شاندێکى وەزارەتى دارایی بۆ دوو ئامانج لە بەغدایە

24-09-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

شاندێکى تەکنیکى وەزارەتى دارایی و ئابوورى هەرێمى کوردستان لە بەغدان بۆ تاوتوێکردنى دوو پرس، لیستى مووچەى دوو مانگیان بە هاوتاکراوى بردووە و دەشیانەوێت ئەو 243 ملیار دینارە بنێردرێت کە لە تەواوکردنى مووچەى ئاب نەنێردراوە.
       
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى تۆڕى میدیایی رووداو لە حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە دەستیکەوتووە، تیمێکى تەکنیکیی وەزارەتى دارایی و ئابووریى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە 23ى ئەیلوولەوە لە بەغدان و لەگەڵ بەرپرسانى وەزارەتى دارایی فیدراڵ چەند کۆبوونەوەیەکیان کردووە.
 
شاندەکە بۆ دوو ئامانج چوونەتە بەغدا، لیستى مووچەى مانگەکانى ئاب و ئەیلوولی هەرێمى کوردستانیان لەگەڵ خۆیان بردووە، کارى دووەمیان ئەوەیە کە وەزارەتى دارایی فیدراڵ قایل بکەن ئەو 243 ملیار دینارە بنێرن، کە لەگەڵ تەواوکردنى مووچەى ئەو دوو مانگەدا نەیانناردووە.
 
رۆژی 22ـى ئەیلوول، وەزارەتى دارایی عێراق 572 ملیار دینارى خستە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریى هەرێمى کوردستان بۆ تەواوکردنی مووچەی مانگەکانی تەممووز و ئاب و بەو 183 ملیار دینارەى  کە ماوەتەوە لەو بڕە پارەیەى کە پێشتر نێردرابوو بۆ مووچەى ئەو دوو مانگە، 755 ملیار دینار بەردەستە بۆ دابەشکردنى مووچە، لە کاتێکدا مووچەى مانگێکى هەرێمى کوردستان بە هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینانەوە، زیاتر لە 998 ملیار دینارى پێویستە.
 
سەرچاوەیەک لە حکومەتى هەرێمى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: هەر کە رێککەوتن کرا و ئەو 243 ملیار دینارە نێردرا، دەست بە دابەشکردنی مووچەى مانگى ئاب دەکرێت.
 
یەکێکى دیکە لەو پرسانەى کە شاندەکەى وەزارەتى دارایی و ئابوورى  لەگەڵ بەرپرسانى وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ تاوتوێى دەکەن، ئەو 54 ملیار دینارەیە کە بۆ هەریەک لە مانگەکانى ئاب و تەمووز نەنێردراوە، وەک زیادەى پارەى هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینان.
 
بەگوێرەى زانیارییەکان لیژنەیەک لە نێوان هەردوولا پێکهێندراوە بۆ ئەوەى لەسەر ئەو 54 ملیار دینارە و شێوازى هاوتاکردنى مووچەى خانەنشنیان رێکبکەون.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرنامەی چوار بازنە.

چوار بازنە؛ کێ لە کێشە و گرفتەکانی قەزای دەربەندیخان بەرپرسیارە؟

بەرنامەکە بە بەشداری هەریەکە لە، رێژەن بورهان، بەربژێری یەکێتی نیشتمانی کوردستان، گۆران فەتحوڵڵا شەرەفانی، بەربژێری رەوتی هەڵوێست، رزگار محەممەد، بەربژێری بزوتنەوەی گۆڕان و حەسەن جەباری، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو میوانی سەرەکیی تێیدا بەڕێوەچوو.