دادگەی فیدراڵیی عێراق ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی هەڵوەشاندەوە
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی فیدراڵیی عێراق بە هەڵوەشاندنەوەی یاسایەکی هەموارکراوی پەرلەمانی کوردستان کە تەمەنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی درێژکردبوویەوە، ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی هەڵوەشاندەوە. سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێت، بەهۆی بڕیارەکەی دادگەوە دەکەونە بۆشایی یاساییەوە.
رۆژی یەكشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2023، عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ دادگەی فیدراڵی بڕیارەکەی داوە."
عەلی رەشید گوتی، "دانیشتنی دادگەی فیدراڵی لەسەر ئەنجوومەنی پارێزگاکان نەبووە و لەسەر پەرلەمانی کوردستان بووە، کە یاسای ژمارە 2ـی ساڵی 2019ـی بە نادەستووری لە قەڵەم داوە، یاساکەش هەمواری یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2009یە و بە دوو بڕگە هەمواری کراوەتەوە. یەکێکیان دەڵێت: ئەنجوومەنەکان بەردەوام دەبن لە کاری خۆیان و ئەوی دیکەش دەڵێت پارێزگار لە دەرەوە و ناوەوەی ئەنجوومەن هەڵدەبژێردرێت کە پێشتر تەنیا لە ئەنجوومەن هەڵدەبژێردرا".
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، "ئێمە لەگەڵ بڕیارەکەدا دەکەوینە بۆشاریی یاساییەوە. نازانین چۆن هەڵسوکەت لەگەڵ بڕیارەکەدا بکەین. دواتر لیژنەی یاساییمان کۆ دەبێتەوە بزانین چی بکەن".
دەبووایە 23ـی حوزەیرانی 2018 هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکرایە. عەلی رەشید دەڵێت، رێکنەکەوتنی سیاسی هۆکاربووە هەڵبژاردن لەو کاتەدا نەکراوە.
لە 30ـی نیسانی 2014 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەڕێوەچوو، عەلی رەشید گوتی، "23ـی حوزەیران 2014 سوێندی یاساییمان خوارد کە بۆ ماوەی چوار ساڵ بووینە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا."