250 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان نێردرا
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، 250 ملیار دینار خراوەتەسەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، چاوەڕوان دەکرێت لە 24 کاژیری داهاتوودا 250 ملیاری دیکە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت.
رۆژی یەکشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2023، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، "کەمێک لەمەوبەر بڕی 250 ملیار دینار لە رێگەی بانکی رافیدەینەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق."
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە محەممەد شێخ فاتیح، پێشکێشکاری ئابووری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "چاوەڕوان دەکرێت لە 24 کاژێری داهاتوویشدا بانکی رەشید 250 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت".
بڕیارە حکومەتی عێراق 700 ملیار دینار بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان بە قەرز بنێرێت. لەبارەی 200 ملیارەکەی دیکەوە، سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی گوتی، "بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا 200 ملیار دیناری دیکە لەلایەن تی بی ئایەوە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت."
14ـی ئەم مانگە شاندێک بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەغدا و هەولێر کە تایبەتن بە مووچە سەردانی بەغدایان کرد، جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی عێراق و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان کۆبوونەوە.
لەدوای سەردانەکەی شاندە باڵاکەی حکومەت بۆ بەغدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە و بڕیاریدا بڕی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بە هەرێمی کوردستان بدات بۆ ماوەی سێ مانگ، واتا مانگانە 700 ملیار دینار، ئەمەش بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە 920 بۆ 940 ملیار دینارە بۆ مووچە، جگە لە خەرجیی بەکاربردن و دامودەزگاکان و بودجەی وەبەرهێنان و تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا، بڕیارە ئەو کورتهێنانەی بۆ مووچە دروست دەبێت، لە داهاتی نێوخۆ پڕبکرێتەوە.
حکومەتی عێراق رایگەیاندووە، بۆ تەواوی ئەمساڵ سێ قەرزی 700 ملیاری بۆ مانگەکانی 9، 10 و 11ـی 2023 بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت، بەڵام وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەوان دابەشکردنی مووچە لە مانگی تەمموزەوە دەستپێدەکەن و مووچەکانی دیکەش بۆ مانگەکانی ئاب و ئەیلوول دەبێت.