رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری دامەزراوەی ئێزدینا دەڵێت، گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان و دروستکردنی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون بۆ عەرەبی هاوردە لە عەفرین بەردەوامە.
مژاری ئەمجارەی پۆدکاستی (چاوی سێیەم)ی تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی زیادبوونی پێشلکاریی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە عەفرین، گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو هەرێمە، سەرێ کانی و گرێ سپی بوو.
لە پرۆگرامەکەدا عەلی عیسۆ، بەڕێوەبەری دامەزراوەی ئێزدینای تایبەت بە کاروباری کوردانی ئێزدی بەشداربوو و باسی ئەو بابەتەی کرد.
حوسێن عومەر، پێشکێشکاری بەرنامەکە پرسیاری ئەوەی لە عەلی عیسۆ کرد، ئایا دروستکردنی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون لە عەفرین بەردەوامە یان وەستاوە؟
بەڕێوەبەری دامەزراوەی ئێزدینا گوتی، "بەداخەوە پرۆسەکە بەردەوامە و ژمارەیشیان زۆر زیادیکردووە. پێشتر باسی کوێت، قەتەر و تورکیا دەکرا کە پشتگیری لە دروستکردنی ئەو کۆمەڵگایانەی عەرەبی هاوردە دەکەن. بەم دواییانە سعودیەش چووەتە نێو پڕۆژەکەوە و هاتووەتە سەر هێڵ."
عەلی عیسۆ گوتی، ئێستا سعودیە لە رۆژئاوای جندرێس کۆمەڵگەیەک دروست دەکات؛ هەروەها دامەزراوەیەکی پاکستانیش لەو بوارەدا کار دەکات.
بەڕێوەبەری دامەزراوەی ئێزدینا پێیوایە ئەو وڵاتانەی پشتیوانیی ئەو کارە دەکەن، بە هۆکاری ئایینی هاوکاریی عەرەبی هاوردە دەکەن بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون.
سەبارەت بە هەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکانی نێو ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە بەرامبەر کۆمەڵگە نیشتەجێبووەکانی عەرەبی هاوردە، عیسۆ گوتی، "لایەنە کوردستانییەکانی نێو هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەڵێن، ناتوانن کۆنترۆڵی ئەو گرووپە رادیکاڵانە بکەن کە ئەو کارە دەکەن، چونکە ئەو گرووپانە سەر بە تورکیان و گرێدراوی هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆن نین. ئەوەش راستیی تێدایە، چونکە بەشێکی ئەو هێزانە بڕیار لە هیچ هێزێکی سیاسی نێو هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆن وەرناگرن."
عەلی عیسۆ ئەو پرسیارەی کرد کە ئایا رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە ئەو کۆمەڵگایانە دروست دەکەن، پارەی دروستکردنی کۆمەڵگەکانیان لەکوێ بوو؟ بەڕێوەبەری دامەزراوەی ئێزدینا خۆی وەڵامی دایەوە و گوتی، "بێگومان یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەنێوان رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هەیە."
عیسۆ پرسی، ئەگەر نوێنەرانی کورد نەتوانن کاریگەری دروست بکەن، بۆچی دەبێت لەنێو ئەو هاوپەیمانییە کار بکەن؟
هەرێمی عەفرین لە سەرەتای ساڵی 2018 لە لایەن سوپای تورکیا و هێزە نزیکەکانی تورکیا لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا داگیرکرا و دوای ئەوەش بەعەرەبکردن دەستی پێکرد. لە تشرینی یەکەمی 2019یشدا ناوچەکانی سەرێ کانی و گرێ سپی لە لایەن هەمان ئەو هێزانەوە داگیرکران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ