بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی: بەرهەمی میوە 50٪ کەمیکردووە و سەوزە 25٪ زیادیکردووە

24-10-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی دەڵێت، ئەم ساڵ بەرهەمی میوە لە سنووری پارێزگای سلێمانی نزیکەی 50٪ کەمیکردووە و لە بەرامبەردا بەرهەمی سەوزە (تەماتە و خەیار) نزیکەی 25٪ زیادیکردووە. دەشڵێت، "پڕۆژەی گەشتوکاڵ" لەسەر رووبەری 500 دۆنم زەوی لە سلێمانی جێبەجێ دەکەن.
 
شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی لەکاتی بەشداریکرنی لە پۆدکاستی بەکاتی سلێمانی کە ئاسۆ سەراوی پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلە سەرمایەی لە سەرەتای مانگی نیسانی ئەم ساڵ رووی لە سنوورەکە کرد، زیانێکی زۆری بە رەز و باخەکان گەیشت، بەشێوەیەک بەرهەمی میوە ناوک رەقەکان [قەیسی، قۆخ، گوێز و چواکە] کەمیکردووە.
 
ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی، بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستیاندایە، بەرهەمی میوەی پارێزگای سلێمانی نزیکەی 50٪ کەمی کردووە، هۆکارەکەیشی بەهۆی ئەو سەرمایە بووە کە بۆ ماوەی چەند رۆژێک پلەکانی گەرما بۆ سفر و خوارتر دابەزین و ئەو زیانە زۆرەی لە جووتیاران و بەرهەمی سنوورەکەداوە.
 
لەبارەی بەرهەمی سەوزە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، شاڵاو جەمال ئاماژەی بەوەکرد، ئەم ساڵ بەرهەمی تەماتە و خەیار بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیادیکردووە، بەشێوەیەک بەرهەمهێنان نزیکەی 25٪ زیاتر بووە لە ساڵانی رابردوو، ئەمساڵ زیاتر لە 176 هەزار تۆن بەرهەمی تەماتە و خەیار هەبووە.
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی، لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر 22 هەزار خانووی پلاستیکی هەن، کە زۆرترین رێژەیە لە ئاستی عێراقدا و تەنانەت هەر سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە)، ئەوەندەی سلێمانی خانووی پلاستیکی تێدا نییە، ئەوەش هۆکارە بۆ زۆربوونی بەرهەمی سەوزە لە پارێزگاکەدا.
 
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ساڵ رووبەری داچاندن بە خەیار زیادیکردوە و لەچاو ساڵی رابردوو لە نزیکەی 10 هەزار دۆنم بۆ نزیکەی 16 هەزار دۆنم زەوی زیادیکردوە، بۆ تەماتەش ئەم ساڵ نزیکەی حەوت هەزار دۆنم زیاتر داچێنراوە لە ساڵی رابردوو.
 
مانگی ئابی 2023، یەکەمین کێڵگەی کشتوکاڵی و گەشتیاری (گەشتوکاڵ) لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەڵەبجە کرایەوە، ئامانج لەو پڕۆژەیە گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و گەشتیارییە، بۆ ئەوەی هاونیشتمانییان سەوزە و میوە لە کێڵگەکان بکڕن.
 
شاڵاو جەمال دەڵێت، "مانگی رابردوو ئەنجوومەنی شارەوانیی سلێمانی رەزامەندی لەسەر ئەوەدا کە ناوچەیەک دیاری بکرێت لەسەر رووبەری 500 دۆنم زەوی، بۆ ئەوەی ببێتە 'پڕۆژەی گەشتوکاڵ' و سەوزە و میوەی لێ بەرهەم بهێنرێت و بفرۆشرێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترینیان لە سلێمانییە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوایین رۆژی دیاریکراو بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران، لیستەکەی رادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات. 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترین بەربژێری لە پارێزگای سلێمانییە.