رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ ئاهەنگی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆی کوردستان بەڕێوەدەچێت. لە ئاهەنگەکەدا مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئامادە دەبێت. لە ئاهەنگەکەدا 389 خوێندکار بڕوانامەی دەرچوون وەردەگرن.
تاوەکو ئێستا 2200 کەس بڕوانامەی دەرچوونیان لەو زانکۆیە وەرگرتووە و ئەم ساڵیش 389 خوێندکاری دیکە دەردەچن کە تێکڕا دەکاتە 2,589 خوێندکار.
ژمارەی خوێندکارە دەرچووەکان و دابەشبوونیان (2024-2025)
- ژمارەی خوێندکارانی دەرچوو: 389
- دەرچووانی فاکەڵتی پزیشکی: 36
- دەرچووانی فاکەڵتی زانست و ئەندازیاری: 145
- دەرچووانی فاکەڵتی کارگێری و ئابووری: 132
- دەرچووانی فاکەڵتی زانستە کۆمەڵایەتییەکان: 86
زانکۆی کوردستان- هەولێر، لە ساڵی 2006 لە لایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستانەوە دامەزرا و پزیشکی گشتی، بەڕێوەبردن و ئابووری، زانستە کۆمەڵایەتییەکان، زانست و ئەندازیاری هەیە.
ناوەندی نەمسایی لەنێو زانکۆی کوردستان - هەولێر
ئەم ساڵ، ناوەندی کۆمەڵگەی نەمسایی لەنێو زانکۆی کوردستان - هەولێر کرایەوە. ناوەندەکە دەڵێت: ئامانجی هاوئاهەنگی ئەکادیمی و ئاڵوگۆڕی کولتوورییە. سەرۆکی زانکۆکەش دەڵێ "دەمانەوێت خوێندن بکەینە نێودەوڵەتی."
ئامانج لە سەنتەری نەمسایی لەنێو زانکۆی کوردستان هەولێر، هاوئاهەنگیی ئەکادیمی و ئاڵوگۆڕی کولتووریی نێوان کورد و نەمساییەکانە.
د. دانا مەولوود، دامەزرێنەری سەنتەری نەمسایی بە رووداوی گوت: "پێی دەڵێن دووەڵ پرۆگرام، ئەو پرۆگرامە بریتییە لەوەی 20 قوتابی دەتوانن لەسەر Reservoir engineering (لقێکی ئەندازیاریی تایبەت بە سووتەمەنی) کە کوردستان زۆر پێویستییەتی لە نەمسا بڕوانامەی نەمسایی، هەروەها بڕوانامەی زانکۆی کوردستان - هەولێر وەربگرن."
د. کیس شارپ، سەرۆکی زانکۆی کوردستان - هەولێر، لە 14ی تشرینی یەکەمی2024، بە رووداوی گوت: "بە نێودەوڵەتی بوون بەشێکە لە پلانی ستراتیژیی فێرکردنمان. ئێمە زۆر بەپەرۆشین خوێندکارانمان ئەزموونی کولتوورەکانی دیکە بکەن، تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بڕۆن بۆ شوێنەکانی دیکەی جیهان، یاخود ماوەیەکی درێژ وەک شەش مانگ و زیاتر."
زانکۆی کوردستان لە ماوەی دوو ساڵدا 20 خوێندکاری بە پرۆگرامی ئاڵوگۆڕی خوێندن ناردووەتە نەمسا، کە وەرزێکی خوێندنیان لە زانکۆکانی ئەو وڵاتە تەواو کردووە، جگە لە نەمساش ساڵانە نزیکەی 50 قوتابی بۆ گەشتی چەند رۆژە و ئاڵۆگۆڕی ئەکادیمی ناردووە بۆ وڵاتان.
زانکۆی کوردستان: 95٪ـی دەرچووانمان کاریان دەستدەکەوێت
ئەم ساڵ، ئاهەنگی خولی چواردەمینی دەرچووانی زانکۆی کوردستان-هەولێر بەڕێوەدەچێت. هەر دەرچوویەکی پۆلی 12ـی ئامادەیی، خەڵکی هەر بەشێکی کوردستان بێت، دەتوانێت لە زانکۆی کوردستان - هەولێر بخوێنێت، بەو مەرجەی یەکسانکردنی بڕوانامەی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستانەوە بۆ کرابێت.
خوێندکارانی زانکۆکە، دەرفەتی ئەوەیان هەیە سیمستەرێک یاخود دوو سیمستەر لە زانکۆکانی دەرەوەی وڵات بخوێنن، دواتر بگەڕێنەوە بۆ زانکۆکەیان و درێژە بە خوێندنەکەیان بدەن.
بە گوتەی د. دانا خدر مەولوود، جێگری سەرۆکی زانکۆکە، نزیکەی 95٪ـی دەرچووانیان هەلیکاریان دەستدەکەوێت و زۆرینەی دەرچووەکانیشیان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان کاردەکەن.
دەشڵێت: "70%ـی کۆمپانیاکانی نەوتی هەرێمی کوردستان دەرچووانی زانکۆی کوردستان - هەولێر کاریان تێدا دەکەن."
تەرخانکردنی 10 کورسیی خوێندنی باڵا بۆ کوردانی ئێزدی
لە 3ی ئابی رابردوو، 10 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی شنگال دا تێپەڕی، لەو یادەدا زانکۆی کوردستان- هەولێر بڕیاریدا 10 کورسیی خوێندنی باڵا بداتە کوردانی ئێزدی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ