بەرپرسیار؛ بۆچی نابیستان مافی وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێرییان نەبێت؟


رووداو دیجیتاڵ

لە هەرێمی کوردستان یاسای تایبەت بە پێدانی مۆڵەتی شۆفێری بە کەسانی نڤیشک بەپێی رێنماییە بەرکارەکان لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پێیوایە، رێنماییە بەرکارەکان بەربەستی گەورەن لەبەردەم ئەوەی کەسێکی نابیست بتوانێت مۆڵەت وەربگرێت. 
 
بەڕێوەبەری لیژنە پزیشیکییەکانیش بە پێویستی دەزانێت وەزارەتی ناوخۆ مەرج دابنێت بۆ ئەوەی ئەوانیش لەسەر ئەو بنەمایە بتوانن مامەڵە لەگەڵ کەمبیستەکان بکەن. شارەزایەکی یاساکانی هاتووچۆش پێیوایە "بێدادییە نابیستان مافی ئەوەیان نەبێت ئۆتۆمبێل لێبخوڕن" و دەشڵێت: "لە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل ئەوەی کە گرنگە تێگەیشتنە لە یاسا و رێساکانی هاتووچۆ و چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەو یاسا و رێسایانە".
 
لە هەرێمی کوردستان هەشت هەزار نابیست هەن، لە هەولێر سێ هەزار کەس، لە دهۆک دوو هەزار و 600  کەس، لە سلێمانی هەزار و 900 کەس و لە هەڵەبجە 650 کەس. 
 
خواستێکی زۆر لەلایەن نابیستانەوە هەیە بۆ ئەوەی مۆڵەتی شۆفێرییان پێبدرێت، بەهۆی ئەو بەربەستانەی لە ژیانی رۆژانەیان رووبەڕووی دەبنەوە، بەهۆی ئەوەی بەرامبەرەکانیان لە زمانی ئاماژەی ئەوان تێناگەن. بەهۆی پێنەدانی مۆڵەتی شۆفێریش ئێستا بەشێکی زۆر لە نابیستان لەبری ئۆتۆمبێل، ماتۆڕسکیل بەکاردەهێنن، بەکارهێنانی مۆتۆڕسکیلیش لە هەرێمی کوردستان مەرجی خۆی هەیە و ئەویش بێ گرفت نییە بۆ نابیستەکان.

 

 
رۆژی هەینی، 23-09-2022، بەرنامەیەکی تایبەتی بەرپرسیار کە شەهیان تەحسین پێشکێشی کرد، بۆ تاوتوێی رێگرییەکانی بەردەم نابیستان بە تایبەت و نڤیشکان بەگشتی لە بەدەستهێنانی مۆڵەتی شۆفێری تەرخانکرا، بە میوانداری هەریەک لە د.محیێدین شەریف، بەڕێوەبەری لیژنە پزیشیکییەکان لە هەولێر، ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و هەڵکەوت عەبدوڵڵا، شارەزا لە بواری هاتووچۆ.
 
سەبارەت بەوەی بۆچی نابیستان بۆیان نییە مۆڵەتی شۆفێری دەربهێنن؟ د. محیێدین شەریف، بەڕێوەبەری لیژنە پزیشیکییەکان لە هەولێر گوتی: "ئێمە کار بەو رێنوێنییانە دەکەین کە لە وەزارەتی تەندروستییەوە بۆمان دێت، تاوەکو ئێستاش هیچ رێنوێنییەکی ورد لەو بارەیەوە نییە، بەڵکو کار بەو رێنوێنییانە دەکرێت کە لە وەزارەتی تەندروستیی بەغداوە بۆمان هاتووە. ئەوەندەی من ئاگاداریش بم تاوەکو ئێستا لە بەغدا هیچ رێنوێنییەک نییە رێگە بدات بەوانەی کەڕولاڵن مۆڵەتی شۆفێری دەربهێنن، ئەوانەی کەمبیستن بە رێژەی 30٪ ئامێری دەنگ بەرزکەرەوە بۆ گوێ بەکاردەهێنن، وەکو هەر کەسێکی ئاسایی وان و هاوشێوەی ئەوانەی کەمبینان و چاویلکە بەکاردەهێنن".
 
د. محیێدین شەریف بە پێویستی دەزانێت وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆ "مەرجەکانمان بۆ دابنێن بۆ ئەوەی ئێمەش لەسەر ئەو بنەمایە بتوانین مامەڵە لەگەڵ کەمبیستەکان بکەین، لەو رووەوەش لەسەر ئەو خاڵە هاوئاهەنگی لەنێوان وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی ناوخۆ نەبووە".
 
بەڕێوەبەری لیژنە پزیشیکییەکان لەگەڵ ئەوەیەدایە مۆڵەتی شۆفێری بە نابیستان بدرێت و دەڵێت: "من لەگەڵ ئەوەم مۆڵەتیان پێبدرێت بە مەرجێک بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆش هاوئاهەنگ بێت و هێمای تایبەتی هاتووچۆیان بۆ دابنرێت".
 
ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەدا کە "لەم کابینەیەدا وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دوو نووسراوی ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ کردووە و داوایکردووە مۆڵەتی شۆفێری بۆ کەمئەندامان و خاوەن پێداویستییەکان دەستەبەر بکرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەوانیش هیچ زانیارییەکیان نەبوو لەوبارەیەوە، پێش ئەوەی هەمواری یاساکەش بکرێتەوە، داوای لێکۆڵینەوەی دۆخەکەیان کرد، ئەوەبوو ماوەیەکی زۆر خەریک بوون، بەڵام بەداخەوە وەکو پێویست هیچیان دەستنەکەوت. لە دوای هەمواری یاسای کەمئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت، جارێکی دیکە جەنابی وەزیر نووسراوێکی دیکەی کردەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ، تێیدا داوای رێنوێنیی نوێی کرد بۆ پێدانی مۆڵەتی شۆفێری، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامی پێویستمان دەستنەکەوتووە".
 
بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، "ئەو بابەتە ئەوەندەی ئەرکە لەسەر وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی تەندروستی کە مۆڵەتی شۆفێری بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت دەستەبەربکەن، ئەوەندە لەسەر ئێمە نییە".
 
ئاریان ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا کە "تاوەکو ئێستا رێنوێنییەک لەبەر دەستی نە تەندروستی هەیە بۆ ئەوەی مۆڵەت بە کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت بدات، نە لەبەردەستی وەزارەتی ناخۆش هەیە، بۆیە پێویستیان بە سەرلەنوێ هەمواری رێنوێنییەکانی مۆڵەتی شۆفێری هەیە بۆ کەمئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت".
 
 
لە ماددە 6 لە یاسای ژمارە 8ی هەمواری یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەمئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەتی ساڵی 2021 لە هەرێمی كوردستاندا هاتووە، "خاوەن کەمئەندامیی و کورتەباڵایان مافی دەستکەوتنی مۆڵەتی شۆفێرییان هەیە بەپێی رێنماییە بەرکارەکان لە هەرێمی کوردستان"، بە بڕوای ئاریان ئەحمەد، ئاستەنگە گەورەکە لەو یاسایە ئەوەیە کە دەڵێت، "بەپێی رێنماییە بەرکارەکان لە هەرێمی کوردستان، ئێستاش رێنماییەک لەبەردەم لیژنەی پزیشکی نییە بۆ ئەوەی رێگە بە کەسێکی کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت بدات مۆڵەتی شۆفێری دەربهێنێت".
 
رێنماییەکانی پێدانی مۆڵەتی شۆفێریی تایبەت بە نابیست و لاڵ لە حکومەتی عێراق بەپێی گشتاندنی ژمارە 571 لە رۆژی 24-2-2015، بریتین لە:
 
آ- لاڵ مۆڵەتی شۆفێریی تایبەتی پێدەدرێت بەمەرجێک بتوانێت لە نووسین تێبگات.
 
ب- لاڵ و نابیست مۆڵەتی شۆفێریی تایبەتی پیدەبەخشرێت تا ئەو کاتەی لە نووسین تێبگات.
 
ت- ئەو کەسانەی بیستنیان لاوازە و ئەوانەی ئاستی بیستنیان لە ناوەند بۆ زۆرە لەنێوان (55 بۆ 77 یەکەی بیستنی پێوانەیی لەگەڵ توانای قسەکردن) مۆڵەتیان پێدەدرێت.
 
س: فەرمانگەی هاتووچۆ کە مۆڵەتی شۆفێرییەکە دەدات هێمایەک لەسەر مۆڵەتی شۆفێرییەکە دادەنێت، هێما بۆ لەدەستدان یان لاوازیی بیستن دەکات و هێمای نێودەوڵەتیی ناسراو بۆ ئەو مەبەستە بەکاردەهێنرێت.
 
ج- نابیست و لاڵ کە لەم رێنماییانەدا هاتوون پابەند دەکرێن بە دانانی هێمای نێودەوڵەتی لەسەر جامی پێشەوە و پشتەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان کە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئەوان لاڵن.
 
هەڵکەوت عەبدوڵڵا، شارەزا لە یاساکانی هاتووچۆ پێیوایە "بێدادییە ئەگەر خاوەن پێداویستیی تایبەت بەتایبەتی کە قسە لەسەر ئەو کەسانە دەکەین کە نابیستن، مافی ئەوەیان نەبێت ئۆتۆمبێل لێبخوڕن. لەبەر ئەوەی لە زۆربەی وڵاتانی دونیا لە پێشدا رێگەپێدراو نەبوون، بەڵام ئێستا لە دونیادا ژمارەی ئەو دەوڵەتانەی کە مۆڵەتی شۆفێری بە نابیستەکانی نادەن، زۆر کەمە و ناگاتە 30 وڵات، ئەمەش شایەنی هەڵوەستە لەسەرکردنە".
 
بە بڕوای هەڵکەوت عەبدوڵڵا، "خاوەن پێداویستیی تایبەت کە نابیستە، پێویستی بە چەند شتێک هەیە بۆ ئەوەی ببێت بە شۆفێر، یەکەمیان ئەوەیە میکانیزم و شێوازێکی مۆڵەتپێدان بۆ ئەوانە دابنرێت کە بریتییە لەوەی چۆن وانەیان پێدەگوترێتەوە لەڕووی تیۆری و پراکتیکییەوە، دوایی بە چ شێوازێک تاقیدەکرێنەوە. ئەمە پێی دەگوترێت قۆناخی پێش وەرگرتنی مۆڵەت، ئەمەش لە هەموو دونیادا ئامادەکاری بۆ کراوە و شێوازی جۆر بە جۆر دەدۆزنەوە، یەکێک لەو شێوازانەش بریتییە لە بەکارهێنانی لایت واتە بینین بۆ قەرەبووکردنەوەی لایەنی بیستنەکە. هەروەها دانانی هەندێک هەستەوەر لەنێو ئۆتۆمبێلەکان گۆڕینی لە دەنگەوە بۆ رەنگ، بۆ نموونە لەدواوەی ئەگەر ئەمبۆڵانس بێت بۆ نابیستێک کێشە نابێت، چونکە کاتێک لە دوورەوە دێت ئەو لایتە سوور و شینە بەهێزەی هەیەتی دەیبینێت، ئەگەر هۆڕنیش بۆ وریاکردنەوە بێت، ئەگەر لە پشتی ئۆتۆمبێلەکە هەستەوەرێک هەبێت بتوانێت ئەو هۆڕنە لە ئۆتۆمبێلی پشتی خۆی وەربگرێت و بیکات بە وێنە یان لاتێک و پیشانی نابیستەکە بدات، ئەو کێشەیەش چارەسەر دەبێت".
 
ئەو شارەزایەی یاساکانی هاتووچۆ کە ئێستا نیشتەجێی فینلاندایە ئاماژە بەوە دەدات: "لە دونیادا لێکۆڵینەوەی زۆر کراون لەسەر ئەوەی ئەوانەی کە نابیستن زیاتر رووداو دەکەن [تووشی رووداوی هاتووچۆ ببن] یان ئەوانەی کە هیچ کێشەیەکی بیستنیان نییە؟ بەپێی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە کە ژمارەی ئەوانەی کە نابیستن و رووداویان کردووە [تووشی رووداوی هاتووچۆ بوون] زۆر کەمترە لەوانەی کە کێشەی بیستنیان نییە".
 
هەڵکەوت عەبدوڵڵا پێیوایە کە لە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل ئەوەی گرنگە "تێگەیشتنە لە یاسا و رێساکانی هاتووچۆ و چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەو یاسا و رێسایانەیە، ئەگەر کەسێکی نابیست لەسەر ئەو بنەمایانە پەروەردە بکرێت، دەتوانێت لەسەر شەقام ئۆتۆمبێل لیبخوڕێت و ئەگەر پێداویستییەکانی بۆ دەستەبەر بکرێت، هیچ کێشەیەکی نییە".
 
هەڵکەوت عەبدوڵڵا پێشیوایە ئەو کێشەیە لە هیچ یەکێک لەو وەزارەتانە نییە کە باس دەکرێن، "بەڵکو لە پەرلەمانە، ئەگەر هاوشێوەی یاسای ژمارەی 86 کە هێنرایە پەرلەمان و دەنگی لەسەر درا و لە کوردستان جێبەجێکرا، ئەگەر (رێنماییەکانی پێدانی مۆڵەتی شۆفێریی تایبەت بە نابیست و لاڵ لە حکومەتی عێراق بەپێی گشتاندنی ژمارە 571 لە رۆژی 24-2-2015) ئەویش بهێندرێتە پەرلەمان و دەنگی لەسەر بدرێت، ئەوکاتە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەکانی دیکە پابەند دەبن بەوەی میکانزمی پێدانی مۆڵەت، میکانزمی پشکنینی ئەو کەسەی کە نابیستە، میکانیزمەکانی چۆنیەتی بەدەستهێنانی مۆڵەت و ئینجا پێداویستییەکانی ئۆتۆمبێل دابین بکرێت".
 
هەروەها دەشڵێت، "یان وەزارەتی ناوخۆ وەک چۆن لەم دواییە رێنمایی ژمارە 3ی دەرهێنا و مۆڵەتی گشتی و تایبەتی نەهێشت و کردی بە شێوازەکانی مۆڵەتپێدان بە ستانداردی نێودەوڵەتی.. پێشنیازێک بەرز بکاتەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان یان بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، وەکو رێنماییەک یان یاسایەک دەربچێت و جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی ئەو بێدادییەی کە دەرهەق بە نابیستانی کوردستان دەکرێت، چارەسەر بکرێت".

 

 
لە وڵاتێکی وەکو ئەڵمانیا نزیکەی 80 هەزار کەس نابیستن، نزیکەی 16 ملیۆن کەسیش کێشەی بیستنیان هەیە بە رێژەی جیاواز جیاواز، بەڵام ئەمە نەبووەتە بەربەرست لەبەردەمیان کە نەتوانن مۆڵەتی شۆفێری دەربهێنن.
 
ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا دەچێتە یەکێک لەو نووسینگانەی کە راهێنان بە نابیستان دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن مۆڵەتی شۆفێری دەربهێنن.
 
میرکۆ شێڤەر، ماوەی 23 ساڵە راهێنەرە بۆ ئەوەی کەسانی نابیست فێری شۆفێری بکات. بەگوتەی ئەو، ئەگەر کەسێکی نابیست لە ئەڵمانیا بخوازێت فێری شۆفێری بێت، "دەبێت راپۆرتێکی تایبەت لەلایەن پزیشکی قورگ و لوت و گوێچکە بهێنێت. دەبێ لە راپۆرتەکەدا بەوردی زانیارییەکان بنووسرێت، ئایا لە سەدا چەند نابیستە و ئایا ئەمەش دەبێتە کێشە بۆ شۆفێری یاخود نا. پێویستە لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بە نەبوونی کێشەی هاوسەنگی کرابێ، ئەگەر کێشەی هاوسەنگی نەبێت، ئەوا هیچ کێشەیەک نییە و کەسەکە دەتوانێت فێری شۆفێری بێت". 
 
لەبارەی مەرجی بیستن، میرکۆ شێڤەر دەڵێت: "کاتێک کەسێک لە 60% نابیستە، دەبێت ئامێری بیستن لە گوێ ببەستێت، ئەمە هاوشێوەی چاویلکە لە یاسادا هاتووە، ئەگەر لە 100٪ نابیست بن، پێویستیان بە ئامێر نییە". 
 
ئەو راهێنەرە ئاماژە بەو دەدات، لە ئەڵمانیا هیچ کێشەیەک بۆ کەسانی نابیست نییە کە فێری شۆفێری ببن و دەڵێت: "بەڵکو تەنیا راپۆرتێکی پزیشکی پێویستە، بەڵام بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێری بارهەڵگر، پێویستە ئەزموونی شۆفێری بۆ ماوەی سێ ساڵ هەبێت، ئینجا دەتوانن مۆڵەتی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر وەربگرن".