پاسپۆرتی سلێمانی: زیاتر لە 74 هەزار مامەڵەی پاسپۆرت تەواوکراون، بەڵام دەفتەر نییە بدرێنەوە

24-09-2023
پەیمان محەممەد
نیشانەکردن پاسپۆرت دەفتەری پاسپۆرت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی پاسپۆرتی سلێمانی رایگەیاند، زیاتر لە 74 هەزار مامەڵەی پاسپۆرت تەواو بوون، بەڵام دەفتەر نییە بۆ ئەوەی بە خەڵک بدرێنەوە؛ دەڵێت، ''رۆژانە نزیکەی 450 مامەڵەی پاسپۆرت بەڕێ دەکەین."
 
رۆژی یەکشەممە، 24-09-2023، عەمید سالار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پاسپۆرتی سلێمانی، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشی کرد، رایگەیاند، ئامێری دەرهێنانی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی لە بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی هەڵەبجەش دادەنرێت.
 
عەمید سالار عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد، لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان دەفتەری پاسپۆرتی جۆری A کەمبووەتەوە و گوتی، ''لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و چەمچەماڵ، زیاتر لە 74 هەزار مامەڵەی پاسپۆرت لە ماوەی 9 مانگی رابردوودا تەواو بوون، بەڵام دەفتەر نییە بیاندرێتەوە، تەنیا بۆ حاڵەتی زۆر پێویست نەبێت.''
 
بەڕێوەبەری گشتیی پاسپۆرتی سلێمانی گوتی، ''دوای ئەوەی کە [عەبدولئەمیر شەمەری،] وەزیری ناوخۆی عێراق سەردانی پارێزگای سلێمانی کرد، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای چارەسەرکردنی کێشەی دەفتەری پاسپۆرت و هێنانی سیستمی نوێی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی وەک چارەسەری کۆتایی بۆ شاری هەڵەبجە لێکرد.''
 
بە گوتەی عەمید سالار عەبدوڵڵا، 21ـی ئەم مانگە، هەموو ئامێر و پێداویستییەکانی تایبەت بە دەرهێنانی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی گەیشتوونەتە سلێمانی و بڕیارە لەلایەن تیمێکەوە ئامادەکاری بۆ دانانی ئامێرەکان لە پارێزگای هەڵەبجە بکرێت، گوتیشی، ''لەو رۆژەوە کە سیستمەکە دەبەسترێت، کێشەی پاسپۆرتی نوێ چارەسەر دەبێت و تەنیا کێشەی ئەوانەی پێشتر دەمێنێتەوە کە مامەڵەیان کردبوو.''
 
''نۆرەگرتنەوەی ئەلیکترۆنی نامێنێت''
 
وەک بەڕێوەبەری گشتیی پاسپۆرتی سلێمانی دەڵێت، ''ئێستا لە سلێمانی، نزیکەی 400 هاووڵاتی بە شێوەی ئەلیکترۆنی مامەڵەی پاسپۆرتی نوێیان بۆ دەکرێت؛ نزیکەی 50 هاووڵاتیی نەخۆش و خاوەن پێداویستیی تایبەتیش سەردانمان دەکەن، واتا هەموو رۆژێک نزیکەی 450 هاووڵاتی بەڕێدەکەین، هیوادارین بتوانین لە هەفتەی داهاتوودا ئەو ژمارەیە بەرزبکەینەوە بۆ سەروو 500 پاسپۆرت.''
 
سالار عەبدوڵڵا ئەوەشی خستەڕوو، تێکڕای داواکاریی هاووڵاتییان بۆ دەرهێنانی پاسپۆرت لە هەڵەبجە، رۆژانە نزیکەی 150 هاووڵاتییە، ''بۆیە بە بەستنی ئەو سیستمە کێشەی مامەڵەی پاسپۆرت چارەسەر دەبێت و دەتوانرێت رۆژانە تاوەکو 400 هاووڵاتیش مامەڵەی بۆ بکرێت.''
 
بەڕێوەبەری گشتیی پاسپۆرتی سلێمانی گوتیشی، لە داهاتوویەکی دووردا سیستمی نۆرەی ئەلیکترۆنی نامێنێت و هاووڵاتییان دەتوانن بێ نۆرەگرتنەوەی پێشوەختە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پاسپۆرت بکەن، ''چونکە بەرهەمهێنانی پاسپۆرت زۆر بەرز دەبێتەوە، هەروەها لە داهاتوویەکی دوورتردا پاسپۆرتی هاووڵاتییان لە رێگەی پۆستەوە دەگاتەوە دەستیان.''
 
نرخی دەرهێنانی پاسپۆرت لە هەرێمی کوردستان 91 هەزار دینارە، ئەوە لەکاتێکدایە پێشتر 29 هەزار دینار بوو، سالار عەبدوڵڵا لەوبارەیەوە گوتی، ''بۆ قەرەبووی نرخی دەرهێنانی پاسپۆرت، بیر لەوە کراوەتەوە کە یان ژمارەی پەڕەکانی پاسپۆرت لە 48 پەڕەوە زیاد بکرێن یان ماوەکەی لە هەشت ساڵەوە بۆ 10 ساڵ زیاد بکرێت.'' 
 
بەڕێوەبەری گشتیی پاسپۆرتی سلێمانی دەشڵێت، دەفتەری پاسپۆرتی جۆری B (ئەلیکترۆنی) کێشەی نییە و بە هەر ژمارەیەک لە بەردەستە، ''بەڵام ئێستا پاسپۆرتی جۆری A (کۆنەکە) کێشەی هەیە و عێراق گرێبەستێکی بۆ بەرهەمهێنانی یەک ملیۆن دەفتەری پاسپۆرت کردووە کە لە قۆناخی یەکەمدا دەست بە دروست کردنی 500 هەزار دەفتەر کراوە.''
 
سالار عەبدوڵڵا ئاشکرای کرد، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو سێ هەزار و 600 دەفتەری پاسپۆرت بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پاسپۆرتی سلێمانی نێردراون و دابەشکراون بەسەر سلێمانی، هەڵەبجە، کەلار، رانیە و چەمچەماڵدا و گوتیشی، ''هەر ئیدارەیەک 600 دەفتەری پاسپۆرتمان بۆ ناردووە، جگە لە هەڵەبجە کە هەزار و 200 پاسپۆرتی پێ دراوە و بەسەر هاووڵاتییاندا کە پێشتر مامەڵەیان کردووە دابەش دەکرێت.''
 
بەڕێوەبەری گشتیی پاسپۆرتی سلێمانی دەشڵێت، لە سلێمانی مامەڵەکردن بە پاسپۆرتی جۆری A نەماوە جگە لەگەڵ ئەو کەسانەی کە پێشتر داواکارییان پێشکێشکردووە، گوتیشی، ''نزیکەی پێنج هەزار پاسپۆرت لە پارێزگای سلێمانی هەن کە لە 10 ساڵی رابردوودا لەلایەن خاوەنەکانیانەوە وەرنەگیراونەتەوە.''

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە