رووداو دیجیتاڵ
دیوانی باڵای دادوەریی ئێران سزای 62 مانگ بەندکردنی موژگان کاڤووسی، چالاکڤانی کولتووری و مامۆستای زمانی کوردی پەسند کرد.
موژگان کاڤووسی، ئەمڕۆ سێشەممە لە پەیجی خۆی لە ئینستاگرام بڵاویکردەوە، دیوانی باڵای دادوەریی ئێران سزای دادگەی بەرایی وەکو خۆی پەسند کردووە و بەو پێیە بە 62 مانگ و یەک رۆژ بەندکردن سزا دراوە.
موژگان کاڤووسی بە تۆمەتی هاندانی خەڵک بۆ تووندوتیژی و تێکدانی ئاسایشی ئێران بە 39 مانگ بەندکردن، بە تۆمەتی بێڕێزیکردن بە رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە 15 مانگ و بە تۆمەتی بانگەشەکردن دژی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە بە 8 مانگ بەندکردن سزا دراوە.
بەپێی یاسای سزادانی ئێرانی، ئەگەر تۆمەتبارێک لە دۆسێیەکدا بە چەند تۆمەتی جیاواز سزادرا، قورسترین سزا جێبەجێ دەکرێت. بەو پێیە سزای 39 مانگ بەندکردنی موژگان کاڤووسی جێبەجێ دەکرێت و سێ مانگ و 15 رۆژ بەندکردنی ساڵی رابردووشی بۆ هەژمار دەکرێت.
کاڤووسی لە 22-09-2022 لە ماڵەکەی خۆیدا لە شاری نووشەهری مازەندەران دەستبەسەر کرا و لە 03-01-2023 بە کەفالەتی 3 ملیار تمەن ئازاد کرا.
موژگان کاڤووسی ساڵی 2019ش دەستبەسەر کرا و بەهۆی پشتگیریکردن لە ناڕەزاییەکانی ئەو ساڵە و هەروەها چالاکییە کولتوورییەکانی بە 20 مانگ بەندکردن سزا درا و مانگی 6ی 2022 ئازاد کرا.
موژگان کاڤووسی خەڵکی شاری کەلاردەشتە لە پارێزگای مازەندەرانی باکووری ئێران. چەندین ساڵە لە بواری زمان و ئەدەبی کوردی و مافە نەتەوەییەکانی کورد لە ئێران چالاکی دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ