بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە: هەنار بۆ نیوە کەمبووەتەوە


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە دەڵێت: "هەناری هەڵەبجە ساڵانە 30 هەزار بۆ 35 هەزار تۆن مەزندە دەکرێت، بەڵام ئەمساڵ بۆ نیوە کەمبووەتەوە."
 
رۆژی دووشەممە 24-10-2022، ستار مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەرهەمی هەناری هەڵەبجە بەگوێرەی رووبەرەکە مەزندەی دەکەین. رووبەری چێندراومان نۆ هەزار دۆنمە و بەرهەمەکەی بە 30 هەزار بۆ 35 هەزار تۆن مەزندە دەکرێت."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای هەڵەبجە، "ئەمساڵ بەرهەمی هەناری هەڵەبجە زۆر کەمە و بەراورد بەو مەزندەیەی کە هەبووە لە نیوە کەمترە."
 
لەبارەی هۆکاری کەمبوونەوەی بەرهەمی هەناری هەڵەبجە، ستار مەحموود گوتی: "هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بەفرە زۆرەی زستانی رابردوو باری و ئەو سەرمایەی لە بەهاری ئەمساڵ لە کاتی چرۆی دار و درەخت رووی لە ناوچەکە کرد. ئەوانە زیانێکی زۆریان بە باخەکانی میوە بە گشتی و هەنار بەتایبەتی گەیاند. باخ هەیە وشکبووە یان لاواز بووە."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای هەڵەبجە، هەناری هەڵەبجە "کوالێتییەکی باشی هەیە و ئەو سەرمایە کاریگەری لەسەری نەبووە."
 
لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە 20 بۆ 26 جۆری هەنار هەیە؛ ساڵانە خواستێکی زۆر لەسەر هەناری هەڵەبجە هەیە و بەشێکی هەناردەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەکرێت و تاوەکو ئێستا بۆ بەریتانیا، ئەڵمانیا و سوێد هەناردەکراوە.