کۆمیسیۆن: تاوەکو سەرجەم سکاڵاکان یەکلایی نەکرێنەوە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن راناگەیێندرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

21ی مانگ ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان راگەیێندرا. گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت: تاوەکو هەموو سکاڵاکان یەکلاینەکرێنەوە ئەنجامی کۆتایی راناگەیێندرێت.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ی تشرینی یەکەمی 2024، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "189 سکاڵا لە دەنگدانی گشتی و تایبەت لەسەر شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، تاوەکو سەرجەم ئەو سکاڵایانە یەکلایی نەکرێنەوە، ئەنجامی کۆتایی راناگەیێندرێت."
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتیشی، "کۆمیسیۆن هیچ کاتێکی بۆ رۆژی راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی دیارینەکردووە، هۆکاری سەرەکیش یەکلایی نەبوونەوەی ئەو سکاڵایانەیە، بەڵام بەشێکی زۆری سکاڵاکان تەکنیکی و یاسایین ئەوانە زووتر یەکلایی دەکرێنەوە."
 
لە بارەی ئەو لایەنانەی ئەنجامە بەراییەکان رەتدەکەنەوە جومانە غەلای گوتی: "حیزب و لایەنەکان پەلە دەکەن، پێویستە بوەستن تاوەکو ئەنجامی کۆتایی رادەگەیێندرێت، دوای ماوەیەک بۆ تانە لێدان دیاری دەکەین، ئینجا دەتوان تانە لە ئەنجامەکان بدەن، ئێمەش لێکۆڵینەوەی لێدەکەین و دەستەی دادوەری (سێ دادوەرن) بڕیاری لەبارەوە دەدەن."
 
ئەوانەی ئەنجامی هەڵبژاردن رەتدەکەنەوە، لیستی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان 7 کورسی، رەوتی هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵی دادگەری 3 کورسی و بەرەی گەل 2 کورسی.
 
چەند زانیارییەک لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان:
 
رۆژانی 18 و 20ـی ئەم مانگە، دەنگدانی تایبەت و گشتی بۆ هەڵبژاردنی 100 ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو.
 
لەم هەڵبژاردنەدا 14 پارت و هاوپەیمانی رکابەرییان لەسەر کورسییەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرد. کۆی بەربژێران 1191 و پارتەکانیش رکابەرییان لەسەر 95 کورسی لەگەڵ پێنج کورسی بۆ کۆتا کرد. 
 
هەڵبژاردنەکە بەسەر چوار بازنەدا دابەشکرا بەمشێوەیە:
 
هەولێر، 34 کورسی
سلێمانی، 38 کورسی
دهۆک، 25 کورسی
هەڵەبجە، سێ کورسی
 
لە کۆی ئەو 100 کورسییە، پێنج کورسی بۆ کۆتا لە هەولێر، دهۆک و سلێمانی دیاریکراون.
 
هەروەها لە کۆی 1191 بەربژێر بۆ ئەو هەڵبژاردنە، 949 بەربژێریان سەر بە حیزبەکان بوون، 123 بەربژێری هاوپەیمانێتییەکان لەگەڵ 119 بەربژێری سەربەخۆ هەبوون.
 
پارتی زۆرترین بەربژێری هەبوو بە 190 بەربژێر و بەرەی تورکمانیش کەمترین بەربژێری هەبوو کە 11 بەربژێرن.