داعش گوند و ناوچەی کریستیانەکانی وێرانکردووە

 رووداو - هەولێر

داعش لە هەموو جێگەیەک ماڵێکی خوای وێران کردووە. نەجات، بۆ نیازش و پاڕانەوە لەخوا، جارجارە دێتە پاڵ پەیکەرەکەی مەریەمی پاکیزە لە کڵێسایەکی بچووکی ناو کەمپێکی ئاوارەکان و نزای گەڕانەوە بۆ گوندەکەیان دەکات.

گوندەکەی نەجات، تەختی شانۆی دەیان شەڕی کۆن و نوێ بووە، بەنێویدا دەیان لەشکر گوزەریان کرد و دەیانی دیکە هاتن. پێنج هەزار ساڵ بەر لەئێستا سەختترین شەڕ لەنێوان داریوشی سێیەم و ئەسکەندەری مەکدۆنی هەر لەم گوندەدا ڕوویدا.

گوندی کەرەملێس مەسیحینشینە و، دەکەوێتە قەزای حەمدانییەی پارێزگای نەینەوا، تاوەکو ئێستاش لە ژێر چنگی چەکدارەکانی داعشە. 

نزیکەی هەشت هەزار ساڵە گوندەکە بەپێوەیە و هیچ شەڕێک نەیکردە وێرانە، بەڵام داعش ژیانی لە گوندەکەدا راگرت و دانیشتوانە کریستیانەکەشی ئاوارە و دەربەدەر کرد.

نەجات زەیە یوسف، هەم بیری گوندەکە و هەم کڵێساکانی دەکات. ئەو، دوو ساڵە لەگەڵ هاوژینە پیرەکەی، ئاوارەی باشووری کوردستان بووە و لە کەمپێکی عەینکاوە لە هەولێر، نیشتەجێن.

لەنێو گوندەکەی نەجاتدا، هەشت کڵێسا و دێر هەبوون، بەڵام کەس نازانێت ئێستا لەژێر چنگی داعشدا چییان بەسەر هێنراوە.