چیرۆکی خێزانێکی هەژار لە خەبات؛ کوڕەکەیان دەستبەسەرکراوە تاوەکو قوتابخانەیەکی کۆن چۆڵ بکەن

رووداو دیجیتاڵ

خێزانێکی هەژاری حەوت کەسی، نزیکەی 10 ساڵە لە قوتابخانەیەکی کۆنی قەزای خەبات لە هەولێر دەژین، ئێستا کوڕە گەورەیان کە بژێویی خێزانەکەی دابین دەکرد، دەستبەسەر کراوە و بە خێزانەکە گوتراوە 'تاوەکو قوتابخانە کۆنەکە چۆڵ نەکەن، ئازاد ناکرێت.'
 
ئەو خێزانە، سەرقاڵی کۆکردنەوەی کەلوپەلەکانیانن، چونکە فەرمانی چۆڵکردنییان پێ راگەیێنراوە. پیاوی خێزانەکە، ماوەی 18 ساڵ پێشمەرگە بووە، لە شەڕی داعش بەهۆی نەخۆشی نەیتوانیوە لە ئەرکەکەی بەردەوام بێت، بۆیە فەرمانی دەرکردنی بۆ دەرچووە، بەڵام دوای ماوەیێکی کەم لە دەرکردنی، گیانی لەدەستداوە، بۆیە مووچەی خانەنشینیشی بۆ نەبڕاوەتەوە. 
 
کوڕە گەورەکەی ئەو خێزانە، کە بژێویی خێزانەکەی دابیندەکرد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی خەباتەوە دەستبەسەر کراوە، هێزە ئەمنییەکان پێیان گوتوون ''تاوەکو دەرنەچن، کوڕەکەتان بەرنابێت.''
 
ئەمیرە نامیق، نیشتەجێی قوتابخانەی زانستیی کۆن بە رووداوی گوت "کوڕم گیراوە و من لەنێو کەلاوەدا دانیشتووم و هەندێک منداڵی بێ باوکم هەیە. پیاوەکەم پێشمەرگەی پارتی بوو، دەرکرا چونکە نەخۆشبوو و نەیدەتوانی بچێتەوە دەوام... نە مووچەم هەیە و نە خانەنشینیش.''
 
حاڵی ئەم خێزانە، هاوشێوەی حاڵی 15 خێزانی دیکەی قەزای خەباتە، کە لە قوتابخانەکانی زانستی کۆن و باخچەی هەنجیرۆکدا دەژین، هەرچەندە فەرمانی دەرکردنیان پێگەیشتووە، بەڵام وەک خۆیان دەڵێن لەبەر هەژاری، نازانن روو لە کوێ بکەن.
 
بەڕێوبەرایەتیی پەروەردەی خەبات دەڵێت ''کارەکە، لە دەست ئێمەدا نییە و دیوانی چاودێریی دارایی فەرمانی چۆڵکردنی دەرکردووە.''
 
مەعرووف حەمەسەعید، بەڕێوبەری پەروەردەی خەبات بە رووداوی گوت ''کێشەی ئەو خێزانانەی لە قوتابخانەی زانست و هەنجیرۆکن ئەوەیە پێشتر ساڵی 2011 و 2012 قەرەبوویان وەرگرتووە. ئەوان دەرچوون، پاشان ئەوانەی ئێستا لەوێن چوونەتە جێگەیان. لەسەر داوای دیوانی چاودێری، دەبێت چۆڵی بکەن و هەندێکیان 10 بۆ 12 ساڵە لەوێن و ئاگادارکراونەتەوە دەربچن، داوای قەرەبوویان کردەوە، ئێمەش نووسراومان بۆ کردن، بەڵام وەڵامیان داینەوە، کە ئەوانە جارێک قەرەبووکراونەتەوە بۆیە جارێکی دیکە قەرەبوو بۆ ئەوشوێنە نادرێتەوە.'' 
 
ژمارەی دانیشتووانی قەزای خەبات نزیکەی 30 هەزار کەس دەبێت، بەپێی دوایین ئاماری قایمقامییەتی قەزای خەبات، رێژەی هەژاری لە خەبات  10٪ـەیە و ئەوانەی لە خانووی حکومەتدا دەژین، لەو قەزایە نزیکەی 65 یزانن.

 

بەرنامەی بەرپرساری ئەم ئێوارەیە کە رێبوار عەلی پێشکێشی کرد، تایبەت بوو بە کێشەکانی ئەو خێزانانە. وردەکاریی زیاتر لەو بەرنامەیە: