حیزبەکان چۆن بانگەشە دەکەن؟

25-09-2024
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رووداو حیزبەکانی بەشدار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی رووبەڕووی دوو پرسیار کردووەتەوە، "چۆن بانگەشە دەکەن؟ ئەگەر داوایان لێ بکرێت، پەیماننامەیەک بۆ بەڕێوەچوونی بانگەشەیەکی ئارام واژۆ بکەن، رایان چییە؟" لەو بارەوە بەرپرسانی هەڵبژاردنی حیزبە بەشدارەکانی هەڵبژاردن پەیامیان دەربارەی بەڕێوەچوونی بانگەشە بە تۆڕی میدیایی رووداو گەیاند، سەرەڕای ئەوەی هاوڕای بەڕێوەچوونی بانگەشەیەکی ئارامن؛ تێکڕا ئامادەی واژۆکردنی پەیماننامەیەکیشن کە بانگەشەیەکی سەردەمیانە و دوور لە پێشێلکاری ئەنجام بدەن.
 
پارتی: بانگەشەی ئارام و هەڵبژاردنێکی پاک رووحی دیموکراسییە
 
خەسرەو گۆران، بەرپرسی پێشووی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە وەکو پارتی، لەپێش هەموو حیزب و لایەنەکانی دیکەوە گوتوومانە کە دەبێت بانگەشەی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی ئارام و لە چوارچێوەی یاساکاندا بەڕێوەبچێت، دووربێت لە هەموو پێشێلکاری و ناوزڕاندن و یەکدی شکاندنێک، بانگەشەی ئارام و هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد رووحی دیموکراسییە، ئەوەش کاریگەریی لەسەر ناوبانگی هەرێمی کوردستان دەبێت."
 
سەبارەت بەوەی ئاخۆ ئەگەر داوایان لێبکرێت پەیماننامەیەک بۆ بە ئارام بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن واژۆ بکەن، ئەوان وەکو پارتی ئامادەی ئەو کارە دەبن؟ خەسرەو گۆران دەڵێت، "پابەندبوون بە سەروەریی یاسا و ئەو یاسایانەی دانراون بۆ شێوازی بەڕێوەچوونی بانگەشە، خۆی لە خۆیدا پەیماننامەیە و ئەوەش وادەکات بانگەشەیەکی سەردەمیانە و ئارام بەڕێوەبچێت."
 
یەکێتی: بانگەشەیەکی ئارام خزمەت بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک دەکات
 
هەژار محەممەد، لێپرسراوی بەشی هەڵبژاردنەکانی یەکێتی لە هەولێر بە رووداوی گوت، "بمانەوێت یاخود نا، کوردستان دوو زۆنە، کە بەداخەوە لە راگەیاندنەکانەوە هیچمان نەهێشتووەتەوە، وەک بڵێی دوای هەڵبژاردن هەرگیز دانیشتن و گفتوگۆمان نابێت، بەڕاستی ئەو کارە لێکەوتەی خراپی دەبێت، بانگەشەکردن بەو شێوازە زۆر هەڵەیە."
 
گوتیشی، "ئەگەر بمانەوێت بانگەشەیەکی ئارام بەڕێوەبچێت، دەبێت یاساکانی کۆمیسیۆن جێبەجێ بکرێن، بانگەشەیەکی ئارام خزمەت بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد دەکات."
 
هەژار محەممەد ئاماژەی بەوەش دا، "پێمان باشە لیژنەیەکی هاوبەش لە هەموو حیزبەکان پێکبهێندرێت، بۆئەوەی رێگری لە هەر پێشێلکارییەک بکرێت و لایەنی پێشێلکاریش رێکاری پێویستی بەرامبەر بگیرێتەبەر."
 
سەبارەت بە واژۆکردنی پەیماننامەیەک بۆ بە ئارام بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، ئەوان وەکو یەکێتی ئامادەی ئەو کارە دەبن، هەژار محەممەد دەڵێت، "ئامادەی واژۆکردن و پڕکردنەوەی هەر پەیماننامەیەکین کە پێشکێش بکرێت بۆ مەبەستی بەڕێوەچوونی بانگەشەیەکی ئارام و بێ کێشە، هیوادارین رووداویش ببێتە سەکۆیەک بۆ کۆبوونەوەی دۆستانەی گشت لایەنەکان لەم رۆژانەی بەڕێوەچوونی بانگەشەدا."
 
یەکگرتوو: بانگەشە دەبێت بۆ بەرنامە بێت نەک یەکدی شکاندن
 
هێمن ئەسکەندەر، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "پڕۆگرامی ئێمە بۆ بانگەشە پابەندبوونی یاساکان و رەچاوکردنی داب و نەریتی کۆمەڵگەی کوردییە و هیوادارین سەرجەم حیزبەکانی دیکەش ئەوە رەچاوبکەن."
 
گوتیشی، "پێویستە حیزبەکان بایی ئەوەندە بهێڵنەوە کە دوای هەڵبژاردن بتوانن بەرامبەر یەکدی دابنیشن و کۆبوونەوە بکەن، بەداخەوە حیزبەکانی دەسەڵاتن کە رەچاوی یاساکان ناکەن و لە ئێستاوە پێشێلکاری دەکەن، هیوادارین لە جیاتی شکاندنی یەکدی و پێشێلکاری یاسایی، ئەو حیزبانە بەرنامەی کاری خۆیان بڵاوبکەنەوە و ئامانجی خۆیان بۆ پاش هەڵبژاردن بۆ خەڵکی کوردستان بخەنەڕوو."
 
سەبارەت بەوەی ئاخۆ ئەگەر داوایان لێبکرێت پەیماننامەیەک بۆ بە ئارام بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن واژۆ بکەن، ئەوان وەک یەکگرتوو ئامادەی ئەو کارە دەبن، هێمن ئەسکەندەر گوتی، "بەڵێ ئامادەین پەیماننامە واژۆ بکەین، بەجۆرێک لە بانگەشەدا رێزگرتنی بەرامبەر هەبێت و هەموو حیزب و لایەنەکانیش بە یەکسانی شوێنی بانگەشەکردنیان پێبدرێت."
 
کۆمەڵی دادگەری: بانگەشە 20 رۆژە، بەڵام هەرێمی کوردستان هەمیشەییە
 
بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردن و و ئاماری کۆمەڵی دادگەری بە رووداوی گوت، "ئێمە ئامانجمانە بانگەشە لە خزمەتی هەرێمی کورستان بێت، بانگەشە 20 رۆژە بەڵام هەرێمی کوردستان هەمیشەییە و دەمێنێتەوە، باشترین رێکاریش بۆ بەڕێوەچوونی بانگەشەیەکی ئارام، جێبەجێکردنی یاساکانی کۆمیسیۆنە."
 
سەبارەت بە واژۆکردنی پەیماننامەیەک بۆ بە ئارام بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، بێستوون حەمەساڵح گوتی "ئامادەی واژۆکردنی پەیماننامەیەکی لەو شێوەیەین و هەرشتێک لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان و سەرخستنی پڕۆسەی دیموکراسی بێت، ئامادەین جێبەجێی بکەین."
 
گۆڕان: نابێت تووندوتیژی لە بانگەشە هەبێت؛ بەڵام رەخنە پێویستە
 
كارزان گەردی، بەرپرسی ژووری هەڵبژاردنەکانی هەولێری بزووتنەوەی گۆڕان بە رووداوی راگەیاند، "نابێت بە هیچ شێوەیەک بانگەشە تووندوتیژی تێدابێت، راستە رەخنە پێویستە هەبێت، رەخنەی تووندیش، بەڵام نەک شکاندن و بەزاندنی سنووری یەکدی."
 
گوتیشی، "پێویستە ململانێ لەسەر ئاستی بەربژێر و بەرنامەی کاری حیزبەکان بێت، نەک جەماوەر و دەنگدەری حیزبەکان، کارێکی زۆر باش دەبێت کە هەموو میدیاکان وەکو رووداو بەشێوەیەکی ئەکادیمی بەربژێرەکان رووبەڕووی یەکدی بکاتەوە و ململانێیەکی دیموکراسییانە لەسەر بنەمای بەرنامەی کار و خزمەت بکەن."
 
سەبارەت بەوەی ئاخۆ ئەگەر داوایان لێبکرێت پەیماننامەیەک بۆ بە ئارام بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن واژۆ بکەن، ئەوان وەک گۆڕان ئامادەی ئەو کارە دەبن، كارزان گەردی ئاماژەی بەوە دا، "هەر پەیماننامەیەک بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەیەکی ئارامی بانگەشە بێت، ئێمە وەکو بزووتنەوەی گۆڕان ئامادەین بۆ واژۆکردنی."
 
هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان: گۆڕانکاری و چاکسازی بە هاش و هووش ناکرێت
 
هیوا عومەر، سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان لە بازنەی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، "بنەمای بەرنامەی ئێمە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، دوورکەوتنەوەیە لە یەکتر شکاندن و ناوزڕاندنی یەکدی، گۆڕانکاری و چاکسازی بە هاش و هووشی هەندێک کەس و لایەن نابێت و ناکرێت."
 
هیوا عومەر هەروەها گوتی، "ئامادەین بۆ واژۆکردنی پەیماننامەیەک، گرنگتر لەوەش ئەوەیە؛ هەموو حیزبەکان ویستی سەرەکییان بانگەشەکردنێکی ئارام بێت و تەنیا قسە و رواڵەت نەبێت."
 
رەوتی هەڵوێست: نابێت خەریکی شکاندنی ئەوانی دیکە بیت
 
ئیدریس محەممەد، نوێنەری رەوتی هەڵوێست لە هەولێر بە رووداوی گوت، "دیدگەی کاری ئێمە ئاشکرایە و سەرجەم بەربژێرەکان بڕیارمان داوە، کە رەوشت لەسەروو هەموو شتێکەوە دابنێین، بانگەشەش بەشێوەیەکی سەردەمییانە دەکەین و لەسەر بنەمای رێزگرتن پڕۆسەکە تێدەپەڕێنین، ئەوەش لای ئێمە بنەمایە، کە دەبێت لە بانگەشە پەیامی خۆت بگەیەنیت، نەوەک خەریکی شکاندنی ئەوانی دیکە بیت."
 
سەبارەت بە پەیماننامەکەش ئیدریس محەممەد دەڵێت، "بەدڵنیاییەوە ئامادەی واژووکردنی ئەو پەیماننامەیەین و بەڵێنیش بە خەڵکی کوردستان دەدەین، کە ئێمە وەکو رەوتی هەڵوێست هەرگیز هیچ پێشێلکاریی و سنووربەزاندنێک لە بانگەشەدا ناکەین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 فەرهاد تێلۆ، سەرۆکی پارتی لیبراڵی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو

پارتی لیبراڵی کوردستان: دووبارە بەنداوی تشرین بۆردوومان کرا

سەرۆکی پارتی لیبراڵی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ گرووپە چەکدارەکان بە رۆکێت هێرشیان کردووەتە سەر بەنداوی تشرین، گوتیشی: ''نامانەوێت بەبێ ئەنەکەسە بچینە شام، بەڵام ناتوانین هەر چاوەڕێ بین، پێویستە هەڵوێستی خۆیان روون بکەنەوە.''