بوومەلەرزەیەک بە گوڕی پێنج پلەی رێختەر مەلەتیی هەژاند

رووداو دیجیتاڵ

بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5 پلەی رێختەر لە شارۆچکەی چرمیک-ی سەر بە پارێزگای مەلەتیی باکووری کوردستان تۆمار کرا.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی بەڕێوەبردنی کارەسات و باری لەناکاو لە تورکیا (ئافاد)، بوومەلەرزەکە کاژێر 08:35ـی ئەمڕۆ پێنجشەممە روویداوە. شارۆچکەی چرمیک چەقی بوومەلەرزەکەیە و قووڵاییەکەشی 7 کیلۆ مەترە.
 
ئەرسین یازیجی، پارێزگاری مەلەتی لە هەژماری فەرمیی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، تیمەکان دەستیان بە گەڕان و پشکنینی ناوچەکە کردووە و لە ئەگەری هەبوونی هەر مەترسییەکی رووخانی باڵەخانەکان، هەنگاوی پێویست دەنێن.
 
ئەمە سێیەمین بوومەلەرزەی بەهێزە لەم مانگەدا لە هەمان شارۆچکەدا رووبدات. رۆژی 12-8-2023 بە هەمانشێوە بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.8 پلەی روویدا، بەگوێرەی داتای دەزگای ئافادی تورکیا، قووڵایی بوومەلەرزەکە 6.3 کیلۆمەتر بوو. هەروەها کاژێر 20:48ـی ئێوارەی رۆژی 10-8-2023 بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.3 پلە لە هەمان شارۆچکەی دا. ئەوکات 23 کەس بریندار بوون.
 
رۆژی 6ی شوباتی 2023، دوو بوومەلەرزە بەگوڕی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر کە چەقەکەیان مەرەشی باکووری کوردستان بوو، 10 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانیان هەژاند. بەگوێرەی ئاماری فەرمیی دەوڵەتی تورکیا، ژمارەی گیانلەدەستدان لە بوومەلەرزەکانی مەرەش و دەوروبەری، 50 هەزاری تێپەڕاندووە.