پارتی و گۆڕان: دەبێت پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت بۆ دابینکردنی مووچە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کورستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە پیرمام کۆبوونەوە و لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا دەڵێن، "کۆکین بۆ کۆکردنەوەی هەموو هێز و تواناکان بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان." هەروەها "جەخت لە پشتیوانیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەنگاوەکانی لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان" دەکەنەوە.
رۆژی سێشەممە 24ـی ئۆکتۆبەری 2023، شاندی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرۆکایەتیی عومەر سەید عەلی لە پیرمام لەگەڵ شاندی دەستەی کارگێڕیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی فازڵ میرانی کۆبوونەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوە هاوبەشەکە، "جەخت لە بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی هەردوولا کرایەوە بە تایبەتی پاڵپشتیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەنگاوەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەپێناو دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و شایستە داراییەکان، لەنێوانیاندا مووچەی مووچەخۆران و باشترکردنی بژێوی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانی کوردستان."
شاندەکەی بزووتنەوەی گۆڕان پێکهاتوون لە عومەری سەید عەلی، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، مستەفا سەید قادر، کاردۆ محەممەد، بەختیار عومەر و دلێر عەبدولخالق.
شاندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستانیش پێکهاتوون لە فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی، هۆشیار زێباری، مەحموود محەممەد، سیداد بارزانی و چەند ئەندامێکی دیکەی دەستەی کارگێڕی.
لە کۆبوونەوەکەدا، وەکو لە راگەیێندراوەکەی پارتی و گۆڕاندا هاتووە، "بارودۆخی هەستیاری ناوچەکە بەگشتی و عێراق و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی گفتوگۆیان لەبارەوە کرا. هەردوولا کۆکبوون بۆ کۆکردنەوەی هەموو هێز و تواناکان بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و دانانی ستراتیژییەتی هاوبەشی نیشتمانی هێز و لایەنە سیاسییەکان بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی قۆناخەکە."