رووداو - هەولێر
حەمید حاجی دەروێش، یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەكەم پارتی كوردی لە سووریا بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە قامشلۆ کۆچی دواییکرد.
حەمید حاجی دەروێش دەروێش لە ساڵی 1936 لە گوندێک بەناوی قەهرەمانیا لە دەڤەری دربێسیێ لەدایکبووە و سكرتێری پارتی دیموكراتی پێشڤەڕۆی كورد لە سووریا بوو.
بنەماڵەکەیان سەر بە عەشیرەتی عەزیزه، ساڵی 1944 چووەتە قوتابخانە و لە ساڵی 1953 شاعیری ناوداری کورد جگەرخوێن دەناسێت و کاریگەری زۆر لەسەر حەمید دەروێش دادەنێ.
لەگەڵ ئەوەی کە بزووتنەوەی چەپ بەشێوەیەکی بەرفروان لە ناو خوێدنکاران و رۆشنبیراندا پەرە دەستێنێ، بەڵام حەمید دەروێش زیاتر خۆی لە خەڵکانی نەتەوەیی نزیک دەکاتەوە.
ساڵانی پەنجاکان دەبێتە ئەندامی یەکێتی قوتابیانی زانستگەی شام و لەگەڵ چەندین کوردی دیکە بەتایبەتی خوێندکارانی باشووری کوردستان چالاکی جۆراوجۆر ئەنجامدەدەن.
یەکێکە لە دامەزرێنەرانی پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا کە لە ساڵی 1957 دامەزرا. چەندین جار لەلایەن رژێمی سووریاوە دەستگیر کراوە. کاتێک سەرکردایەتی پارتەکەیان لە لایەن رژێمی سووریاوە دەستگیر دەکرێن، حەمید دەروێش سەرکردایەتی پارتەکە دەکات.
پەیوەندیەکی پتەوی لەگەڵ مستەفا بارزانی و مام جەلال دا هەبوو و زۆربەی سەرکردەکانی کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان دەناسێت.
ژیننامەی حەمید حاجی دەروێش
سكرتێری پارتی دیموكراتی پێشڤەڕۆی كورد بوو لە سووریا
ساڵی 1936 لە گوندی قەهرەمانیا لە دربێسیێ لەدایکبووە
خوێندنی ناوەندی لە دیمەشق تەواوکردووە
ساڵی 1957 یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی یەکەم پارتی کوردی لە سووریا
ساڵی 1990 تاوەکو 1994 بووە ئەندامی پەرلەمانی سووریا
حیزبەکەی لە ساڵی 2015 لە نێو ئەنەکەسە کشایەوە
لە 24-10-2019 کۆچی دوایی کرد
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ