لە هەرێمی کوردستان تیروپشک بۆ حەجکردن دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی گەشتوگوزار و حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، سبەی لە هەرێمی کوردستان تیروپشک بۆ ئەو کەسانە دەکرێت کە دەیانەوێت بچنە حەج.
رێبوار ئازاد، بەڕێوەبەری کارگێڕی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی گەشتوگوزار و حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، رۆژی سێشەممە، 24-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەگەر هیچ پێشهاتێک روونەدات، بڕیارە سبەی چوارشەممە تیروپشکی بۆ ئەو ناوانە بکرێت، کە بۆ ساڵی 2025 دەچنە حەج".
بەڕێوەبەری کارگێڕی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی گەشتوگوزار و حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، گوتیشی: "راکێشانی تیروپشکەکە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەکرێت".
25ی مانگی رابردوو پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان فەرمانێکی دەرکرد و تێیدا رایگەیاند، ئەم ساڵ هیچ ناوێکی نوێ بۆ چوونە حەج نانووسرێت.
16-12-2023 تیروپشک بۆ ئەو کەسانە کرا کە فۆرمی حەجیان پڕکردبووەوە، لەوانەش 65 هەزار و 195 کەس لە ساڵی 2017 و 56 هەزار و 669 کەسیش لە ساڵی 2023 داوایان بۆ چوونە حەج پێشکێش کردبوو؛ لە تیروپشکەکەدا ناوی 4174 کەس بۆ حەجی ساڵی 2024 دەرچوو.
وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، تەواوی ئەو کەسانەی لە ساڵانی 2023 و 2017 ناویان نووسیبوو، ناویان لە تیروپشکی حەجی 2025دا دەبێت.
پێشتر بۆ حەجی ساڵی 2024 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، ئەوانەی ناویان دەرنەچێت ناویان دەسڕنەوە و جارێکی دیکە ناویان ناچێتەوە تیروپشکەوە، ئەگەر دووبارە ناو تۆمارنەکەنەوە.
لە 14 پارێزگای عێراق و پارێزگای کەرکووک، رۆژی 05-09-2024 تیروپشکی ناوی حاجیان بۆ سێ ساڵی داهاتوو لە عێراق بەڕێوەچوو، کە زیاتر لە سێ ملیۆن کەس داواکارییان پێشکێش کردووە.