قایمقام و بەڕێوەبەرانی ناحیەکانی دیالە هەڵبژێردران و تەنیا یەک پۆست درایە کورد
رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە کۆبووەوە و دەنگیان لەسەر زۆربەی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکانی پارێزگاکە دا. تەنیا پۆستی قایمقامی قەزای خانەقین دراوەتە کورد.
ئەوس مەهدی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، رۆژی پێنجشەممە 24-10-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا سۆران عەبدولوەهاب باجەلان، وەک کوردێک و لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە قایمقامی قەزای خانەقین هەڵبژێردرا.
سەرچاوەیەکی باڵا لە مەڵبەندی خانەقینی یەکێتی رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەبێ رەچاوکردنی شایستەی پێکهاتەی نەتەوەیی و ئەنجامی هەڵبژاردن، لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی کەسی، سوننە و شیعەکان پۆستی قایمقامی و بەڕێوەبەری ناحیەکانیان لە نێوان خۆیان دابەشکردووە."
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، یەکێتی وەک شایستەی هەڵبژاردن داوای پۆستەکانی بەڕێوەبەرانی ناحیەکانی جەبارە و سەعدیەیان کردبوو؛ بەڵام پێیان نەدراوە. لە سەعدیە، کوردێکی دانیشتووی خانەقین کە سەر بە رێکخراوی بەدرە، کراوەتە بەڕێوەبەری ناحیە، پۆستی بەڕێوبەری ناحیەی جەبارەش دراوەتە عەرەبێکی سوننە.
سەرچاوەکەی یەکێتی گوتی: "دانوستاندنەکانی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک و نەینەوا، کاریگەریان لەسەر پۆستەکانی دیالە هەبووە، بەیەکەوە بەستراونەتەوە."
ئەو پۆستانەی شەوی رابردوو دەنگیان لەسەردرا:
قایمقامەکان:
- سۆران عەبدولوەهاب باجەلان، قایمقامی خانەقین
- عەلی زمەد، قایمقامی مەندەلی
- مستەفا تاڵب، قایمقامی شارەبان
- خالید حەمید کەمبەش، قایمقامی بەعقوبە
- سامی مەعمووری، قایمقامی خاڵس
- ئەرکان عەزاوی، قایمقامی مەنسوورییە
- موسلیم زیبان، قایمقامی بەلەدرووز
بەڕێوەبەری ناحیەکان:
- سەمیر دەهلەکی، بەڕێوەبەری ناحیەی هەبهەب
- نەبیل عەبیدی، بەڕێوەبەری ناحیەی بەنداوی عوزێم
- ویسام لهێبی، بەڕێوەبەری ناحیەی بەهرۆز
- تەها ئیبراهیم محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەتەپە
- ئوسامە جەمال، بەڕێوەبەری ناحیەی محەممەد سەکران
- محەممەد شەکرچی، بەڕێوەبەری ناحیەی سەعدیە
- سائیب حەربی، بەڕێوەبەری ناحیەی گوڵاڵە
- کەریم ساڵح، بەڕێوەبەری ناحیەی جەبارە
- ئەحمەد فەرەج، بەڕێوەبەری ناحیەی عەبارە
- سەعد قاسم، بەڕێوەبەری ناحیەی کەنعان
- نەجاح مەهدی تەمیمی، بەڕێوەبەری ناحیەی وەجیهییە
- تاڵب حوسێن جەواد، بەڕێوەبەری ناحیەی جەدیدە شەت
- ساجد عەبدولئەمیر عەنبەکی، بەڕێوەبەری ناحیەی سەلام