رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی پشووی تایبەت بە چلەی ئیمام حوسێن، ژمارەیەکی زۆر گەشتیار لە ناوچە جیاوازەکانی عێراقەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.
شوکر عەزیز، جێگری سەرۆکی لقی هەولێری کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان ئەمڕۆ (شەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهۆی پشووی عێراقەوە گەشتیارێکی زۆر هاتوونەتە پارێزگای هەولێر و 95% هۆتێلەکان پڕبوون لە گەشتیار."
بەگوێرەی ئاماری چێشتخانە و میوانخانەکان، لە سنووری پارێزگای هەولێر 445 هۆتێل و مۆتێل، 47 گوندی گەشتیاری و سەتان کەپری گەشتیاری هەن. شوکر عەزیز دەڵێت، ئەو شوێنانە ئێستا گیراون و گەشتیارەکانیش لە نێوەڕاست و خوارووی عێراقەوە هاتوون.
384 رێستۆرانتی گەشتیاری لە یەک بۆ پێنج ئەستێرە لە سنووری پارێزگای هەولێر هەن. شوکر عەزیز دەڵێت، هاتنی گەشتیاران سوودی بۆ ئەو کەرتەش هەیە کە سەتان هەلی کاریان رەخساندووە.
میوانخانەکانی سلێمانی: شوێنی مانەوەمان نەماوە
مەحموود تۆفیق، سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهۆی پشووەکەوە تەواوی هۆتێلەکانی سنوورەکەمان پڕبوون لە گەشتیار."
لە سلێمانی 380 هۆتێلی گەشتیاری، 50 هۆتێلی میلـلی، 8 هۆتێلی پێنج ئەستێرە و سەتان کابینە و کەپری گەشتیاری هەن. مەحموود تۆفیق گوتی، "تەواوی هۆتێلەکان گیراون و شوێنی گەشتیار نەماوە."
چوونی گەشتیار بۆ دهۆک
شێخ ئیحسان عیسا، سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە پێنجشەممەوە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار هاتوونەتە سنووری دهۆک و دەتوانم بڵێم شوێنی مانەوە نەماوە."
لە سنووری دهۆک 210 هۆتێل، مۆتێل و گوندی گەشتیاری هەن. ئیحسان عیسا دەڵێت، "تەواوی شوێنەکان پڕن لە گەشتیار."
تاوەکو ئەمڕۆ لقی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان لە پارێزگای هەڵەبجە نەکراوەتەوە.
لە عێراق (جگە لە هەرێمی کوردستان) رۆژی یەکشەممە (25-8-2024) بەهۆی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن پشووی فەرمییە، هەروەها لە پارێزگاکانی یادەکەیان تێدا دەکرێتەوە وەک نەجەف و کەربەلا، رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی هەفتەی رابردووش پشووی فەرمی بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ