سەرۆکی کۆمیسیۆن: رێکاری زۆر باشمان هەیە بۆئەوەی یاری بە ئەنجامی هەڵبژاردن نەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان راگەیاند. بانگەشە کاژێر 12:00ی ئەمشەو دەستپێدەکات و تاوەکو کاژێر 12:00ی شەوی 15-10-2024 بەردەوام دەبێت.
 
حاکم عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، "رێکاری زۆر باشمان هەیە بۆئەوەی بە هیچ شێوەیەک یاری بە ئەنجامەکان نەکرێت. دەبێت هەموو کەسێک کارتی بایۆمەتریی پێبێت. ئەو ئامێرانەی لە رۆژی دەنگدان بەکاردەهێندرێن، بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت دزەیان تێدا بکرێت. بۆیە هەموو کەس دڵنیا دەکەینەوە کە باشترین هەڵبژاردن دەبێت لە ساڵی 2005ـەوە تاوەکو ئەمڕۆ."
 
هەزار و 191 کەس کە پێکهاتوون لە 823 پیاو و 368 ژن، خۆیان بۆ بەدەستهێنانی 100 کورسیی پەرلەمان بەربژێر کردووە، کە پێنجیان کۆتای تورکمان و کریستیانن. 38 کەسیش خۆیان بۆ پێنج کورسیی کۆتاکە بەربژێر کردووە کە 20یان تورکمان و 18یان کریستیانن.
 
نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، "کۆمیسیۆن سێ جۆری سەرپێچی دەنووسێت. پێبژاردن کە بەربژێر بە پارە سزادەدرێت؛ دەستگیرکردن هەیە لە مانگێک تاوەکو ساڵێک؛ ئەگەر سەرپێچییەکەش گەورە بێت، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دەتوانێت ئەو بەربژێرە دووربخاتەوە. داوا لە بەربژێرە بەڕێزەکان دەکەم بە شێوەیەکی ئارام و لەسەرخۆ ئەو رۆژانەی دیاریکراوە بانگەشەی هەڵبژاردن بەڕێوەببەن"
 
بڕیارە 20ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت؛ کۆمیسیۆن 173 تیمی چاودێریی لە هەرێمی کوردستان پێکهێناوە بۆ تۆمارکردنی سەرپێچییەکان؛ چوار ناوەندیی لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان هەیە بۆ وەرگرتنی راپۆرتی پێشێلکارییەکان.