رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، لە زۆربەی گۆڕستانەکانی نێو شاری سلێمانی جێگە نەماوە، لە گۆڕستانی نوێی سلێمانیش شوێنی گۆڕ بە کەس نافرۆشن.
ئەمڕۆ سێشەممە 24-09-2024 زەردەشت رەفیق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی بە رووداوی گوت، "گۆڕستانێكی نوێمان ئامادە کردووە، کە رووبەرەکەی زیاتر لە 200 دۆنم زەوییە و نزیک پرۆژەی شاری مامۆستایانە؛ لەو گۆڕستانە نوێیە رێگەوبان، پاسەوان و چەند پێداویستییەكی دیكەمان بۆ تەرخان كردووە."
ئەو بەرپرسەی شارەوانیی سلێمانی باسی شێوازی پێدانی زەویی بە کەسوکاری مردووەکان کرد و گوتی، "لەو گۆڕستانەدا، یەک شوێن بۆ کەسوکاری مردوو تەرخان دەکرێت، وەکو شوێنەکانی دیکەی کوردستان 100 مەتر، یان 75 مەتر و 50 مەتر بە کەس نادرێت. دەبێت گۆڕەکان یەک مەتر لە یەکدی دوور بن. لە بەرامبەردا هیچ بڕە پارەیەک وەرناگرین و زەویی گۆڕستان بە کەسوکاری مردوو نافرۆشین."
سەبارەت بە نرخی هەڵکەندنی گۆڕیش، زەردەشت رەفیق گوتی، "ئەو کەسانەی گۆڕەکە هەڵدەکەنن سەر بە کەرتی تایبەتن و بە تەندەر بۆیان دەرچووە. پێشتر نرخی گۆڕ هەڵكەندن لە گۆڕستانەكانی دیكە بۆ گەورە 150 هەزار و بۆ منداڵ 75 هەزار دینار وەردەگیرا، بەڵام لە گۆڕستانی نوێی سلێمانی، نرخەكان داشكێندراون، بە جۆرێک گۆڕی گەورە بە 100 هەزار و منداڵیش بۆ 30 هەزار دینار كەمكراوەتەوە."
لە سنووری شاری سلێمانی 25 گۆڕستان هەن، زۆربەیان پڕبوونەتەوە و شوێنی ناشتنی مردوویان نەماوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ