رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بکات. گوتەبێژی ئەو حیزبەش دەڵێت، "شاندێکی باڵای یەکگرتوو پێشوازی لێ دەکات."
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 24-08-2023 وەزیری دەرەوەی تورکیا گەیشتە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ کۆبوونەوەکەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. دوای ئەو کۆبوونەوانە، هاکان فیدان لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتیش کۆدەبێتەوە و بڕیارە لەگەڵ سەرۆک بارزانیش کۆببێتەوە.
خەلیل ئیبراهیم، گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش دەکات و شاندێکی باڵامان پێشوازی لێدەکات و کۆدەبنەوە."
هەر بەیانیی ئەمڕۆ، ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا گەیشتە هەولێر و بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بەشدار دەبێت لە گفتوگۆکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
بڕیارە کۆتایی مانگی داهاتوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی عێراق بکات، هاتنی هاکان فیدان وەک ئامادەکارییەکە بۆ ئەو سەردانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ