رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەی هەمواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی خێزان و ئافرەت دوای ئەو کاردانەوەیەی بەدوایدا هات، رەوانەی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان دەکرێت.
ئەو پڕۆژەیە ساڵی 2011 ئامادەکرا و لە 10 ماددە پێکهاتبوو، بەڵام لە هەموارەکەدا چوار ماددەی بۆ زیادکرا و پەرلەمانیش رۆژی چوارشەممە 21-09-2022 خوێندنەوەی دووەمی بۆ کرد.
لە نێوەڕۆکی پڕۆژەکەدا 17 خاڵ وەکو "تاوانی تووندوتیژی" دژی خێزان و ئافرەت دانراون، کە زۆربەی پەرلەمانتاران بە پێچەوانەی نەریت و ئایینی ئیسلامی ناویان دەبەن، لەوانە بە زۆر سەرجێیکردنی هاوسەرگیری.
چەند خاڵێکی دیکەش کاردانەوەی تووندیان لێکەوتووەتەوە وەکو: - هەر کەسێک بە تاوانێکی تووندوتیژی بزانێت، دەتوانێت هەواڵ بداتە دادوەری لێکۆڵینەوە، لێکۆڵەر، یان داواکاری گشتی و ئەو کەسە وەک هەواڵدەر ناوی هێنراوە.
- دادگەی لێکۆڵینەوە یان تایبەتمەند دەتوانێت فەرمانێکی خۆپارێزی دەربکات بە دوورخستنەوەی ئەو کەسەی تووندوتیژیی خێزانی کردووە.
- ئەو کەسەی تووندوتیژی خێزانی کردووە و لە خێزان دوورخراوەتەوە، مافی پەیوەندیکردنیشی بە ئەندامانی خێزانەکەیەوە نییە، تەنیا بە رەزامەندیی ئەوان نەبێت.
لوقمان وەردەی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان باسی لەوە کرد: هەر بڕگە و ماددەیەک لەم یاسایە پێچەوانەی بنەماکانی شەریعەتی ئیسلام بێت، [دەبێت] لاببرێت و راستبکرێتەوە.
یەکێتی زانایان، هاوشانی پەرلەمانتاران هەمواری پڕۆژە یاساکە رەتدەکەنەوە و پێیان وایە، بەشێک لە ماددەکانی پێچەوانەی ئایینی ئیسلامە. عەبدوڵڵا مەلا سەعید وەیسی، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان گوتی: هەموارکردنی ئەم یاسایە پێچەوانەیە لەگەڵ هەندێک لە بنەما سەرەکییەکانی ئیسلام کە تایبەتن بە خێزان
بەشێک لەچالاکڤانانیش باس لەوەدەکەن هەندێک لەو ماددانەی ئێستا ناکۆکی لەسەرە پێشتر لە یاساکەدا هەبووە، لەوانە بە زۆر سەرجێیکردن.
پەیمان عیزەدین، چالاکڤانی ژنان و ئەندامی خوولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، "چەند هۆکارێک هەن کە ئێستا هەموارەکە زەقکراوەتەوە؛ یەکەمیان دەگەڕێتەوە بۆ کۆڵەواری و نەخوێندەواریی بەشێکی زۆری پەرلەمانتارانی ئەم خولە کە دڵنیام زۆرینەیان نە زانیویانە ئەم یاسایە ساڵی 2011 چۆن دەرچوێندراوە و نە گەڕاونەتەوە سەر پڕۆتۆکۆڵەکانی پەرلەمان بۆ خوێندنەوەی ئەو گفتوگۆیانەی لەو کاتەدا کراوە."
بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی دژی ئافرەتان و خێزانیش هەموارکردنی یاساکە بە گرنگ دەزانن و دەڵێن، زیاتر لە 11 ساڵ بەسەر دەرچوونی یاساکە تێپەڕیوە و جۆر و شێوازەکانی تووندوتیژیش گۆڕاون، بە تایبەتی هەڕەشەی ئەلیکترۆنی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ