دوو خوشک و برایەکی خەڵکی ورمێ لە سەردەشت خنکان

رووداو دیجیتاڵ 

دوو خوشک و برایەکی خەڵکی ناوچەی تڕگەوەری ورمێ، لە چەمی کەڵوێ (زێی بچووک) لە سەردەشت خنکان.
 
دوو خوشک و براکە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ (24ـی ئابی 2024) چووبوونە سەر چەمی کەڵوێ لە ناوچەی میراوەی سەردەشت و لەکاتی مەلەکردندا، خنکان.
 
خوشکەکان بە ناوی هاجەر تەمەن 22 ساڵ، مریەم تەمەن 18 ساڵ و براکەشیان بە ناوی دانیاڵ کازمی تەمەن 23 ساڵ بوون. ئەوان خەڵکی گوندی بالوولانی ناوچەی تڕگەوەری ورمێ بوون.
 
هاونیشتمانییەک لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا لە شوێنی رووداوەکە دەڵێ "ئەوان بۆ سەیران لە سەردەشت بوون، یەکێک لە خوشکەکان چووەتە نێو ئاو و خەریک بوو بخنکێت، خوشک و براکەی دیکە چوون فریای بکەون، بەڵام هەرسێکیان خنکان."
 
تەرمی هەرسێ خوشک و براکە لەلایەن خەڵکی ناوچەکە و تیمەکانی فریاکەوتنی سەردەشتەوە لە ئاو دەرهێناوە و بەرەو ورمێ بەڕێکران.
 
بەپێی ئاماری ناوەندی فریاکەوتنی خێرای ئێران، کە ئەمڕۆ (شەممە) بڵاوکراوەتەوە، لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا 480 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاودا خنکاون.