پرۆفیسۆر عەلی قلیچ کۆچی دواییکرد


رووداو دیجیتاڵ

پرۆفیسۆر و کەسایەتیی دیاری کورد (باکووری کوردستان)، عەلی قلیچ، لە تەمەنی 79 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
 
شەممە، 24-08-2024، ئاشتیاکۆ پوور کەریم، سەرۆکی هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستان HSK، هەواڵی کۆچی دوایی پرۆفیسۆر عەلی قلیچ-ی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، رۆژی 19ـی ئابی2024 لە فەرەنسا کۆچی دوایی کردووە و ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکدا هەر لەو وڵاتە بەخاکسپێردراوە.
 
پرۆفیسۆر عەلی قلیچ، ساڵی 1945 لە دێرسیمی باکووری کوردستان لەدایکبووە. دکتۆرای فەلسەفەی لە فەڕەنسا بەدەستهێناوە، بەشێوەی زانستی شارەزایی لە هەموو شێوەزارەکانی کوردیدا هەبووە و زمانەکانی فەرەنسی، ئینگلیزی و تورکیشی بە باشی زانیوە.
 
قلیچ، دامەزرێنەی ناوەندی لێکۆڵینەوەی زانستیی کوردستان بوو لە فەڕەنسا، کە تێیدا مێژووی کوردی پاراستووە.
 
ئاشتیاکۆ پوور کەریم دەڵێت: " هەر بەڵگەیەک لەسەر پەیمانی سیڤەر بڵاوبووەتەوە ئەو لە ئەرشیڤی فەرەنسا دەریهێناوە، تەواوی نامەکانی سەید رەزای دێرسیمی لە ئەرشیڤی فەرەنسا دەرهێناون، هەروەها لە دۆسیەی هەڵەبجە دا یەکەم کەس بووە کە کاریگەری هەبوو لە بەجیهانیکردن و دەرهێنانی بەڵگەکان بۆ بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکە."