تورکیا لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان مەرج لەسەر عێراق دادەنێت

رووداو دیجیتاڵ

زیاتر لە شەش مانگ بەسەر راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانی پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق لەدژی تورکیا تێدەپەڕێت، عێراق سکاڵاکەی لە تورکیا بردەوە، ئەنقەرە بە پێدانی قەرەبووی یەک ملیار و 400 ملیۆن دۆلار بە عێراق پابەندکراوە.

 

عێراق سکاڵایەکی دیکەشی لەسەر تورکیا کردووە لەبارەی هەناردەی نەوت لەڕێگەی بۆری بە بەندەری جەیهان لە ساڵانی 2018 بۆ 2022، بەڵام تورکیا دەیەوێت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە هەردوو سکاڵاکە رزگاری ببێت.
 
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، بە دیار کوردە، نێردراوی رووداو لە 78ـەمین کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، راگەیاند، ئەوەی لە بەغدا دەیبیستین، مەبەست لێی ئەوەیە ئەو پابەندییانەی بەرامبەر بە تورکیا هەن دەبێت جێبەجێی بکات.''
 
سەفین دزەیی هەروەها رایگەیاند "هەرچەندە بەشێوەیەکی فەرمی باس نەکراوە، بەڵام عێراق کەیسێکی دیکەی دژی تورکیا ورووژاندووە، تورکیاش دەیەوێت لەبەرامبەر کشاندنەوەی سکاڵای یەکەم بەبێ پێدانی قەرەبووەکە و، لابردنی سکاڵای دووەم، دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت بکات." 
 
هەر لەسەر پرسی بودجە و داهاتی نەوت لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، لە وەڵامێکی رووداودا، وەزیری دەرەوەی رووسیا پێشوازی لە گفتوگۆی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد.
 
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، لەسەر پرسی بودجە و داهاتی نەوت لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە نیویۆرک، لە وەڵامێکی رووداودا گوتی، "دوایین جار کە لە عێراق بووم، سەردانی هەولێریشم کرد، وا دیاربوو ئەو کەشەی لە هەولێر و بەغدا هەیە سەرنجیان لەسەر چارەسەر کردنی کێشەکان بوو، لەسەر کێشەکانی دیکەش، پێویستە حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، بە سازشکردن بۆ یەکتر چارەسەریان بکەن."
 
تاوەکو ئێستا راگرتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان زیانی شەش ملیار دۆلاری بە داهاتی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیاندووە و دیاریش نییە کەی هەناردەکردنەوە دەستپێدەکەنەوە. 
 
د. بیلال وەهاب، شرۆڤەکاری ئابووری و سیاسی و لێکۆڵەر لە پەیمانگەی واشنتن لە هەڤپەیڤینێکدا لە رووداو باسی لەوە کرد، "بە کورتی کێشەکە ئەوەیە؛ عێراق دەیەوێت خاڵێکی سیاسی لەسەر تورکیا تۆمار بکات، تورکیاش بە رەوای نابینێت خۆی لە بەرامبەر عێراق بە دۆڕاو بزانێت، بۆیە دەیەوێت لەڕێگەی نەوت، ئاو و تەنانەت درۆن گوشار لە عێراق بکات، تاوەکو بۆی دابهێنێت و، بەشی دووەمی سکاڵاکەشی لە دادگەی پاریس بکشێنێتەوە." 
 
رۆژی 22ـی ئەیلوولی 2023، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆڕبەندی "لووتکەی جیهانیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست." لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان گوتی، لایەنی تورکی روونی کردووەتەوە، کە هەندێک کێشەی تەکنیکی هەن. ئێمەش چاوەڕێی پشتڕاستکردنەوەی قەبارەی کێشە تەکنیکییەکانی بۆرییەکەین بۆ ئەوەی دەست بە هەناردە بکەینەوە."