گوتەبێژی پارتی: بەهۆی جێبەجێنەکردنی دەستوورەوە بیرمان لە گشتپرسی کردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی 22-09-2017 سەرۆک بارزانی، گوتارێکی بۆ جەماوەری کوردستان لە یاریگەی نێودەوڵەتی فەرەنسۆ هەریری لە هەولێر پێشکێشکرد و رایگەیاند: بڕیاری گشتپرسیی سەربەخۆیی لە دەستی من و حیزبەکان دەرچووە و ئێستا لە دەست هاونیشتمانییان دایە.
 
ئەو رۆژە، گەلانی کوردستان بە رێبەرایەتی سەرۆک بارزانی، بڕیاریاندا سووربن لەسەر ئەنجامدانی گشتپرسیی سەربەخۆیی. باشووری کوردستان بە هاندان و پاڵپشتیی سێ پارچەکەی دیکەی کوردستان و کوردانی دیاسپۆڕا، بڕیاریدا رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببێتەوە و گشتپرسیی بۆ سەربەخۆیی بکات.
 
سەرۆک بارزانی لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، "هەڕەشەی ئەوەمان لێ دەکرێت کە سزامان دەدەن، ئەمە 100 ساڵە گەلی کوردستان سزا دەدەن، ئەرێ تێر نەبوون؟ تێر نەبوون لە سزادانی خەڵکی کوردستان؟ ئەگەر پێتان خۆشە دیسان بگەڕێنەوە بۆ سزادان، واز لە خەڵکی کوردستان بهێنن و وەرن من سزا بدەن." 
 
رۆژی یەکشەممە 25ی ئەیلوول، پێنج ساڵ بەسەر گشتپرسیی سەربەخۆیی باشووری کوردستاندا تێپەڕ دەبێت. مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی گشتپرسییەوە رایگەیاند، ئەوان [بەغدا] هەوڵیاندا دەستوور بە مەزاج و تێڕوانینی خۆیان بۆ بەڕێوەبردنی وڵات بەکاربهێنن و ئەوەی بە سوودی خۆیانە بەکاریبهێنن و ئەوانی دیکە کە بە سوودی لایەنی دیکەیە بەکارنەهێنن، ئەمە وایکرد کە خەڵکی کوردستان بیر لە سەربەخۆیی بکەنەوە.
 
هاوکات، ئازاد جوندیانی، سیاسەتڤان بە رووداوی راگەیاند: ئێمە گشتپرسیمان کرد و ئەنجامەکەیمان وەرگرت، ئەو هەموو گوشارەی کرا ئەنجامەکەی هەڵنەوەشایەوە؛ هەن دەڵێن تاپۆی رەشە و هەشن دەڵێن لەنێو قاسەیەکدا هەڵمانگرتووە. نەخێر هەڵمان نەگرتووە و کارکردن لەسەری بەردەوامە.
 
رۆژی 25ی ئەیلوولی 2017، زیاتر لە 72٪ی هاونیشتمانییانی کوردستان (ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبوو)، بەشدارییان لە گشتپرسیی سەربەخۆییدا کرد و بەڵێ بۆ سەربەخۆیی 92.7٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا.