ئەنجوومەنی ئاسایش 28 تۆمەتبار لە هەولێر دەستگیر دەکات کە سەرانەیان لە خەڵک وەرگرتووە


رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی 28 کەسی لە هەولێر راگەیاند، کە بە هەڕەشە و لێدان، سەرانەسەندن، مامەڵەکردن بە دۆلاری لیبی و دراوی ساختە تۆمەتبارکراون. 
 
رۆژی دووسەممە 24-10-2022، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "لە 31ی تەمموزی 2022ـەوە تائێستا لە هەولێر توانراوە 28 کەس دەستگیربکرێن، کە پێکهاتوون لە 19 هاووڵاتی هەرێمی کوردستان و شەش هاووڵاتی سووری و سێ کەسی خەڵکی بەغدا، کە تۆمەتبارن بە هەڕەشە و لێدان، بەکارهێنانی ناوی دەزگە ئەمنییەکان، سەرانەسەندن، مامەڵەکردن بە دۆلاری لیبی و دراوی ساختە." 
 
بەپێی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، ئەو 28 کەسە، بەپێی ماددەکانی 452 - 281 لە یاسای سزادانی عێراقی و بڕیاری 160ی ساڵی 1983 لەلایەن دامەزراوەکانی سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە هەولێر دەستگیرکراون و دراونەتە دادگە. 
 
یەکێک لە تۆمەتبارەکان لە دانپێدانانەکانیدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەوان 10 هەزار دۆلاری ئەمریکییان بە 20 هەزار دۆلاری لیبی گۆڕیوەتەوە، بەڵام لەناو دۆلارەکاندا، لە بری 100 دۆلاری تاک دۆلاریان داناوە و وەک ئاماژەی پێدەدات: "ئەوانەش کە گوێڕایەڵ نەبوون لێمداون و تەقەم لێکردوون." 
 
ئەو تۆمەتبارە دەشڵێت: "ئەگەر ئەو هاووڵاتییانەی مامەڵەیان لەگەڵ دەکردین، بەخۆشی پارەکەیان نەداباینێ، بە زەبری چەک و لێدان لێمان دەسەندن"، هاوکات باس لەوەش دەکات لەناو هەولێر کەمینیان بۆ کەسێک داناوەتەوە و بەبیانووی ئەوەی دۆلاری لیبی دەدەنێت، بە زەبری چەک هێناویانەتە خوار و لێیانداوە و دواتر ئۆتۆمبێلەکەیان لێ سەندووە و لە بازاڕ بە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا فرۆشتوویانەتەوە. 
 
تۆمەتبارێکی دیکە لە دانپێدانانەکانیدا گوتی: "ئافرەتێکمان رازیکرد دۆلاری لیبی پێ بدەین، من چووم و لە بەردەم گوندی لوبنانی لە هەولێر سواری ئۆتۆمبێلم کرد، لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا لێماندا و 900 دۆلاری پێبوو، لێمانسەند و رۆیشتین."        
 
لەناو دانپێدانانەکاندا کە ڤیدیۆکەی لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمەوە بڵاوکراوەتەوە، دانپێدانانی هاووڵاتیەکی سووریا و هاووڵاتییەکی عێراق بڵاوکراوەتەوە کە لەگەڵ ئەو گرووپە کاریان کردووە و بەناوی فرۆشتنی دۆلاری لیبی پارەیان لە خەڵک وەرگرتووە، ئەو تۆمەتبارانە دەڵێن: "سێ جار لەگەڵ گرووپەکە دەرچووین و لە چوارەمجار لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیرکراین."