رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی ئەمڕۆ بڕی 250 ملیار دینار خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی، وەزارەتەکە لە هەمان رۆژدا لیستی نوێی دابەشکردنی مووچەی بڵاوکردەوە، کە لە ماوەی 14 رۆژدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش دەکرێت.
بەپێی ئەو خشتەیەی لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، دابەشکردنی مووچە لە سبەی (دووشەممە، 25-09-2023) بە وەزارەتی تەندروستی دەستپێدەکات و رۆژی یەکشەممەی 8-10-2023 بە دابەشکردنی مووچەی خانەنشینیی پێشمەرگە کۆتایی دێت.
ئەمڕۆ، بانکی رافیدەین بڕی 250 ملیار دیناری خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "بڕیارە لە 24 کاژێری داهاتوودا بانکی رەشید 250 ملیار دیناری دیکە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت."
دابینکردنی ئەو پارەیە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە، زیاتر لە دوو مانگە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەیان وەرنەگرتووە، ئەو مووچەیەی لە سبەیەوە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت، مووچەی مانگی تەممووز (حەوت)ـیانە.
بڕیارە حکومەتی عێراق بڕی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار وەک قەرز بە هەرێمی کوردستان بدات تاوەکو دەگەنە رێککەوتن و کێشەکانیان لەسەر بەشەبودجە چارەسەر دەکەن، ئەو بڕە پارەیەش بڕیارە لە ماوەی سێ مانگدا بنێردرێت، (هەر مانگی 700 ملیار دینار) بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت لەگەڵ بەشێکی داهاتی ناوخۆ، مووچەی مانگانە دابین بکات.
سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی بۆ رووداو، هەروەها گوتی "بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا 200 ملیار دیناری دیکە لەلایەن تی بی ئایەوە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت."
رۆژی چوارشەممە 20-09-2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران وەزارەتی دارایی راسپارد، لە کاتی گەیشتنی پارەدا لە زووترین کات دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ