سەندیکای رۆژنامەنووسان: رێگریکردن لە رووداو نیگەرانی کردین

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە شاری سلێمانی بە بەرچاوی رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە رۆژنامەڤانان هێرش کرایە سەر تیمی رووداو، لەبەرامبەردا لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسان رایگەیاند "ئەوەی لە سەکۆی ئازاد لە سلێمانی روویدا، رەفتارێک بوو شایستەی ئەو ناوبانگە جوانەی پایتەختی رۆشنبیری نەبوو."
 
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ (24ـی ئابی 2024) هەردوو رۆژنامەڤان؛ نزار جەزا، پەیامنێر و رەنجدەر ئەمین، کامێرامانی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ رووماڵی چالاکییەک لە سەکۆی ئازادیی پارکی ئازادی لە شاری سلێمانی ئامادەبوون، لەلایەن چەند کەسێکەوە کە بە لایەنگری پەکەکە ناسراون، رێگرییان لێکرا و هێرشیان کرایە سەر و دوور خرانەوە.
 
لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لەمبارەیەوە ئەمشەو رایگەیاند "راستە ھەموو دڵمان گەرمە و جەرگمان بەسۆیە بۆ کارەساتەکەی ھەینیی خوێناوی و تیرۆرکردنی ھەردوو کچە رۆژنامەنووسی شەھید، گوڵستان و ھێرۆ، بەڵام ئازادیی میدیا و جوانیی شارەکە و رێگریکردن لە کەناڵێک، جودا لە 200 کەناڵ کە لەم دەڤەرەدا کار دەکەن، نیگەرانی کردین، رێگەدان و رێگرتن لە میدیا، کاری ئەو کەسانە نییە کە ئەمڕۆ نواندیان."
 
لەکاتی ئەو تووندوتیژییە لەبەرامبەر تیمی رووداو، چەند رۆژنامەڤانێک و سەرۆکی دوو رێکخراوی بەرگریکار لە مافی رۆژنامەڤانان ئامادەبوون و بینەری رووداوەکە بوون؛ کە تێیدا هێرش کرایە سەر رۆژنامەڤانەکانی رووداو و هەوڵدرا ئازاریان بدرێت و هاواریشیان بەسەردا کرا.
 
لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان دەڵێ  "دەبێت بزانن سەکۆی ئازاد کێ دروستی کردووە و بۆ چ مەبەستێک دروستکراوە، با بزانن سەکۆی ئازاد لەنێو دڵی کۆنە سەربازگەیەکدا دامەزرا، بە خوێنی سەدان لاو و دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ ئاودراوە، بۆ مەبەستی ئازادیی گوتن و رەخنە و گلەیی و گازەندەی ھەموو کوردستانییەکە، ھاوکات بۆ ھیچ کوردستانییەکیش نییە ئەم ئازادیە زەوت بکات."
 
چالاکییەکەی ئەمڕۆ بۆ کوژرانی هەردوو کچە رۆژنامەڤان (گوڵیستان تارا و هێرۆ بەهادین) رێکخرابوو، کە رۆژی 23-8-2024 لە نزیک سەیدسادق لە هێرشیکی درۆنیی تورکیا کوژران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە