کۆمپانیای BMW چاككردنەوەی بى ئێمە گولـلەنەبڕەکەی کەرکووک لەئەستۆدەگرێت

رووداو - هەولێر

هەینی رابردوو چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر چەند شوێنێکی ناو شاری کەرکووک، بەم هۆیەشەوە شەڕێکی قورس بۆ ماوەیەکی زۆر لەنێوان چەکدارانی داعش و پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان و خەڵکی خۆبەخشی شارەکە بەردەوام بوو.

لە شەڕەکەدا زۆر کەس بە گولـلەی قەنناس بەدەستەکانی داعش برینداربوون، بەڵام پێشمەرگەیەک بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری BMWی گوللەنەبڕ توانی ببێتە فریادڕەسی دەیان برینداری شەڕەکە و چەندین جار رووبەڕووی چەکدارانی داعش وەستایەوە و ژیانی خۆی خستە مەترسییەوە، بۆ رزگارکردنی بریندارەکان.

ئاکۆ عبدولڕەحمان عەبدولکەریم، پێشمەرگە و خاوەنی BMWـەکە، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (هۆت لاین)، لە تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی بەشدارییکردنی لەو شەڕە و هاوکاریکردنی بریندارەکان و گەیاندنیان بۆ نەخۆشخانە رایگەیاند "سەرەتا لە ناوچەی مەفقودین-ـەوە دەستمان پێکرد، دوای کۆنترۆڵکردنی دۆخە لەوێ، گەڕاینەوە بۆ خاسە".

ئاکۆ عەبدولڕەحمان دەڵێت "لەو شەڕەی کەرکووک، خۆم و هاوڕێیەکم بە بی ئێم-ەکە توانیمان لە سەرووی 70 بریندار بگەیێنینە نەخۆشخانە، ئەنجامدانی ئەوکارەشم لەسەر فەرمانی عەبدوڵڵا بۆر، ئامر لیوا، لە لیوای 116 سۆران بوو".

ئاکۆ عبدولڕەحمان دەشڵێت "هەموو ئاواتم ئەوەبوو، شەهید و بریندارەکانمان نەکەونە دەست چەکدارانی داعش، ئەوە گەورەترین ئاواتی من بوو، ئەوەی پێشم ناخۆشبوو، ئەو بریندارانەبوو کە بەهۆی درەنگ بەهاناوەچوونیانەوە تووشی خوێنبەربوون ببوون، دوای گەیاندنیش بە نەخۆشخانە کۆچی دواییان کرد".

سەبارەت بەوەی هیچ لایەن و کەس و بەرپرسێک ئامادەییان پیشانداوە بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەی بۆ چاکبکەنەوە، کە بەهۆی شەڕەکەوە زیانی بەرکەوتبوو، ئاکۆ عبدولڕەحمان گوتی "لەلایەنی کوردستانییەوە، کەس پێی نەگوتوومە بۆت چاکدەکەمەوە، بەڵام گوتوویانە باشترین خەڵاتت دەکەین، بەڵام برادەرێکم لە داقوق هەیە بەنێوی مامۆستا سەعدوون، کۆمپانیای جیهانی بی ئێم-یان لە بەغدا هەیە، پەیوەندییان بە مامۆستا سەعدوون کردووە، گوتوویانە خەرجی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلەکە لەسەر ئێمەیە و چاکیدەکەینەوە".

ئەگەر "بی ئێمە رەشەكە" لە هەندێك شوێن و لە رابردوودا بووبێتە دێوەزمە بۆ خەڵك، ئەوا لەم رۆژانەدا لە كەركووك بوو بە فریادڕەسی گیانی چەندین كەس كە بە گوللەی چەكدارانی داعش لە هێرشەكەی شەوی هەینیدا برینداربوون.

BMWـە گوللەنەبڕەكەی شارۆچكەی دووز، لەدوای هێرشەكەی داعش بۆ سەر كەركووك و دوبز، بووە دەنگوباسی نێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان. خەڵكی شۆفێرەكەیان بە "شێرەكەی كەركووك و دوبز" ناودەبرد، چونكە ئەو رۆژەی داعش هاتە نێو كەركووك، بەگوتەی خەڵكی ناوچەكە قارەمانییەكی زۆر گەورەی تۆمار كرد.

ئاكۆ كە پێشمەرگەی لیوای 116یە، لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت "گوللەكانی داعش بە قەناس و كڵاشینكۆف، بەرەو ئاراستەی من دەهاتن و هەندێكجار مەرگم بەچاوی خۆم دەدیت، بەڵام خەمخۆریم بۆ هێزی پێشمەرگە و ئەو شەڕەی بەرۆكی كەركووكی گرتبوو، وای لێكردم لە نزیكی چەكدارەكانی داعشەوە بریندارەكان بخەمە نێو ئۆتۆمبێلەكە و بیانگوازمەوە بۆ نزیكترین نەخۆشخانە".

یەكێك لە هاوڕێكانی ئاكۆ باسی ئازایەتی ئەوی كرد و گوتی "ئاكۆ كەسێكی بەجەرگە و نازانم چۆن ئەو كارەی دەكرد، ئەستەم بوو هیچ كەسێك بتوانێت ئەوە بكات، كاتێك بریندارەكانی دەگواستەوە، گوللەی چەكدارانی داعش لە ئۆتۆمبێلەكەیان دەدا و هەڵدەبەزینەوە".