خاشاکی دووکاندارانی سلێمانی بارگرانیی بۆ کارمەندانی ژینگەپارێز دروستکردووە

رووداو - سلێمانی

رۆژانە لە شاری سلێمانی هەزار و 200 تۆن خۆڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە و فڕێدەدرێت. بازاڕەکانی سلێمانی زۆرترین خۆڵ و خاشاکیان لێکۆدەکرێتەوە، ئێوارەی هەموو رۆژێک 95 کارمەندی ژینگەپارێز و 20 ئۆتۆمبێلی شارەوانی دەست بە پاککردنەوەی بازاڕەکان دەکەن.
 
بەشێکی زۆری ئەو کارمەدە ژینگەپارێزانە عەرەبن و لە کاژێر 05:00ـی ئێوارەوە تاوەکو کاژێر 11:00ـی شەو کاردەکەن و مووچەیان لەنێوان 300 بۆ 400 هەزار دیناردایە. کەسانێکی زۆر کەم لە هاونیشتمانییان هاوکارییان دەکەن.
 
مونیر عەلی، کارمەندی ژینگەپارێز بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەو فرۆشیار و دووکاندارانە هەرگیز ناڵێن کە کرێکار کاردەکات و ماندوودەبێت. بەڕاستی خۆڵ و خاشاکەکە زۆرە".
 
کارمەندێکی دیکەی ژینگەپارێز کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، ئاماژەی بەوە کرد "ئومێدەوارین عەرەبانچی و دەستگێڕ و فرۆشیارانی سەر شەقامەکان هاوکاریی زیاترمان بکەن. ئەوانەی کە عەرەبانەیان پێیە پیسیی فڕێدەدەنە سەر شەقامەکان و جێیدەهێڵن بەبێ ئەوەی عەلاگە یان شتێك بەکاربهێنن. بتڵی شکاوی شووشە فڕێدەدەنە سەر شەقامەکان. کێشەمان لەگەڵ سەوزەفرۆشەکانە، ئەوان سەوزە بەسەرچووەکان لەسەر شەقامەکە فڕێدەدەن".
 
فەیسەڵ زیاد کە دووکاندارێکە و ئێواران یارمەتیی کارمەندانی ژینگەپارێز دەدات، بە رووداوی راگەیاند "دەبێت ئێمەی دووکاندار خاشاکەکە فڕێنەدەینە سەر شەقامەکە. من هەموو رۆژێک خاشاکی خۆم پاکدەکەمەوە. ئەو کارمەندە ژینگەپارێزانەیش ماندوودەبن و پێویستە هاوکارییان بکەین".