36 ساڵە بووکێک چاوەڕێی هاوژینە ئەنفالکراوەکەی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
کەتان لە کاتی پرۆسەی ئەنفال بووکی سێ مانگە بوو. هاوژینەکەی لەگەڵ 14 کەسی دیکە لە ماڵباتەکەی بەر لێشاوی ئەنفال کەوتن. ماوەی 36 ساڵە، چاوەڕێی گەڕانەوەی هاوژینەکەیەتی.
کەتان تاھیر، رزگاربووی ئەنفال و دەڵێت "من، بووکی سێ مانگە بووم. تائێستا بێهیوام دەکەن و دەڵێن، ئیدی بەسە بێهیوا بە. بەڵام من هەرگیز بێهیوا نابم. بەڵکو جارێک خوا بکات لە شوێنێک دەربکەون. خوا بێهیوام ناکات. 36 ساڵە لە چاوەڕوانیی ئەودام."
قەڵای نزارکێ وێستگەی جیابوونەوەی کەتان و ئەشق ـی هاوژینی بوو. بۆیە هەر دیوارێکی قەڵاکە، بیرەوەرییەکی پڕ ژانە بۆی.
لەو قەڵایەدا ئەو ئۆتۆمبێلانە نیشاندەدرێن کە پرۆسەی ئەنفالیان پێ ئەنجامدرا. هەمان ئەو شوێنەیە کە دەیان زاوایان لە بووکەکانیان سەندەوە. لەو هۆڵەی بۆ دوایین جار کەتان و ئەشقی یەکدییان بینی، ئەوکات لەنێو ئەشکەنجە و ئازار دا بوون. دوایین قسەی ئەشقیش هێشتا لە گوێی کەتاندا دەزرینگێتەوە.
کەتان دەڵێ هەموو شتێکی لەبەرچاو ماوە، "ئێمەیان هێنایە ئێرە، هەموو برا، ئامۆزا و خەڵکی گوندەکەمان، خەڵکی گوندەکانی دیکەش هەموویان وەک برای ئێمە بوون. دێتە پێش چاوم لێرە چۆن ئەشکەنجەی پیاوەکانی ئێمەیان داوە، شتیان پێماندا دەدا بۆ ئەوەی سەیری پیاوەکانمان نەکەین."
دوایین بینینی کەتان و ئەشقی بەگوتەی کەتان بەمشێوەیە بوو "بە دەست خواحافیزیی کرد و گوتی خوات لەگەڵ، ئیدی من نەمبینییەوە."
کەتان و ئەشقی لە گوندی زێوا شێخ پیرامویس لەژێر تۆپ و فڕۆکەدا، هاوسەرگیرییان کردبوو، رۆژی 25-8-1988 لە قۆناخی کۆتایی ئەنفالدا راگوێزران و برابوونە قەڵای نزارکێ، لەوێ لەیەکدیان جیاکردنەوە.