لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە ئەرزینگان چوار کەس گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای ئەرزینگانی باکووری کوردستان، لە رووداوێکی هاتووچۆدا چوار کەس گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکە برینداربوون. 
 
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (شەممە، 24ـی ئابی 2024) ئۆتۆمبێلێک لەسەر رێگەی سەرەکیی سێواس – ئەرزینگان لە باکووری کوردستان، بەخێراییەکی زۆر خۆی بە بارهەڵگرێکدا کێشا. لە ئەنجامدا چوار سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە دەسبەجێ گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش بەسەختی برینداربوون. 
 
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی ئەرزینگان رایگەیاند، رووداوەکە لە ئەنجامی تیژڕۆیی ئۆتۆمبێلەکە روویدا، کە لە رێڕەوی خۆی دەرچووە و چووەتە رێڕەوی بەرامبەر و خۆی بە بارهەڵگرێکدا کێشاوە. 
 
بەپێی زانیارییەکان، دوو بریندارەکە تەندروستییان ناجێگیرە و بەخێرایی رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شارەکە کران. 
 
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی تورکیا، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 344 هەزار و 906 رووداوی هاتووچۆ تۆمارکراون، کە تێیدا هەزار و 533 کەس گیانیان لەدەستداوە و 215 هەزار و 646 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
ئەمە لەکاتێکدایە؛ پار بەگشتی ملیۆنێک و 314 هەزار و 136 رووداوی هاتووچۆ تۆمارکرابوون. لەو رووداوانەدا 6548 کەس گیانیان لەدەستداوە و 350 هەزار و 855 کەسیش بریندار بوون.