وردەکاریی سەردانی وەزیری دەرەوەی تورکیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
دوای سەردانە یەک رۆژییەکەی بۆ بەغدا، وەزیری دەرەوەی تورکیا کاژێر 1:30ـی دوای نیوەشەو، گەیشتە فڕۆکەخانەی هەولێر و لەلایەن رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و فەلاح مستەفا، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا.
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، هاکان فیدان دەستی بە کۆبوونەوەکان کرد و سەرەتا لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. ئەمە یەکەم سەردانی فیدان بوو وەکو وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ بەغدا و هەرێمی کوردستان.
لە کۆبوونەوەکەی نێچیرڤان بارزانی و هاکان فیدان دا، جێگرانی سهرۆکی ههرێمی کوردستان ئاماده بوون و "پهيوهندييهكانى توركيا لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستان و بوارهكانى هاريكاريى هاوبهشى نێوانيان، پهيوهندى و كێشهكانى ههولێر ـ بهغدا و گفتوگۆى چارهسهركردنيان، دۆخى عێراق و ههرێمى كوردستان بهگشتى تاوتوێ كران".
نێچیرڤان بارزانی: ههرێمی كوردستان ههرگيز پشتگيرى و هاوكارييهكانى توركيا لهبير ناكات
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نێچيرڤان بارزانى وێڕاى دهربڕينى خۆشحاڵى به سهردانهكه، دووپاتیكردهوه ههرێمى كوردستان به گرنگى و بايهخهوه له پهيوهندييهكانى لهگهڵ توركيا دهڕوانێت كه بهرژهوهنديى هاوبهشى ئابوورى، بازرگانى و ئهمنى پێكهوه دهيانبهستێتهوه و، ئامادهيه له ههموو بوارهكاندا برهو به پهيوهندييهكانى ههولێر ـ ئهنقهره بدات، ههروهها سوپاسى توركياى كرد بۆ پشتگيرى له ههرێمى كوردستان له ههموو بوارهكان و بهتايبهتى له كاته سهختهكاندا و ئاماژهى بهوه كرد، ههرێمی كوردستان ههرگيز پشتگيرى و هاوكارييهكانى توركيا لهبير ناكات.
هاکان فیدان: سوپاس بۆ رۆڵى نێچيرڤان بارزانى له برهودان به پهيوهندييهكانى عێراق و ههرێمى كوردستان لهگهڵ توركيا
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، وهزيرى دهرهوهى توركيا لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جهختى لهوه كردهوه؛ توركيا گرنگييهكى تايبهت به پهيوهندييهكانى لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستان دهدات و بهغدا و ههولێر گرنگييهكى تايبهتيان بۆ توركيا ههيه. هەروەها ستايشى ئارامى و سهقامگيريى ههولێر و ههرێمى كوردستانى كرد و ئامادهيی وڵاتهكهى بۆ فراوانكردنى پهيوهندييهكان و هاريكاريى هاوبهشى نێوان ههردوولا له ههموو بوارهكاندا دهربڕى و سوپاسى رۆڵى نێچيرڤان بارزانى كرد له برهودان به پهيوهندييهكانى عێراق و ههرێمى كوردستان لهگهڵ توركيا.
له تهوهرێكى ديكهى كۆبوونهوهكهدا به "بايهخهوه" باس له پرسى ههناردهكردنهوهى نهوتى ههرێمى كوردستان له رێگهى بهندهرى جهيهانى توركييهوه كرا و لەوبارهيهوه بيروڕايان گۆڕييهوه، ههروهها دۆخى ناوچهكه بهگشتى و چهند پرسێكى جێى بايهخى ههردوولا، خرانه بهر باس. ئەمە بەگوێرەی راگەیێندراوەکە.
هەر بەیانیی ئەمڕۆ، ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا لە ئەنقەرەوە راستەخۆ گەیشتە هەولێر.
حکومەت: مەسرور بارزانی و هاکان فیدان باسیان لە پێویستیی هەناردەکردنەوەی نەوت کردووە
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە و ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە. بە گوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان "باسیان لە هەناردەکردنەوەی نەوت، پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان، ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتیاری کردووە".
لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت، وەکو لە راگەیێندراوەکەیشدا هاتووە، باس لە "پێویستی و گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا و نەهێشتنی هەموو ئاستەنگ و کێشەیەکی تایبەت بەم بابەتە [کراوە]، چونکە وەستانی هەناردەکردنی نەوت، زیانی بە هەموو لایەک گەیاندووە."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئاسانکاریکردن بۆ هاتووچۆ و گەشتیارانی هەردوولا کردەوە.
لەبارەی پڕۆژەی "رێگەی پەرەپێدان" و بەستنەوەی عێراق و وڵاتانی کەنداو بە تورکیا و جیهان لە رێگەی هێڵی ئاسنینەوە، مەسرور بارزانی جەختی لە ئەنجامدانی پڕۆژەکە بە هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە بەشێوەیەک کە لە "بەرژەوەندیی گشت هاووڵاتی و پێکهاتە جیاوازەکانی عێراقدا بێت."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی حکومەت، "وەزیری دەرەوەی تورکیا خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانکردنی هەرێمی کوردستان نیشاندا و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دەربڕی."
دوای کۆبوونەوەکە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ رۆژنامەڤانان قسەیان کرد.
وەزیری وزەی تورکیا: لە هەولێرین بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی وزە
وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، گوتی، "ئەمڕۆ لە هەولێرین بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی وزە".
لە دوای کۆبوونەوەی هاوبەشی فیدان و بایراکتار لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاڵپئەرسڵان بایراکتار لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، وێنەی خۆی و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئەمڕۆ لە هەولێرین بۆ گفتوگۆکردنی هاوئاهەنگییەکانمان، پرسە هەنووکەییەکان و دوایین پێشهاتەکان لە بواری وزە".
هاوکات مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس گوتی، "باسمان له پێویستیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا و نەهێشتنی هەموو ئاستەنگێكی تایبەت بەم بابەتە كرد." دەشڵێت، "جهختمان له برهودان به پهیوهندیی بازرگانی، بەتایبەتی هەماهەنگی لە بواری وزەدا كرد."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا نووسیویەتی، "ئامانجمانە لەگەڵ بەرپرسانی دەسەڵاتی هەرێمی کوردی عێراق لە نەوتەوە تا گازی سرووشتی و هەموو بوارەکانی دیکەی وزە ئەو پڕۆژانە جێبەجێ بکەین کە دەبنە هۆی دابینکردنی پێداویستییەکانمان لە ئاسایشی وزە و هەموو بوارەکانی دیکە وزەدا".
مەسرور بارزانی: باسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانمان کرد
لەبارەی تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەسرور بارزانی لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی "گفتوگۆمان لەبارەی کۆمەڵێک بابەتی گرنگی ناوچە کرد، لەوانە پەیوەندیی دوو قۆڵیی نێوان تورکیا و عێراق بەتایبەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان. هەروەها چۆنیێتی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە بەگوێرەی ئەو مافە دەستوورییانەی هەرێمی کوردستان هەیەتی، بتوانین لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیش بەجۆرێک چارەسەری بکەین، کە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدا بێت."
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی بابەتی ئەمنی و ئاسایشی ناوچەکە گفتوگۆیان کردووە، مەسرور بارزانی دەڵێت، "دڵنیاتان دەکەینەوە هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور مافی خۆی جێبەجێ دەکات، کە نابێت ببێتە شوێنێک بۆ ناسەقامگیریی وڵاتانی دراوسێ و هیوادارین پەیوەندی نێوانمان بەردەوام بن، بۆ ئەوەی بتوانین رووبەرووی هەموو جۆرە تیرۆرێک و ناخۆشییەک بین کە لە ناوچەکەدا هەیە."
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "لەڕووی ئابووریشەوە قسەمان لەسەر پەرەپێدانی ئابووریی نێوان هەردوولا کردووە کە لە بەرژەوەندیماندا بێت و بتوانین ئەو کێشە و گرفتانەی هەن چارەسەری بکرێن."
هاکان فیدان: هەولێر بەردەوام شارێک بووە کە سەقامگیری و ئاسایشی تێدا بووە
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە سەرەتای قسەکانیدا سوپاسی بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پێشوازییەکە و گوتی "سوپاسی خۆم ئاراستەی برای ئازیزیم مەسرور بارزانی و پێگەکانی حکومەتی هەرێم دەکەم بۆ ئەو پێشوازی و میواندۆستییە بەرامبەر خۆم و شاندەکەم. هەروەک دەزانن تورکیا بەشێوەیەکی زۆر داینەمیکی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق پێشدەخات. تورکیا، پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ بەغدا و هەولێر هەمیشە و لە هەموو ئاستێکدا بە گرنگی دەبینێت."
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی کۆبوونەوەکانی لە بەغدا کرد و گوتی "لە سەردانەکەم بۆ بەغدا، بابەتی زۆر لە رۆژەڤدا هەبوون. بابەتەکانی ئابووری، رێگەی گەشەپێدان، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بابەتی ئاو، هەروەها بابەتی وەکو دووبارە نۆژەنکردنەوەی عێراق لەڕووی ژێرخان و سەرخانمان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار؛ وەزیری دەرەوە، سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار گەنگەشە کرد. دەرفەتی دیدارمان لەگەڵ زۆر لایەن بۆ رەخسا. هەروەها لەگەڵ سەرۆکی ئەو پارتە سیاسییانەی لە حکومەتدا بەشدارن، کۆبووینەوە. دەرفەتی ئەوەمان هەبوو لەگەڵ ئەوانیشدا بابەتەکانی عێراق، ناوچەکە و جیهان تاوتوێ بکەین."
سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ هەولێر، وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی "ئەمڕۆ بەیانی لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی کۆبووینەوە. هەروەها لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیران هەم دوو بە دوو و هەمیش وەک شاند کۆبووینەوە. هەروەک بەڕێزیان ئاماژەیان پێکرد، لە سەرووی هەموویانەوە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، وزە، ئابووری، بازرگانی و زۆر بابەتی دیکەمان خستە بەر باس و چاوپێداخشاندنەوە."
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی گرنگیی سەقامگیریی شاری هەولێری کرد و گوتی "هەروەک دەزانن، لەو ساڵانەی عێراق بە کێشەدا تێدەپەڕی، هەولێر بەردەوام شارێک بووە کە سەقامگیری و ئاسایشی تێدا بووە. ئێمە لەو باوەڕەداین بەردەوامبوونی ئەو سەقامگیری، ئاسایش و گەشەپێدانی ئابوورییە، زۆر گرنگە. بۆ بەردەوامبوونی ئەمە، ئامادەی هەموو جۆرە هاوکاری و پشتیوانییەکین. بەتایبەتیش بەهۆی ئەو هاوئاهەنگیی لە بابەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا نیشانیان داوە."
گوتەبێژی حکومەت: هاتنی وەزیری وزە روونە کە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانە
لەبارەی کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دوو وەزیرەکەی تورکیا، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەت بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند"ئەمرۆ دوو کۆبوونەوەی گرنگ لە هەرێمی کوردستان هەبوون، ئەوەی پێویستە من قسەی لەسەر بکەم، کۆبوونەوەی جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو لەگەڵ وەزیری وزە و وەزیری دەرەوەی تورکیا، خاڵی هاوبەشمان زۆرە کە پێکەوە بتوانین کۆبوونەوە و دانیشتنی لەسەر بکەین، ئەوەی وەزیری وزەی تورکیا هاتووە، لای ئێوە و خەڵکیش روونە بۆ مەبەستی گفتوگۆکردنە لەسەر ناردنەدەرەوەی نەوتی کوردستان بۆ جارێکی دیکە و کەوتنەوەکاری سیستەمی نەوتی هەرێمی کوردستان، لەسەر ئەو بابەتە کۆبوونەوە هەبووە و جەنابی سەرۆکوەزیران کۆبوونەوەیەکی کردووە، جگە لەو کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا کراوە."
سەبارەت بە هەناردەی نەوتی کوردستان و گازی سرووشتی و ئەنجامی کۆبوونەوەکان لەگەڵ وەزیری وزەی تورکیا، گوتی، "کاتێک کە وەزیری وزەی تورکیا لێرەیە واتە نیازێک و ئامانجێکی جیدی هەیە بۆ ئەوەی پرسی بابەتی سەرەکی ئێمە مەسەلەی نەوت بێت، جگە لە گاز، چونکە بابەتی سەرەکی پرسی نەوت بووە، هاتنی ئەوان مانای ئەوەیە نیازێکی جیدی هەیە بۆ ئەوەی ئەو پڕۆسەیە دەستپێبکاتەوە و چیدیکە زیان بەر کەوتی وزە و بەتایبەت کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان نەکەوێت، چونکە بێگومان دواکەوتنی ئەو پرۆسەیە لەوە زیاتر زیان بە کۆمپانیا نەوتییەکان و کێڵگە نەوتییەکان و شێوازی کارکردنی کێڵگە نەوتییەکان دەدات، لە کۆتاییدا زیانیشی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق دەبێت."
هاکان فیدان لە بارەگای بارزانی
سەرۆک مەسعود بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندی یاوەری کرد. سەبارەت بە گفتوگۆی نێو کۆبوونەوەکە، بارەگای بارزانی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەردوولا ئاڵوگۆڕ کرا."
کۆبوونەوەی هاکان فیدان لەگەڵ بەرەی تورکمانی
لە سەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان، هاکان فیدان سەردانی بارەگای مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی کرد و لەلایەن حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەکە و ئایدن مەعرووف، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبەوە پێشوازیی لێکرا.
ئایدن مەعرووف: سەردانی هاکان فیدان بۆ هەولێر لە سەردانەکەی بەغدا دۆستانەتر بوو
ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات گوتی، "ئەم سەردانەی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان بایەخێکی زۆری هەیە، چونکە یەکەم سەردانیەتی وەکو وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئەگەر سەردانەکەشی بۆ هەولێر بەراورد بکرێت بە سەردانەکەی بۆ بەغدا، ئەوا بە روونی دەبینرێت کە سەردانەکەی هەولێر دۆستانەتر بوو".
بە گوتەی ئایدن مەعرووف "تورکیا دۆستی هەرێمی کوردستانە و هەرێمی کوردستانیش لای تورکیا بایەخێکی تایبەتی هەیە، بۆیە تورکیا دەیەوێت لە چارەسەری کێشەکان هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکات، بەتایبەت پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت. گەشبینین بەم نزیکانە پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە هەمان رێگەی پێشوودا بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەستپێبکاتەوە".
قوباد تاڵەبانی: لەگەڵ هاکان فیدان باسی پرسی فڕۆکەخانەی سلێمانیمان کرد
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد. لە کۆبوونەوەکەدا دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزیری سامانە سروشتییەکانیش ئامادە بوون.
نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "گفتوگۆ کرا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا و چارەسەرکردنی گرفتەکان لەنێویشیاندا پرسی فڕۆکەخانەی سلێمانی، هەردوولاش هاوڕابوون لەسەر گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاوازەکان و بە تایبەتیش لە بواری بازرگانیدا."
لەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کە لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا باسی کراوە، بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەڕێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە."
هەر لەوبارەوە، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە سەرباری پەسندکردنی یاسای بودجە، کێشەی ناردنی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان هێشتا بە تەواوی چارەسەر نەکراوە. گوتیشی، "پەرتەوازەیی و نەبوونی یەکڕیزی لەنێوان لایەنە کوردستانییەکان، کاریگەری هەبووە لەسەر چارەسەرنەکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و بەتایبەتیش لە پرسی بودجەدا."
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، "باسی چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر کرا. هەردوولا بە پێویستیان زانی هەماهەنگی و هاوکاری زیاتر هەبێت لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەردوولا بۆ بنەبڕکردنی ئەو دیاردەیە."
هاکان فیدان لەگەڵ ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو کۆبووەوە
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، هاکان فیدان سەردانی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانی کرد و لەلایەن سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتی و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی ئەو حیزبەوە پێشوازیی لێکرا.
خەلیل ئیبراهیم، گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "بە سوپاسەوە لە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیامان روانی و یەکگرتوو پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ حیزبی داد و گەشەپێدان هەیە کە پاشخانێکی ئیسلامی هەیە".
خەلیل ئیبراهیم گوتی، "ئێمە زۆر پەرۆشین بۆ نەتەوە و میلـلەتی خۆمان، باس و خواسی دانیشتنەکە، کێشەکانی عێراق و تورکیا بوون، مەسەلەی ئابووری، وزە، ئاو، بارزگانی و مرۆیی. تورکیا دەوڵەتێکی گەورەیە و دراوسێمانە و پەیوەندییەکی مێژووییمان هەیە، جەنابی ئەمیندار جەختی لە چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەی سیاسی کردەوە و گوتی 'زمانی بارووت و هەڕەشە هیچ شتێک چارەسەر ناکات'."
کۆبوونەوەی هاکان فیدان لەگەڵ رابەر و ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوە
دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ یەکگرتوو، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەی لە هەولێر پێشوازی لە رابەر و ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان کرد.
عیرفان عەبدولعەزیز، رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی بە رووداوی راگەیاند، "هەندێک كێشەی سیاسی و داراییمان هەیە، هاتنی ئەو بەرپرسە باڵایانە بۆ هەرێم زۆر بەبایەخ و گرنگە، ئێمە باسی ئەم رەوشەی هەرێمی کوردستانمان کرد، هەروەها باسی ئەوەشمانکرد کە لەم ماوەی دواییدا هەندێک هەڵە تێگەیشتن بەهۆی ریفراندۆمەوە دروستبووە، ئێمە دەمانەوێت دۆخەکە بگەڕێتەوە بۆ پێش ریفراندۆم و پەیوەندییەکانمان باش ببنەوە".
عیرفان عەبدولعەزیز گوتیشی، "پرسی نەوتی و چالاکییە بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا دەستپێبکەنەوە".
دووبارە کۆبوونەوە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی بەر لە ماڵئاوایی
وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ جاری دووەم، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، دوای کۆبوونەوەکەش لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە بەرەو تورکیا گەڕایەوە.
هاکان فیدان و شاندەکەی یاوەری، کاژێر 8:50ـی ئێوارەی ئەمڕۆ، لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە بەرەو ئەنقەرە گەڕانەوە.