هێمن هەورامی: دوو رۆژی دیکە ناوی بەربژێرەکانی پارتی بۆ پۆستە وزارییەکانی عێراق ئاشکرا دەبن

24-10-2022
رووداو @Rudawkurdish
هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هێمن هەورامی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەکارییەکانی پارتی بۆ بەستنی کۆنگرەی 14ی ئەو حیزبە و هۆکارەکانی هەشت ساڵ دواکەوتنی ئەو کۆنگرەیە دەخاتەڕوو و لەبارەی دەنگۆی هەبوونی کوتلەش لەناو پارتیدا دەڵێت: "ئەگەر کوتلەیەک لەناو پارتی دیموکراتی کوردستاندا هەبێت، ئەوا هەموومان سەر بە کوتلەی سەرۆک بارزانین".
 
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی باس لە پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی لەدوای کۆنگرە و تێڕوانینی حیزبەکەی بۆ نووسینەوەی رێککەوتنێکی ستراتیژیی نوێ لەگەڵ یەکێتی دەکات و لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش دەڵێت: "لەگەڵ ئەوە نین خاکی هەرێمی کوردستان بۆ پەلاماردانی سەربازی و ئەمنیی وڵاتانی ناوچەکە بەکاربهێندرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەش نین خواستی وڵاتێکی ناوچەیی بۆ کۆتاییهێنان بە چالاکیی سیاسی یان میدیایی هێزێکی ئۆپۆزیسیۆن کە پەنابەری سیاسین، بسەپێندرێت و بە مووشەک و درۆنی سەربازی لێی بدرێت".
 
کۆنگرەی 14ی پارتی
 
هێمن هەورامی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: "رۆژی دووشەممە 24-10-2022  دوا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو کە لە کۆنگرەی 13ی ساڵی 2010 هەڵبژێردرابوون و تێیدا سەرۆک بارزانی بە وردی تێڕوانینەکانی بۆ ئێستا و ئاییندەی کاری پارتی و کۆنگرەی 14 و دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ئەو هاوکێشانەی لەسەر ئاستی ناوچەکە هەن، خستەڕوو".
 
هێمن هەورامی گوتی: "لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی باسی لەوەکرد کە ئەم کۆنگرەیە بۆ پارتی زۆر گرنگە، لەبەر ئەوەی لەماوەی 12 ساڵی رابردوودا نەتوانرا کۆنگرە ببەسترێت. ئێمە دەبوایە ساڵی 2014 کۆنگرەی 14 ببەستین، بەڵام شەڕی داسەپاوی داعش وایکرد کاری لەپێشینە بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بێت. دوای چەند ساڵێک هەوڵدرا کۆنگرەکە ببەسترێت، بەڵام بەهۆی رووداوەکانی دوای ریفراندۆم و ئەو هێرشانەی کرانە سەر هەرێمی کوردستان و بەرگری قارەمانانەی پێشمەرگەی کوردستان، نەتوانرا کۆنگرە ببەسترێت".
 
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "لە مانگی 11ی 2019 لیژنەیەکی حەوت کەسی لە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی پارتی پێکهات بۆ ئامادەکاریی کۆنگرەی 14 و بڕیار وابوو ساڵی 2020 کۆنگرە ببەسترێت و هەموو ئامادەکارییەکان تەواوکرابوون، بەڵام ڤایرۆسی کۆرۆنا رێگەی نەدا لە مانگی هەشتی 2020 کۆنگرە ببەستین، بۆیە ئێستا کاتی پێویستە بۆ ئەوەی پارتی پێداچوونەوە بە کاری حیزبی و سیاسیدا بکات و خۆی بۆ قۆناخەکانی ئاییندە ئامادە بکات".
 
60٪ی ئەندامانی کۆنگرە هەڵبژێردراون
 
هێمن هەورامی دەڵێت، نزیکەی 60٪ی ئەندامانی کۆنگرە لە رێگەی هەڵبژاردنەوە بوون بە ئەندام و وەکو ئاماژەی پێدەدات: "ئەندامانی کۆنگرەی 14 نزیکەی 960 ئەندامن؛ نزیکەی 60٪یان بە هەڵبژاردن هاتوونەتە ناو کۆنگرە؛ بۆ هەر هەزار ئەندام نوێنەرێکی هەڵبژێردراو دیاریکراوە و نزیکەی 565 ئەندام بە هەڵبژاردن دەچنە کۆنگرە."
 
لەبارەی ئەو ئەندامانەش کە بەبێ هەڵبژاردن دەچنە کۆنگرە، هێمن هەورامی گوتی: "لەناو پەرلەمانی کوردستان نۆ کەس و لە پەرلەمانی عێراق شەش کەس و سەرجەم ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بەبێ هەڵبژاردن دەبن بە ئەندامی کۆنگرە و بەرپرسی ئەو لقانەی ئەندامی سەرکردایەتی نین و بەرپرسی ئەو لقانەش کە پێشتر بەرپرس بوون، بۆیان هەیە بێنەوە کۆنگرە، لەگەڵ بەشێک لەو فەرماندانەی لەناو هێزەکانی پێشمەرگەن، هاوکات لیژنەی ئامادەکار و کارگێڕیی کۆنگرەش دەبن بە ئەندام و ژمارەیەک لە تێکۆشەرانی دێرین بەشداری لە کۆنگرەدا دەکەن".
 
"کۆنگرەی 14 جیاواز دەبێت"
 
هێمن هەورامی پێیوایە ئەم کۆنگرەیە جیاواز دەبێت لە کۆنگرەی 13 و دەڵێت: "سەرۆک بارزانی خۆی سەرپەرشتیی ئامادەکارییەکانی کردووە و لە نزیکەوە سەرپەرشتیی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەکەی کردووە و رۆژانە لەگەڵ مەکتەبی سیاسی و لیژنەکە لەسەر هێڵ بووە. ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەو ناوەڕۆکەیە لە کۆنگرەدا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، کە بە دیراسەیەکی وردەوە ئامادەکراوە".
 
هێـمن هەورامی دەڵێت: "ئەو لیژنە حەوت کەسییەی پێکهاتبوو، لە ماوەی سێ مانگ 12 کۆبوونەوەی کردووە و راپۆرتی سەرجەم لق و مەکتەب ناوەندییەکان وەرگیراون و خەڵکی پسپۆڕ هێنراون و رەشنووسی پرۆگرامی پێڕەوی پارتی بە باشی ئامادەکراوە کە لە مانگی سێی 2020ـەوە رەشنووسەکان ئامادەبوون، دواتر دەستەی چاودێری و پشکنینی پارتی دیراسەیەکی ورد و باشیان بۆ سەرۆک بارزانی و مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی پارتی ئامادەکردووە".
 
هێمن هەورامی دەڵێت: "ئێستا لەکۆی ئەو دیراسانە و هاوکات هەڵسەنگاندنی وردی دەزگای هەڵبژاردن و دەزگاکانی دیکەی پارتی بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 2018ی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنی ساڵی 2021ی پەرلەمانی عێراق، لەسەر بنەمای هەموو ئەو دیراسانەیە کە ئامادەکارییەکی باش کراوە بۆ ئەوەی پارتی بەرچاوڕوونتر رووبەڕووی قۆناخی دوای کۆنگرەی 14 ببێتەوە".
 
کوتلە لەناو پارتی
 
هێمن هەورامی دەڵێت: "لەبەر ئەوەی بۆ پۆستێک چەند بەربژێرێک دەبێت و رەنگە هەندێک لەو بەربژێرانە هاوکاربن و هەندێکیش هاوکاری نەکەن، بەڵام گرنگ ئەوەیە سەرۆک بارزانی بەڕوونی باسیکرد کە نابێ هیچ کەسێک دژی هیچ کەسێکی دیکە قسە بکات و ئەوە پەیامێکی زۆر روونی سەرۆک بارزانییە، لەبەرئەوەی سزای تووندی بەدوادادێت".
 
بە گوتەی هێمن هەورامی: "هەر بەربژێرێکی سەرکردایەتی یان هەر پۆستێک، ئازادە لەوەی چۆن ریکلام بۆخۆی دەکات، بەڵام بۆ هیچ کەسێک نییە دژی هیچ کەسێکی دیکە گفتوگۆ بکات".
 
هێمن هەورامی جەختیکردەوە: "هەموو پارتی یەک کوتلەیە و ئەویش کوتلەی کاک مەسعودە، واتا کوتلەکاری ئەگەر بەو مانایەبێت، هەیە و هەموومان کوتلەی کاک مەسعوودین".
 
جێگری سەرۆکی پارتی
 
لەبارەی زیادبوونی ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتی پارتی و دانانی جێگری دووەم بۆ سەرۆکی پارتی، هێمن هەورامی دەڵێ: "بڕیاری هێشتنەوەی یەک جێگر بۆ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان یان زیادکردنی بۆ دوو سەرۆک "لە دەسەڵاتی سەرۆک بارزانییە و ئەو خۆی بڕیار دەدات چی لەو بابەتە بکرێت".
 
هێمن هەورامی رایگەیاند: "بە بۆچوونی من، سەرکردایەتی پارتی وەک خۆی دەمێنێتەوە و ژمارەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کە 51 کەسن زیاد ناکات، هەرچەند ئەوە لە کۆنگرەدا بڕیاری لەسەر دەدرێت".
 
گوتیشی: "لەبارەی جێگری سەرۆکی پارتی کە ئایا وەک خۆی دەمێنێتەوە یان زیاد دەکات، ئەوە سەرۆک بارزانی لە کۆنگرەدا بڕیاری لێدەدات و لە دەسەڵاتی ئەودایە و هەر بڕیارێکیش بدات، هەموومان پابەند دەبین پێیەوە".
 
پەیوەندیی پارتی و یەکێتی
 
پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتی بەراورد بە ساڵی 2010 لاوازبووە و هێمن هەورامی دەڵێ: "ئەو هەلومەرجەی ئێمە لە ساڵی 2010 کۆنگرەمان تێدابەست، ئێستا گۆڕانی بەسەردا هاتووە و دانی پێدادەنێین، بەڵام ئامانجە نەتەوەیی و سیاسی و نیشتمانییەکانی پارتی جێگیرن. ئێمە دەمانەوێ خاوەن پەیوەندییەکی دروست بین لەگەڵ سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان لەسەر بنەمای رێزگرتن لە ویستی یەکتر و لێکتێگەیشتن بۆ پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان".
زیاتر روونیدەکاتەوە کە: "هیچکات پارتی دیموکراتی کوردستان خوازیاری پەیوەندی گرژ نەبووە و نە خوازیاریشە، بەڵام ئەگەر لێکتێنەگەیشتن لە بابەتێکیش هەبێت، پارتی ویستی بۆ باشترکردن و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان نەک هەر لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەڵکو لەگەڵ سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان هەیە و بەپێی ئەو چوارچێوەیە ئێمە ئامادەین بۆ هەموو جۆرە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و کاری هاوبەش".
 
رێککەوتنی ستراتیژیی یەکێتی و پارتی
 
تا ئێستا چەندین جار سەرکردایەتی یەکێتی باسیان لە نووسینەوەی رێککەوتنێکی ستراتیژی نوێ لەگەڵ پارتی کردووە و هێمن هەورامیش دەڵێ: "ئێمە کاتێک کۆنگرەی 13مان بەست رێککەوتنی ستراتیژی مابوو و مام جەلال لە ژیاندابوو، لیستی کوردستانی هەبوو، واتا فراکسیۆنی یەکێتی و پارتی لەناو پەرلەمانی کوردستاندا یەک فراکسیۆن بوون، بەڵام لە 2013ەوە لەناو یەکێتی خۆیان رایانگەیاند کە رێککەوتنی ستراتیژی نەماوە، بەڵام ئێمە ناچینەوە ناو ئەو قۆناخە و هیوادارین بەرەو قۆناخی باشتر هەنگاو بنێین".
 
هێمن هەورامی روونیدەکاتەوە: "یەکێتی خۆیان رایانگەیاند کە رێککەوتنی ستراتیژی نەماوە، بەڵام ئێستاش ئەگەر خواستێک لە هەر لایەک هەبێت بۆ ئەوەی جۆرێک لە تێگەیشتنی هاوبەش هەبێت، پارتی دیموکراتی کوردستان دەرگای دانەخستووە و دەرگاش داناخات؛ پارتی لە پێگەی بەهێزی خۆیەوە خوازیاری یەکڕیزی نەک تەنیا لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەڵکو لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستانە بۆ ئەوەی ئەو گۆڕانکارییانەی لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە دێنەپێش، هیچ نەبێت پێناسەیەکی هاوبەشمان بۆ سەرچاوەی هەڕەشەکان لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان هەبێت." 
 
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "ئێستا ئەگەر بڵێین رەشنووسی رێککەوتنێک لەنێوان پارتی و یەکێتیدا هەبێت، ئەو رەشنووسە نییە، پێش پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق هەوڵ هەبوو لاپەڕەیەکی هاوبەش بۆ هەندێک چەمکی هاوبەش لەنێوان پارتی و یەکێتیدا هەبێت، بەڵام دوای رووداوەکانی ئەو ماوەیەی پێشوو، دەتوانم بڵێم جارێ ئەو لاپەڕە هاوبەشەش نەگەیشتووەتە خاڵی کۆتایی و هیوادارین دوای کۆنگرەی 14 بگەینە ئەو ئەنجامە." 
 
سەرۆککۆماری عێراق
 
هێمن هەورامی دەڵێت: "هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار تا ئاستێک کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئێمە و یەکێتی هەبوو، لەبەرئەوەی ئێمە خوازیار بووین هەرێمی کوردستان و پێکهاتەی کورد، وەک چۆن شیعە خۆیان سەرۆکوەزیرانیان دیاریدەکرد و سووننەش خۆیان سەرۆکی پەرلەمانیان دیاریدەکرد، ئێمەش بە یەک بەربژێرەوە بچینە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆمار، بەڵام ئەوان تا رۆژی دەنگدانیش رایانگەیاند کە تاکە بەربژێری فەرمی یەکێتی بەرهەم ساڵحە؛ بۆیە بوونی بەرهەم ساڵح و لەتیف رەشید وەک بەربژێر نیشانەی ئەوەبوو کە کورد بەربژێری هاوبەشی نەبوو." 
 
هێمن هەورامی پێیوایە: "هەڵبژاردنی لەتیف رەشید بۆ پۆستی سەرۆککۆمار جۆرێک لە کۆدەنگی نیشتمانی زیاتری لەسەربوو لەوەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان دەنگی پێداوە و هیوادارین ئەم بابەتە نەبێتە هۆی زیاتر لەیەک دوورکەوتنەوەی نێوانمان." 
 
پەیوەندیی نێوان پارتی و ئێران
 
لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا کۆماری ئیسلامیی ئێران چەندینجار بە درۆن و مووشەک هێرشی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان. هێمن هەورامی دەڵێ: "پارتی دیموکراتی کوردستان لە سیاسەتی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیدا سیاسەتێک ناگرێتەبەر کە لە بەرەیەک بێت دژی هیچ وڵاتێکی دیکە، بەڵکو خوازیاری پەیوەندییەکی هاوسەنگین لەسەر بنەمای رێزگرتنی هاوبەش و رێزگرتنی دراوسێیەتی هاوبەش و دەستوەرنەدان لە کاروباری یەکتری، ئەمانە کۆمەڵە پرەنسیپێکن کە لای پارتی دیموکراتی کوردستان نەگۆڕن." 
 
هێمن هەورامی گوتی: "ئێمە تێگەیشتنمان بۆ قەلەقی ئەمنی وڵاتانی دراوسێ هەیە و بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوە نین خاکی هەرێمی کوردستان بۆ پەلاماردانی سەربازی و ئەمنی وڵاتانی ناوچەیی بەکاربهێندرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەش نین خواستی وڵاتێکی ناوچەیی بۆ کۆتاییهێنان بە چالاکی سیاسی یان میدیایی هێزێکی ئۆپۆزیسیۆن کە پەنابەری سیاسین، بسەپێندرێت و بە مووشەک و درۆنی سەربازی لێی بدرێت. ئێمە ئەمەشمان ئیدانەکرد و ئەمیش رەتدەکەینەوە." 
 
هێمن هەورامی دەڵێت: "لەگەڵ کۆماری ئیسلامی راستە هەڵبەز و دابەز لە پەیوەندییەکانماندا دەبێت، بەڵام نەگۆڕییەک لە تێڕوانینی پارتیدا هەیە بۆ ئەوەی کە ئێمە رێز لە ویستی هەردوولا دەگرین بەبێ دەستوەردان لە کاری یەکتری و لەگەڵ ئەوەش نین لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە پەلاماری کۆماری ئیسلامیی ئێران بدرێت و هەرجۆرە چالاکییەکی سەربازی ئێرانیش دژ بە ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی کە پەنابەری سیاسین و لە چوارچێوەی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانن بە دروست نابینین. ئێمە خواستی ئەوەشمان هەیە هێز و لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانیش رێز لە سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بگرن و چالاکی سەربازی و ئەمنی ئەوتۆ نەکەن کە کاریگەری نێگەتیڤ دروستبکات و بیانوو بداتە دەست کۆماری ئیسلامی و وڵاتانی دیکە." 
 
هێمن هەورامی نایشارێتەوە: "پەکەکە بیانوویەکی زۆری داوەتە دەست تورکیا بۆ ئەوەی بێتە ناو هەرێمی کوردستانەوە؛ هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رەنگە کەمتر، بەڵام ناتوانم بڵێم ئەوانیش هیچ بیانوویەکیان نەداوە؛ بۆیە هیوادارین هێزی لایەنە کوردستانییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان رێز لە سەروەری و بڕیار و راسپاردەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بگرن، لەبەر ئەوەی لە هەرێمی کوردستان بەرپرسیارین لە ژیانی شەش بۆ حەوت ملیۆن مرۆڤ لە چوارچێوەی دەستووری عێراق و پابەندین بە کۆمەڵێک پابەندیی نێودەوڵەتی کە لەسەر عێراق وەکو وڵات هەیە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە