان هەولێر و بەغدا، کێشەکان "تەنیا لە بەرژەوەندیی داعش و تیرۆریستانە".
لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال رازین
حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق رێککەوتنێکیان لەبارەی بەڕێوەبردنی شنگال واژۆ کرد، فەوزی هەریری گوتی، "ئێمە تاوەکو ئێستا رازین لە شێوازی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال.. بەشێک لە خاڵەکانیش دەستکراوە بە جێبەجێکردنیان بۆ نموونە: هێنانی پۆلیسی فیدراڵی بۆ ناوچەکە. "پشتگیری لێدەکەین و چاودێریی دەکەین.. ئێستا ئاسایی بەڕێوەدەچێت و رازین لێی".
لەبارەی کێشە کەرکووک فەوزی هەریری دەڵێت، گەورەترین کێشەی ناوچە دابڕێندراوەکانە، "ئەگەر کێشەی کەرکووک چارەسەر بکرێت، هەموو کێشەکان چارەسەر دەکرێن. "دەبێت ماف و شایستەکانی کورد و کوردستانییەکان پارێزراو بێت".
فەوزی هەریری جەختی کردەوە، بۆچوونی سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە بەشێکین لە عێراق، بۆیە ئێمە ئەرک و مافمان هەیە، ناکرێت تەنیا ئەرکەکانمان جێبەجێ بکەین و مافەکانمان نەدەنێ، "بەغدا دەبێت لەوە تێبگات".
لەبارەی سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، فەوزی هەریری رایگەیاند، لەسەر هەموو خاڵەکان رێککەوتنیان هەیە، بۆیە ناردنی شاند هیچ شتێک ناگۆڕێت لە ئێستادا. شاندی هەرێمی کوردستانیش ئامادەن بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی بودجە بچنە سەردانی عێراق بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ