رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانى عێراق رایگەیاند، رۆژی 30ى تشرینى یەکەم دیاریکراوە وەک وادەى کۆتایی هاتنى پرۆسەى گەمارۆسازى و ژمارەلێدانى باڵەخانەکان لە چوارچێوەى سەرژمێرى گشتى دانیشتووان.
لە یەکى ئەیلوولى ئەم ساڵەوە پرۆسەى گەمارۆسازى و ژمارەلێدانى باڵەخانەکان لە عێراق دەستیپێکرد، کە یەکەم قۆناخى کرداریی سەرژمێرى گشتى دانیشتووانە و بڕیارە لە 20ى تشرینى دووەم لە عێراق و هەرێمى کوردستان بکرێت.
عەبدولزەهرە هینداوى، گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "30ى تشرینى یەکەم وەک دوا وادەى کۆتاییهاتنى پرۆسەى گەمارۆسازى و ژمارەلێدانى باڵەخانەکان دیاریکراوە ،بەڵام بەهۆى ئەو هەوڵە چڕەى دراوە ئەگەر هەیە پێشتر ئەو وادەیەش پرۆسەکە تەواو ببێت".
لەو پرۆسەیەدا تیمەکانى سەرژمێرى دابەش دەکرێن بەسەر چەند بلۆکێکدا بۆ گەمارۆسازی و ژمارەلێدان، هەر بلۆکێک بینا و باڵەخانەکانى سنوورەکەى دەگاتە 120 شوێن.
عەبدولزەهرە هینداوى ئاماژەى بەوەدا دەستپێکردنى پرۆسەى گەمارۆسازى و ژمارەلێدانى باڵەخانەکان لە هەرێمى کوردستان دواکەوتووە، بەڵام بە زیادکردنى هەوڵەکان لە هەمان وادەدا کۆتاییدێت کە بۆ پارێزگاکانى دیکەى عێراق دیاریکراوە.
لەدواى 37 ساڵ یەکەمجارە سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان لەعێراق و هەرێمى کوردستان بکرێت.
18ى ئاب ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق رەزامەندى دا بۆ دەستەبەر کردنى پێداویستییەکان بۆ دروستکردنى ناوەندێکى زانیارى بۆ هەرێمى کوردستان کە تایبەتە بە کۆکردنەوە و ناردنى زانیارییەکانى تایبەت بە سەرژمێرى گشتى دانیشتووان بۆ ناوەندى سەرەکى لە بەغدا.
گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانى عێراق رایگەیاند؛ ئامادەکارییەکان بۆ دروستکردنى ئەو ناوەندە بەردەوامە لە رێگەى گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیایەکى تایبەتمەند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ