لە قوتابخانەی تەعجیلی نوێ 65 قوتابی لە پۆلێکدان؛ 'ئێرە پۆل نییە، شوێنی مریشکە'

25-10-2023
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
قوتابخانەی تەعجیلی نوێ لە ناحیەی شەمامکی سەر بە پارێزگای هەولێر
قوتابخانەی تەعجیلی نوێ لە ناحیەی شەمامکی سەر بە پارێزگای هەولێر
نیشانەکردن هەولێر وەزارەتی پەروەردە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

قوتابخانەی تەعجیلی نوێ لە ناحیەی شەمامکی سەر بە پارێزگای هەولێر 65 قوتابی لە پۆلێکدان کە خۆی تەنیا بۆ 25 قوتابی گونجاوە. لە ساڵی 2021 قوتابخانەکە بە 11 کابینە کراوە بە قوتابخانە و لە کاتێکدا کەمترین مەرجی قوتابخانەیان تێدایە.
 
فاتمە لە قوتابخانەکە قوتابییە، لەبری خوێندن، کتێبەکەی بۆ خۆفێنککردنەوە بەکاردەهێنێت، لە شوێنێکی دیکەی پۆلەکە عەبدولرەحمان لەنێوان دوو هاوڕێی دانیشتووە، بەزۆر جێگەی خۆی لەسەر تەختەکە کردووەتەوە. 
 
عەبدولرەحمان رێدار، قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "پێشتر ئەگەر کەمبووینایە بە یەک رۆژ یەک بابەتمان دەخوێند بەس ئێستا بە دوو رۆژ ئینجا بابەتێک دەخوێنین چونکە ئەوەندە زۆرین هەتا هەموومان هەڵدەستین زۆری دەوێت." 
 
فاتمە رەنجدەر بە نیگەرانیەوە قسەی کرد و گوتی، "قوتابخانەیەکی زۆر خراپە، ئەو شوێنە بۆ کوالێتی مریشکانە نەک قوتابخانە بەخودا لەگەڵ رێزم بۆ ئێوە، ئەوە کوالێتی مریشکانە ، ئێمە نابێت ئاوا بین ئاوا سێ کەس لەسەر جێگەیەک دادەنیشین، زۆریش گەرمە ناحەوێینەوە ، زۆربەی قوتابییەکان تەنگە نەفەس دەبن و دەچن دەموچاویان دەشۆن."
 
قوتابخانەکە لە پۆلی 1 تاوەکو 6 سەرەتایی 500 قوتابی لێی دەخوێنن، 11 کابینە کراونەتە پۆلی خوێندن بەڵام کەمترین مەرجی قوتابخانەیان تێدایە، تەنانەت بەشێک لە تەختەی زەوی پۆلەکان شکاون. 16 مامۆستا لەو قوتابخانەیە وانە دەڵێنەوە 15 دانەیان وانەبێژن. 
 
رەشاد عوسمان، مامۆستای قوتابخانەی تەعجیلی نوێیە لەبارەی دۆخی قوتابخانەکەیان دەڵێت، "مامۆستای ئینگلیزیمان نییە ، مامۆستای زانستمان نییە، کەمتەرخەمی هەیە لێرە، کارمەندی پاککەرەوەمان نییە، مەترسییەکی زۆر لەسەر ژیانی قوتابی هەیە بەتایبەت بۆ نەخۆشی، ئێستا لە نێو قوتابییەکان نەخۆشی بڵاوبووەتەوە و ئەو نەخۆشییە دەگوازرێتەوە بۆ مامۆستایەکان ئێستا چەند مامۆستایەکمان نەخۆشە، نەخۆشییەکە کۆخە و هەڵامەتەیە ، ئەو ئەونفلۆنزایەیە لە قوتابییەکانیان گرتووەتەوە لەبەر قەرەباڵغی، ئەو تەختەیەی دەرسی لەسەر دەنووسین شوێن نەماوە بۆ نووسین، مامۆستا دەستی ناگاتێ کورسی دانیشتنی قوتابییەکان بە تەختەکان نوساون."
 
عیسا مەعرووف، بەڕێوەبەری قوتابخانەکەیە، باسی قوتابخانەکەی دەکات و دەڵێت، " کتاب و ئەمریشمان بۆ دەرچووە کە گوایە لەم چەند رۆژە گوتیان پێتان دەڵێین تەبلیغتان دەکەین و مامۆستاتان بۆدێنین کێشەکانتان بۆ حەل دەکەین بەس ئێمە چی؟ مامۆستامان بۆ دەهێنن هەر لەم کابینانە؟"
 
دۆخی قوتابخانەکە تەنیا مامۆستا و قوتابییەکانی نیگەران نەکردووە، بەڵکو دایک و باوکی قوتابییەکان هێندە دڵیان پڕە لە رەوشی قوتابخانەی منداڵەکانیان هەندێجار هێرش دەکەنە سەر مامۆستا و بەڕێوەبەری قوتابخانەکە 
 
عیماد حوسێن، باوکی یەکێکە لە قوتابییەکان دەڵێت، "چەندین جارە سەیری دەفتەر و شتەکانیم کردووە قوتابی هەبووە لە پێش قوتابی من بووە لە قوتابی دیکەم زانیوە گوتومە بۆ چونکە تێنەگەشتووە کە ئەرکەکەی دراوەتێ، رێژەی قوتابییەکان هێندە زۆرە هێندە زۆرە یانی جگە لەوەی کە کارمەندی پاککەرەوەیان نییە و رێژەی قوتابییان زۆرە و لەنێو کابینەن ئەوە چەندین ساڵە، ئێمە 500 ماڵین کەوتووینەتە سەر رێگەی مەخموور، کەمترین خزمەتگوزاری تێدایە." 
 
 
ئەو گەڕەکەی ناحیەی شەمامک 550 ماڵی تێدادەژین و لە گەڕەکەکە تەنیا ئەو قوتابخانەیە هەیە. 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە