رووداو - سلێمانی
بایکۆتی پزیشکان بەهۆی پێنەدانی مووچەکانیان لە کاتی خۆیدا، مەرگی دوو کەسی لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا لە سەیدسادق و شارەزوور لێکەوتووەتەوە.
یەکێک لەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستدا، بریندارێکی رووداوێکی هاتووچۆ بوو بەناوی کەیوان، کە بە پیکاب برایە بەردەم نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگی شارەزوور، بەڵام پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەکە مانیان گرتبوو، ناچار بە ئۆتۆمبێلێکی تایبەت رەوانەی سلێمانی کراوە، بەڵام لە نیوەی رێگە گیانی لەدەستداوە.
کەیوان پێشمەرگە بووە، دوو منداڵی تەمەن پێنج ساڵ و حەوت ساڵی هەیە، بەهۆی کەمیی مووچە و دواکەوتنیەوە کاری کرێکاریشی دەکرد. هەرێم محەممەد، برای کەیوان دەڵێت، "لە سلێمانی لە ئیشکردن دەگەڕایەوە بۆ هەڵەبجەی تازە، بەڵام لە رێگەدا تووشی رووداوێکی هاتووچۆ بوو، لەوێ بە پیکابێک بردبوویان بۆ نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگ، نزیکەی نیو کاژێر لەوێ مابووەوە، بەڵام نە پزیشک نە کارمەند، نە شۆفێری ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنی لێنەبوو، ئێمەش کە زانیمان خێرا بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆم بردم بۆ سلێمانی، لە رێگە گیانی لەدەستدا، بەڵام ئەگەر پزیشکی لێبووایە و ئۆکسجینی بۆ دابنایە نەدەمرد، چونکە رووداوەکە بەو جۆرە نەبوو پێی بمرێت."
کەیوان تاکە قوربانی نەبوو، یوسف هەورامانی تەمەن دوو مانگیش رۆژی هەینی برایە دوو نەخۆشخانە لە سەیدسادق و عەربەت، بەڵام هیچ پزیشکێکی لێ نەبوو، لە رێگەی سلێمانی گیانی لەدەستدا.
عەلی شامەیی، دانیشتووی شارەزوور دەڵێت، "ئەم بایکۆتە شتێکی باش نییە و پێمان ناخۆشە، شارێکی وا گەورە نابێت بێ نەخۆشخانە بێت، بەڵام دەبێت حکومەتیش مووچەی مووچەخۆران بدات."
ئەحمەد حەمەئەمین، دانیشتووی شارەزووە ئاماژەی بەوە کرد، "خەڵکی ئەم شارە هەموو هەژارن، ناکرێت نەخۆشخانەی حکومی نەبێت، ئەم گەنجەش کە ئاوای لێهات، زۆر ناڕەوایە؛ چۆن هیچ کەسێک، تەنانەت ئۆتۆمبێلێکی فریاکەوتن، نەبێت بیباتە سلێمانی."
لەدوای ئەم رووداوانە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی رۆژهەڵات بڕیاری کردنەوەی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکانی سەیدسادق و شارەزوور و پێنجوێنی دا و لە نووسراوێکدا رایگەیاند، هەر کەسێک پێوەی پابەند نەبێت، سزا دەدرێت.
لە 13ی ئەم مانگەوە بەهۆی دابەشنەکردنی مووچەکانی مانگی تەممووز، ئاب و ئەیلوولەوە بایکۆتی تەندروستکاران لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، جگە لەو بەشانەی رووداوی گەرم چارەسەر دەکەن، راگەیێندرا؛ بەڵام لە قەزای سەیدسادق و شارەزوور هەموو بەشەکان، بە رووداوی سارد و گەرمەوە، بایکۆت راگەیێندرا.
بێ مووچەیی، هاونیشتمانییانی دابەشی دوو بەرە کردووە، نەخۆشی بێ پزیشک و پزیشکی بێ مووچە.
لەم قەیرانی مووچەدا، هێشتا ئومێدێک بۆ گەڕانەوەی دۆخی جاران و دابەشکردنی مووچە هەیە، بەڵام ئەوەی هەرگیز ناگەڕێتەوە، ئەو نەخۆشانەیە کە بێ چارە و پزیشک بۆ هەمیشە سەریان نایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ