یەکێتیی مامۆستایان: داوامان لە مامۆستایان کردووە بگەڕێنەوە قوتابخانەکان

24-09-2023
نازەنین گۆران
نیشانەکردن مووچە بایکۆتکردن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان رایگەیاند، "لەگەڵ راگەیاندنی لیستی دابەشکردنی مووچە، داوامان لە مامۆستایان کردووە ئەگەر پێیان دەکرێت، بگەڕێنەوە قوتابخانەکان" پزیشکان و کارمەندانی تەندروستیش سێشەممە بڕیاری کۆتایی لەبارەی درێژەدان بە بایکۆت دەدەن.
 
رۆژی یەکشەممە 24-09-2023 وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی حەوتی راگەیاند. بەگوێرەی ئەو لیستەی بڵاوکراوەتەوە لە ماوەی 14 رۆژدا مووچەی سەرجەم وەزارەتەکان دابەشدەکرێت. 
 
ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەگەڵ راگەیاندنی لیستی مووچە، داوامان لە مامۆستایان کردووە ئەگەر پێیان دەکرێت، بگەڕێنەوە ناوەندەکانی خوێندن واتا هەڵبژاردنەکە بە دەستی خۆیانە و زۆر لە کەس ناکەین. دەبێت هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بۆ دابەشکردنی مووچەکانی دیکە بەردەوام بێت."
 
لەگەڵ دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندنی 2023-2024 رۆژی 13-09-2023ـە بەشێک لە مامۆستایانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بەهۆی وەرنەگرتنی مووچەکانی مانگی حەوت و هەشت بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد. 
 
سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت، "ئێمە داوامان لە هیچ مامۆستایەک نەکردووە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن بکەن، دژیشی نین چونکە مامۆستایان خۆیان بڕیاریان داوە، بەڵام کە مووچەی مانگی حەوت دابەشکرا، دەستپێکردن بە دەوام شتێکی باش دەبێت."
 
ئەحمەد گەرمیانی دەڵێت، "لەرێگەی لقەکانمانەوە داوامان لە مامۆستایان کردووە دەست بە دەوام بکەنەوە، بەڵام ئەوانیش دەڵێن مامۆستایان چۆن خۆیان خۆڕسکانە بایکۆتیان کرد، بۆیە با خۆیان بڕیاری گەڕانەوە بدەن."
 
کارمەندانی تەندروستی سلێمانی لەبارەی بەردەوامیدان بە بایکۆت، دابەش بوون 
 
جگە لە مامۆستایان، رۆژی 13ـی ئەیلوولی 2023، بەهۆی دواکەوتنی مووچەی مانگەکانی حەوت و هەشت، لەلایەن سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی سلێمانی، بایکۆتی دەوام لە سەرجەم ناوەندەکانی تەندروستی، بنکە، مەڵبەند، سەنتەرە تەندروستییەکان، نەخۆشخانەکان و سەرجەم دامەزراوە تەندروستییەکان راگەیێندرا.
 
لەبارەی گەڕانەوەی پزیشکان بۆ ناوەندە تەندروستییەکان، هاوژین عوسمان، سەرۆکی لقی سلێمانی کارمەندانی تەندروستی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سبەی مووچەی تەندروستی دابەشدەکرێت، دوو سبەی کۆبوونەوەیەک دەکەین بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی بدەین لەبارەی گەڕانەوە بۆ سەر کار، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی نەدراوە، ئەمڕۆش هەر لەوبارەوە کۆبوونەوەیەکمان کرد، کارمەندان دابەشبوونەت، بەشێک پێیان باشە دەست بە دەوام بکەنەوە و بەشێکی دیکەیان داوای دوو مووچە دەکەن."

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە