سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کۆنسوڵی نوێی چین لە هەولێر کۆبوونەوە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کۆنسوڵی نوێی چین لە هەولێر کرد. نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە لیۆ جیۆن کرد و هەموو پشتیوانییەكی لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانی بۆ سەرخستنی ئەركەكەی، دووپاتكردەوە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 24-10-2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە لیۆ جیۆن، كۆنسوڵی گشتیی نوێی كۆماری چینی میلـلی کرد، پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لێكرد و "هیوای سەركەوتنی بۆ خواست، هەروەها هەموو پشتیوانییەكی لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانی بۆ سەرخستنی ئەركەكەی، دووپاتكردەوە."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، هەردوولا "باسیان لە پەیوەندییەكانی چین لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان كرد و جەختیان لە ئامادەیی و خواستی دوولایەنە بۆ برەودان بە پەیوەندییەكان و فراوانكردنی بوارەكانی هاریكاریی هاوبەش كردەوە."

 

 
لیۆ جیۆن، كۆنسوڵی گشتیی نوێی كۆماری چین ئاماژەی بە پلانی داهاتووی وڵاتەکەی كرد بۆ كردنەوەی بەشی خزمەتگوزاریی ڤیزا و دروستكردنی بینای كۆنسوڵخانەیان لە هەولێر.
 
تاوتوێكردنی دوایین پێشهاتەكانی دۆخی ناوچەكە، بەشێکی دیدارەکە بوو، ئەمە بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.