سەیدسادق وەرگرتنی بەرمیلێک نەوتی سپی بە 103 هەزار رەتدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی لە پێنجوێن وەرگرتنی نەوتی سپی بەو نرخەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دیاریکردووە رەتکرایەوە، لە سەیدسادقیش هەمان بڕیار درا.
رۆژی دووشەممە 24-10-2022، دیاری رەفیق، قایمقامی سەیدسادق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە لەسەر داوای خەڵک، وەرگرتنی نەوتمان بەو نرخەی دیاریکراوە، رەتکردەوە".
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە بەرمیلێک نەوتی سپی بە 103 هەزار و 500 دینار بگەڕێنێتە ماڵان. بەهۆی نرخەکەوە کە دەڵێن بەرزە، پێشتریش لە پێنجوێن وەرگرتنی رەتکرابوویەوە، دیاری رەفیق گوتی: "ئەگەر وەرگرتنمان رەتنەکردایەتەوە، لەم هەفتەدا نەوتی سپی لە سەیدسادق دابەشدەکرا".
بەرمیلێک نەوتی سپی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 250 هەزار دینارە. حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە بۆ هەر ماڵێک بەرمیلێک نەوت بە 103 هەزار و 500 دینار دابینبکات و دابەشکردنەکەشی لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەستپێبکات.
سەبارەت بە ناڕەزایی هاونیشتمانییان لە نرخەکە حکومەت رایگەیاندووە، ئەوان نرخی بەرمیلێک نەوتیان بە "284 هەزار دینار کڕیوە" بەشێوەی پاڵپشتی بەو پارەیە دەیدەنەوە هاونیشتمانییان.
قایمقامی سەیدسادق گوتی: "رەتکردنەوەی وەرگرتنی نەوت لەسەر داوای خەڵکە. ئێمە لەگەڵ ئەنجوومەنی هەموو گەڕەکەکان قسەمان کرد و هاوکات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان راپرسیمان کرد. ئەوەی وەڵامی خەڵک بوو وەرمانگرت کە 90%ی خەڵک داوایان کرد نەوتەکە نەهێندرێت و گوتیان نرخی گرانە و نامانەوێت".
رۆژی 20-10-2022 زانا عەبدولڕەحمان، قایمقامی پێنجوێن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەسەر داوای هاونیشتمانییان رەتیانکردووەتەوە نەوت بە 103 هەزار دینار وەربگرن.